د.گۆڤەند ساڵح مامۆستا لە بەشی زانستەكانی كۆمپیوتەر لە زانكۆی كوردستان: ئەگەر ئینتەرنێت و مۆبایل مەترسیدار بن، ئەوا ئەی ئای (AI) هەزاران جار مەترسیدارترە، ئەگەر نەزانین چۆن بەكاری بهێنین

د.گۆڤەند ساڵح   مامۆستا لە بەشی زانستەكانی كۆمپیوتەر لە زانكۆی كوردستان:  ئەگەر ئینتەرنێت و مۆبایل مەترسیدار بن، ئەوا ئەی ئای (AI) هەزاران جار مەترسیدارترە، ئەگەر نەزانین چۆن بەكاری بهێنین

 

 

د.گۆڤەند ساڵح، مامۆستایە لە بەشی زانستەكانی كۆمپیوتەرە لە زانكۆی كوردستان- هەولێر. خاوەنی ئەزموونێكی زانستیی گەورەیە لە بواری زانستەكانی كۆمپیوتەر و زیرەكیی دەستكرد. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا، (دەرهاویشتەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری لەسەر كۆمەڵگە)، بە شێوەیەكی زانستی جەختی لەسەر ڕەهەندە ئەرێنی و نەرێنییەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری و زیرەكیی دەستكرد كردەوە و بەم جۆرە بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە ئەم گفتوگۆ ئاست بەرزەی لەسەر پرسی «دەرهاویشتەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری لەسەر كۆمەڵگە» ڕێك خستووە و، ئەم پۆلە ئەكادیمیستە پێكەوە قسەی لەسەر دەكەین. بۆیە هیوادارم لەو كاتەی بۆم دیاری كراوە، هەڵوەستە لەسەر چەند لایەنێك بكەین كە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگەكەمانەوە.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەكنەلۆژیا تەنیا ئامرازێك نییە بۆ ئاسانكاری، بەڵكو بووەتە واقیعێكی سەپێندراو كە هەموو كایەكانی ژیانی گرتووەتەوە. باسەكە تەنیا لەسەر بوونی ئامێرەكان نییە، بەڵكو لەسەر ئەو گۆڕانكارییە قووڵانەیە كە لە دەروون و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمەدا دروستی كردووە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە گەورەیە، پێویستە لە سێ نموونەی سادەی ڕۆژانەوە دەست پێبكەین كە هەموومان لە ژیانی ئاساییدا دەیانبینین و ڕەنگە زۆر جار بە بێدەنگی لێیان تێپەڕیبین، بەڵام لە ڕاستیدا ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتوویەكی نادیار.

یەكەم: وێنەی جێی سەرنج، كاتێكە كە منداڵێك لە باوەشی دایكیدا بێزار دەبێت، یان دەست دەكات بە گریانی ئاسایی، یەكسەر مۆبایلێكی دەدرێتە دەست. ئەمە تەنیا بۆ مەشغووڵكردنی منداڵەكە نییە، بەڵكو گۆڕینی یەكەمین پەیوەندیی هەستیی منداڵە بە دەوروبەرەكەی، منداڵەكە لە بری ئەوەی لەگەڵ دایك و باوكی، یان ژینگەكەی كارلێك بكات، دەخرێتە ناو جیهانێكی دیجیتاڵییەوە كە هیچ سۆز و بەهایەكی مرۆیی تێدا نییە.

دووەم: دیمەن، ئەوە كە لە ناوەندی شار و كۆفی شۆپەكاندا دەبینرێت، دانیشتنی خێزانەكان، یان هاوڕێكانە. ژن و مێردێك، یان دوو گەنج پێكەوە دانیشتوون، بەڵام جەستەیان لای یەكە و مێشكیان لەناو مۆبایلەكاندایە، هیچ دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی قسەیەك لە نێوانیاندا نییە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە تەكنەلۆژیا نەك هەر دوورەكانمان لێ نزیك ناكاتەوە، بەڵكو نزیكەكانیشمان لێ دوور دەخاتەوە.

سێیەم: نموونە، مامەڵەی خەڵكە لەگەڵ سۆشیال میدیا. زۆر جار هەواڵێكی پڕوپووچ و بێ بنەما بڵاو دەبێتەوە، كەچی دەبینین بە هەزاران كۆمێنتی بۆ چووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە كۆمەڵگەی ئێمە بەبێ وردبوونەوە و بەبێ زانینی ڕاستییەكان، بە سۆز و بەبێ بنەما كاردانەوە پێشان دەدات، كە ئەمەش كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ئاستی ڕۆشنبیریی گشتی جێ دەهێڵێت.

كۆمەڵگەی ئێمە وەك كۆمەڵگەیەكی «چاولێكەر» دەناسرێت، واتە تاك زۆر جار شتەكان وەك خۆی و بێ فلتەر وەردەگرێت، كێشەكە لێرەدا ئەوە بوو كە تەكنەلۆژیا زۆر لەناكاو و بە بێ پێشەكی هاتە ناو ژیانی ئێمەوە. ئێمە بە قۆناغە ئاسایی و تەندروستەكانی گەشەی ئینتەرنێتدا تێنەپەڕین، كاتێك ئینتەرنێت زۆر لاواز بوو و داونلۆدكردنی فایلێك كاتی زۆری دەویست، ئێمە هێشتا لەسەرەتادا بووین، بەڵام كتوپڕ چاومان كردەوە و بینیمان ئینتەرنێتی خێرا و هەزاران مێگابایت داتاكانمان بۆ دەگوازێتەوە، ئەم بازدانە خێرایە وایكرد كە ئێمە لە ڕووی كولتووری و دەروونییەوە ئامادە نەبین بۆ ئەو هەموو كراوەییە.

ئەمە واقیعێكە كە دەبێت قبووڵی بكەین. تەكنەلۆژیا وەك شەپۆلێكە، ئەگەر نەچینە ناوی و لێی تێنەگەین، كۆمەڵگەكەمان بەرەو داڕزان دەچێت. ناتوانین بە توندوتیژی و قەدەغەكردن ڕووبەڕووی ببینەوە، چونكە ئێستا منداڵ و گەنج متمانەیەكی ئەوەندە گەورەیان بە ئینتەرنێت و مۆبایلەكانیان هەیە، كە ڕەنگە بە دایك و باوكیان نەبێت. بۆیە چارەسەر تەنیا ئەوەیە كە ئێمەش بچینە ناو جیهانەكەی ئەوان و لە ڕێگەی هەمان تەكنەلۆژیاوە پەیامەكانمان بگەیەنین، نەك بە ئامۆژگاریی كلاسیكی و تووڕەبوون لە ماڵەوە.

تەكنەلۆژیای ئەمڕۆ زۆر زیرەك بووە، پلاتفۆرمەكان شتێكت نیشان دەدەن كە خۆت حەزت لێیەتی، ئەگەر تەنیا یەك كلیپ لە یوتیوب، یان سۆشیال میدیا ببینیت، سیستمەكە دەیان كلیپی هاوشێوەت بۆ دێنێت كە وات لێدەكات بێ ویستی خۆت ئالوودە ببیت، ئەمە لە ناوەندەكانی خوێندنیشدا ڕەنگی داوەتەوە. خوێندكارێك كە لە تەمەنی منداڵییەوە مۆبایلی بەكارهێناوە، كاتێك دەگاتە زانكۆ ناتوانێت بۆ ماوەی كاتژمێر و نیوێك لە كاتی وانەیەكدا مۆبایلەكەی بەجێ بهێڵێت، بەڵام من كە چوومە پۆل بە قوتابینەكان دەڵێم: «ماوەی ئەم كاتژمێر و نیوە تۆ هی منیت، نامەوێت مۆبایلت بەدەستەوە ببینم» ئەمەش وەك ئەوەیە هەراسانت كردبێت، بۆیە پەنا بۆ بیانووی جۆراوجۆر دەبەن وەك بەكارهێنانی ژمێرەر (Calculator) یان هەر شتێكی دیكە، چونكە ناتوانن بەبێ ئەو ئامێرە بژین.

لێرەدا دەگەینە بابەتێكی زۆر گرنگتر كە ئەویش زیرەكیی دەستكردە (AI). ئەگەر ئینتەرنێت و مۆبایل مەترسیدار بن، ئەوا AI هەزاران جار مەترسیدارترە، ئەگەر نەزانین چۆن بەكاری بهێنین. كاتێك كێشەیەك لە كۆمەڵگەدا دەبینین، یەكسەر دەیهێنینە سەر ئەوەی كە دەبێت حكومەت و دەسەڵات چارەسەری بكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە تاكەوە هەیە. چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەم تەكنەلۆژیایە و پاراستنی تایبەتمەندی (Privacy) ئەركێكی تاكەكەسییە. ئەگەر ژن و مێرد، یان دایك و باوك بتوانن ژینگەیەك دروست بكەن كە تێیدا مۆبایل وەك تایبەتمەندییەكی كەسی بمێنێتەوە و كاتەكانی بەكارهێنانی ڕێك بخرێت، زۆرێك لە كێشەكان چارەسەر دەبن.

وەك دەگوترێت چەپڵە بە دەستێك لێ نادرێت، بۆیە پێویستە میدیا، حكومەت و تاك پێكەوە كار بكەن. كێشەی گەورە ئەوەیە كە گەنجی ئێستا بڕوای بە ئینتەرنێت زیاترە وەك لە مرۆڤەكانی دەوروبەری. كاتێك هەواڵێكی درۆ (Fake News) بڵاو دەبێتەوە، گەنجەكە ناچێت بەدوایدا بگەڕێت، تا ڕاستییەكەی بزانێت، بەڵكو ئینتەرنێت بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش بۆی نیشان دەدات، تەنانەت لە بابەتە هەستیارەكانی وەك ئایین و كولتوور، گەنجان ئێستا گوێ لەو پلاتفۆرمە جیهانییانە دەگرن كە بە شێوازێكی جیاواز باس لە بابەتەكان دەكەن، بۆیە ئەگەر ئێمە نەچینە ناو ئەو پلاتفۆرمانە و بە زمان و شێوازی ئەوان قسە نەكەین، گەنجەكە لێمان وەرناگرن.

یەكێك لە مەترسییەكان ئەوەیە كە گەنج كاتێك دەبینێت جیهانی تەكنەلۆژیا جوابی هەموو شتێكی لایە و خەونەكانی تێدا دەبینێتەوە، خۆی گۆشەگیر دەكات و لە كۆمەڵگە دوور دەكەوێتەوە. ئەركی نەوەی پێشوو ئەوەیە كە دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە و بچنە ناو مێشكی گەنجانەوە. ئەگەر ئەمە نەكەین، تا ٢٠ یان ٥٠ ساڵی دیكە كولتووری ئێمە بەرەو نەمان دەچێت. ئێستا كولتوور زۆر كاڵ بووەتەوە، چونكە ئێمە تەنیا بەكارهێنەری تەكنەلۆژیاین، نەك بەرهەمهێنەر. بۆ نموونە، ئەگەر گەڕانێك بۆ خواردنێكی كوردی لە ئینتەرنێتدا بكەیت، زۆر جار بە ناوی توركی، یان عەرەبییەوە دەردەكەوێت، بۆیە پێویستە گەنجی ئێمە هان بدرێت، كە داتا و زانیاریی كوردی بخەنە ناو ئینتەرنێت و زیرەكیی دەستكرد (AI) دەوڵەمەند بكەن بە زمان و كولتووری خۆمان.

نموونەیەكی سادە بۆ ئەمە: لە سەرەتای دروستبوونی AI، ئەگەر پرسیارێكت لێ بكردایە، دەربارەی مەسەلە، یان ئیدیۆمێكی ناوچەیی، نەیدەزانی و بە شێوەیەكی فیزیكی لێكی دەدایەوە، بەڵام دوای ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچەیە زانیارییان پێدا و دەوڵەمەندیان كرد، ئێستا AI دەتوانێت بە وردی مانا سۆسیۆلۆژی و كولتوورییەكانی ئەو مەسەلانە لێك بداتەوە. ئەمە مانای ئەوەیە كە دەبێت ئێمەش بچینە ناو ئەو جیهانە و نەوەكانی خۆمان لەوێ پەروەردە بكەین.

بابەتی سیكیوریتی (Security) لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر جیاوازە لە وڵاتانی دیكە. لە ڕۆژئاوا سیكیوریتی زیاتر پەیوەندی بە بانك و پارە و ئەمنییەتەوە هەیە، بەڵام لای ئێمە سیكیوریتی و پاراستن زیاتر پەیوەندی بە «وێنەی خێزان و خوشك و دایك» و بابەتە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەیە، چونكە سیستمی بانكیی ئێمە هێشتا وەك پێویست نییە، بۆیە خەڵك زیاتر لە لایەنە كۆمەڵایەتییەكە دەترسێت. پێویستە كولتووری خۆمان لەگەڵ ئەم جیهانە نوێیەدا بگونجێنین و بزانین AI گەیشتووەتە ئاستێك كە دەتوانێت هەموو شتێك دروست بكات و زۆر زەحمەتە ڕاستی و درۆ لێك جیا بكرێنەوە.

لێرەدا دەگەینە بابەتێكی گرنگ كە ئەویش پەروەردەی زانستی و بازاڕی كارە. بۆ نموونە، كردنەوەی بەشە زانستییەكانی وەك «سایبەر سیكیوریتی» لە زانكۆكانی كوردستان هەنگاوێكی باشە، بەڵام ئەو هەموو ژمارە زۆرەی قوتابیان كە دێن و دەیانەوێت لەو بەشە بخوێنن، سبەی حكومەت ناتوانێت هەلی كار بۆ ئەو هەموو گەنجە دابین بكات، هەر بۆیە ئەگەر حكومەت نەتوانێت كار بۆ ئەم هەموو دەرچووە ببینێتەوە، مەترسیی ئەوە هەیە كە ئەو گەنجانە زانیارییەكانیان بۆ مەبەستی ناڕاست و هاككردن بەكار بهێنن. كێشەكە ئەوەیە ئێمە لەسەر دەریایەك لە داتا دانیشتووین، بەڵام نازانین چۆن بەكاری بهێنین.

حكومەت دەتوانێت ئەو فەرمانبەرانەی كە دەڵێن كارمان كەمە، یان بێكارن، ڕێكیان بخاتەوە. دەكرێت كۆمەڵێك فەرمانبەر تەنیا ئەركیان كۆكردنەوەی داتا بێت، و ئەوانەی شارەزای كۆمپیوتەرن بكرێنە شیكەرەوەی داتا (Analyst) یان لە بواری داتا ماینینگ (Data Mining) كار بكەن. ئەم داتایانە دەكرێت لە هەموو بوارەكاندا كۆ بكرێنەوە، لە بەندیختانەكانەوە بگرە تا پێشبینییەكانی كەشوهەوا، ئەمە وا دەكات بڕیاردەران لەسەر بنەمایەكی زانستی و داتا كار بكەن و بڕیاری دروست لەكاتی خۆیدا بدرێت.

لە كۆتاییدا، پێویستە لە چاولێكەری ڕاوەستین و بەرەو داهێنان هەنگاو بنێین. ئەگەر بمانەوێت ئالوودەبوون ڕابگرین، بە توندوتیژی نابێت، بەڵكو دەبێت قەناعەت بە گەنجەكە بكەین. دەبێت ژیان و نەریتی خۆمان لە ناو تەكنەلۆژیادا جێگە بكەینەوە. گۆڕینی شێوازی ژیان، وەك دووركەوتنەوە لە مۆبایل لە درەنگانی شەو، یان لە بەیانیان زوودا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەڕانەوە بۆ هاوسەنگیی جاران.

پێویستە هاندەر بین بۆ ئەوەی تەكنەلۆژیا بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری كوردی بەكار بهێنین، لە گۆرانی و سۆشیال میدیاوە بگرە تا خوێندن و كاركردن، تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین سوود لەم شۆڕشە تەكنەلۆژییە وەربگرین و لەبری ئەوەی ببێتە هۆكاری داڕزانی كۆمەڵگەكەمان، ببێتە هۆكاری گەشەپێدان و پاراستنی ناسنامەكەمان لەم جیهانە كراوەیەدا.

Top