دیار شوكری ڕۆژنامەنووس و ڕاوێژكاری ئابووریی دیجیتاڵی: هاووڵاتی دەتوانێت بە ڕێگەی بازاڕی دیجیتاڵی ماركێتینگ و كار بەدەست بهێنێت
لەم سەردەمەدا تەكنەلۆژیای زانیاری بووەتە ئەگەرێك بۆ ئەوەی زیاتر ڕێخۆشكەر بێت و دەرفەتی كار پەیدا ببێت، بە ڕێگەی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان، واتە تاكەكەس لێرەدا دەتوانێت بە ڕێگەی تەسویق (ماركێتینگ)، بە ڕێگەی بازاڕكردنی دیجیتاڵی، بە ڕێگەی ئۆنڵاین و بە گەلێك ڕێگەی دی پارە بەدەست بهێنێت. ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە حكومەت زیاتر پشتگیری لە كاری دیجیتاڵی بكات، بۆ ئەوەی گەنجانی ئێمە زیاتر خۆیان لەم بوارانەدا ببیننەوە. بۆ نموونە بەشە دیجیتاڵییەكانی زانكۆكان زیاتر پەرەیان پێ بدرێت و بكرێنەوە و ببێتە فەرز لەسەر كۆمپانیاكان كە ئەو دەرچووانەی بەشە دیجیتاڵییەكانن وەك ئای تی (IT) یان كۆمپیوتەر، لەو كۆمپانییانەدا كار بكەن. هەڵبەتە با بڵێین گەلێك ڕێگەی دیجیتاڵی هەن، چ ڕێگەی ئای ئۆ تی (IoT)، چ ڕێگەی كلاود (Cloud)، یان هەر ڕێگەیەكی دیكەی وەك ئەی ئای (AI)، كە دەتوانن تێیدا گەشە بكەن و خۆیان تێدا پێش بخەن، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی لە بازاڕدا بتوانن كارێك بەدەست بهێنن.
