لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد.
ڕۆژی چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد.
لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەل سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ڕووداو و مەترسیەکانی ئەم دوایە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتربێت. خاتوو بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆك بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانی خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسیی لە ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر کاروباری دیاسپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە.
بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
