ڕێوان جەمیل ڕاوێژكاری دەروونی لە زاخۆ: ژینگەی تەكنەلۆژیا كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر مێشكی منداڵان داناوە

ڕێوان جەمیل  ڕاوێژكاری دەروونی لە زاخۆ:  ژینگەی تەكنەلۆژیا  كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر مێشكی منداڵان داناوە

 

 

  ئینتەرتێت و سۆشیال میدیا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر مێشكی خەڵك داناوە، بەتایبەت لەسەر مێشكی منداڵان. گۆڕانكارییەكی زۆر لە مێشكدا دروست دەكات و زۆر كێشەی دەروونییش بۆ مرۆڤ دروست دەكات، بەتایبەتی لەم كات و سەردەمەی ئێستادا كە شەڕ و توندوتیژی و هەموو ئەم شتانە لەناو سۆشیال میدیادا بڵاودەكرێنەوە، بۆ نموونە: تیكتۆك، یوتیوب، فەیسبووك و ئینستاگرام كە بەردەوام لە دەستی منداڵدایە، ئەمەش كاریگەری لەسەر مێشك دروست دەكات و دەبێتە هۆی فشار و دڵەڕاوكێ لای منداڵ و لای هەر كەسێك.

بەكارهێنانی زۆری ئینتەرنێت كێشەیەكی زۆر گەورەیە و كۆمەڵێك كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ نموونە: كێشەی مێشك دروست دەكات، تێكچوونی چاو، تێكچوونی بیركردنەوەی مرۆڤ، پشتگوێخستن، هەروەها گۆڕینی سرووشت و ژینگەی مرۆڤ، چونكە مرۆڤ دەچێتە ناو ژینگەیەكی تەكنەلۆژییەوە. ئێمە وەك دەروونناسان دەڵێین: سێ ژینگە هەن

(ژینگەی ماڵەوە، ژینگەی دەرەوە و ژینگەی تەكنەلۆژیا). ئەم ژینگەی تەكنەلۆژیایە لەم كاتەدا هەموومان تێیدا دەژین، چونكە زۆربەی كاتمان لەگەڵ تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت و ئەو ئەپڵیكەیشنانەی بەكاریان دەهێنین بەسەر دەبەین. لەبەر ئەمەیە كە كاریگەریی زۆرە و كێشەی دەروونی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەك گوتم فشار (ستریس) دروست دەكات و بۆ منداڵانیش ئەو نەخۆشییانەی بۆ نموونە وشەیەكی لەبیر دەچێتەوە. زۆر نەخۆشی دیكەش كە تایبەتن بە منداڵان، كە منداڵ بەم هۆیەوە پشتگوێ دەخرێت لەناو ژینگەی ماڵ و خێزاندا و منداڵەكە سرووشتێكی دی وەردەگرێت لە سۆشیال میدیاوە، وەك وشەی زیادە و قسەی زیادە كە فێری دەبێت.

بۆ چارەسەركردنی ئەم مەترسییە و ئەگەر بمانەوێت زاڵ بین بەسەر ئەم دۆخەدا، پێویستە سیستمێك بۆ ژیانمان دابنێین. سیستم بۆ ئێمە زۆر گرنگە كە ژیانمانی پێ ڕێك بخەین. لە زۆر وڵاتی دەرەوە كاتی دیاریكراو هەیە كە تێیدا ئینتەرنێت نامێنێت، بۆ نموونە ئێستا دەتوانم بڵێم ٧٥% بۆ ٨٠%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان تا سەعات سێ و چواری بەیانی بەئاگان و لەسەر سۆشیال میدیان. ئەمە یەكێكە لەو كاریگەرییانەی كە ئێستا لەسەر هەموومان هەیە. پێویستە لێرەدا سیستمێك دابنێین، هەم بۆ منداڵەكانمان، هەم بۆ خۆمان. ئێمەی گەورە ڕەنگە نەتوانین خۆمان بگۆڕین، یان خۆمان لەگەڵ ئەم سیستمە بگونجێنین، بەڵام ئەگەر بمانەوێت نەوەیەك بگۆڕین، دەبێت سیستم بۆ منداڵان دابنێین بۆ ئەوەی ئەم كێشانەی ئێستا تێیداین نەمێنن.

حكومەت دەتوانێت لە بابەتی ئینتەرنێتدا كاتێكی دیاریكراو دابنێت، بۆ نموونە لە سەعات ١٢ی شەو تا ٦ی بەیانی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ئینتەرنێت دابخرێت، یان هێزەكەی زۆر كەم بكرێتەوە كە تەنیا كارە سەرەكییەكانی پێ بكرێت، وەك واتسئەپ و ناردنی نامە و ئەو شتانە، بەڵام ئەپەكانی دیكە دابخرێن. ئەمە دەبێتە پاراستنێك بۆ كۆمەڵگەكەمان و خەڵكەكەمان و سەركەوتنێكی باش دەبێت.

 

Top