سەركەفت ڕەشید لە دهۆك: تەكنەلۆژیا دەتوانێت هەم ئامرازێك بێت بۆ گەشەپێدان و هەم هۆكارێك بێت بۆ دابڕانی مرۆڤەكان لە ڕەسەنایەتیی خۆیان
یەكێك لە كێشە هەرە بەرچاوەكانی ئەمڕۆ كە ڕووبەڕووی خێزانەكان دەبێتەوە، كاڵبوونەوەی چێژی كۆبوونەوە ڕاستەقینەكانە. زۆر جار دەبینین لەو كاتانەی كە خێزانەكان، یان تەنانەت میوانەكان لە دیوەخان و ناوماڵدا كۆبوونەتەوە، ئامادەبووان لە جیاتی ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و گەرموگوڕی، سەریان لەناو مۆبایلەكانیاندایە. ئەم جۆرە ڕەفتارە تەنیا كاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەندامانی ناو خێزان نییە، بەڵكو كاریگەرییەكی نەرێنی گەورەی هەیە لەسەر ئەو كەسانەش كە وەك میوان سەردانی خێزانەكە دەكەن. ئەم واقیعە نوێیە وای كردووە، ئەو كولتوورە كۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەی كە پێشتر لە ناو كۆمەڵگەی ئێمەدا هەبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو كەمبوونەوە و نەمان بچێت.
لە لایەكی دیكەوە، پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە كە ئایا سۆشیال میدیا دەبێتە هۆی لاوازكردنی دابونەریتەكانمان، یان دەرفەتێكە بۆ ناساندنی جیهان بە ئێمە و ناساندنی خۆمان بە جیهان؟ لێرەدا دیسانەوە دەگەینەوە سەر ئەو ڕاستییەی كە هەموو شتێك بەندە بە جۆری بەكارهێنانەوە. لەناو كۆمەڵگەدا تاقمێك هەن، كە ئەم ئامرازانە بە شێوەیەكی ئەرێنی بەكاردەهێنن، ئەوان سوود لە پلاتفۆرمەكان وەردەگرن بۆ ناساندنی كۆمەڵگەكەیان بە جیهانی دەرەوە و بڵاوكردنەوەی زانیاری و بابەتی سوودبەخش، لە جیاتی ئەوەی پۆستی وا بڵاو بكەنەوە كە كاریگەریی خراپ، یان نەرێنی لەسەر بینەران و كۆمەڵگە هەبێت.
بەداخەوە، لە بەرانبەر ئەم تاقمە سوودبەخشەدا، تاقمێكی دیكە هەن كە تەواوی چالاكییەكانیان لە سۆشیال میدیادا لە چوارچێوەی پۆستی نەرێنی و بێمانادایە. ئەم جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ تەكنەلۆژیا، نەك هەر زیانی كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵكو لە ڕووی دەروونییشەوە كاریگەرییەكی نەرێنیی قووڵ لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە دروست دەكات. لە كۆتاییدا دەكرێت بڵێین تەكنەلۆژیا دەتوانێت هەم ئامرازێك بێت بۆ گەشەپێدان و هەم هۆكارێك بێت بۆ دابڕانی مرۆڤەكان لە ڕەسەنایەتیی خۆیان، ئەوەی بڕیاردەرە هۆشیاریی تاكە لەوەی چۆن هاوسەنگی لەنێوان جیهانی دیجیتاڵی و ژیانی ڕاستەقینەی خێزانیدا ڕابگرێت، بۆ ئەوەی كولتوور و دابونەریتەكانمان پارێزراو بن.
