ئەنقەرە داوا لە تاران دەکات هێرشەکان بۆ سەر پارتە کوردییەکان لە عێراق ڕابگرێت
ماڵپەڕی "میدل ئیست ئای" بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئێران کە بنکەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، ڕابگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی بەردەوامی ئەو هێرشانە هەندێک گروپی کوردی لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە، ئەمەش پرسێک کە بەرپرسانی تورکیا پێیانوایە ڕەنگە کاریگەری لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و ئاشتی ناوخۆیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەبێت و تەحەدای سەقامگیریی سنوورەکانی باشووری وڵات بکات.
بەگوێرەی میدڵ ئیست ئای، تورکیا ترسی ئەوەشی هەیە کە زیادبوونی گرژییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لێکەوتەی ئەمنی فراوانتری بۆ ناوچەکە هەبێت و کاریگەری لەسەر هاوسەنگی ئەمنی لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق و سوریادا هەبێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
