د.مستەفا ئەتروشی پسپۆڕ لە زانستەكانی كۆمپیوتەر و تەكنەلۆژیای ڕۆبۆتیك: حكومەت دەبێت پابەند بێت بەوەی هیچ دەرگایەكی لاوەكی (Bypass) لە سیستمی دیجیتاڵیدا نەهێڵێتەوە، تاوەكو هاووڵاتی بڕوای بە دادپەروەریی سیستمەكە هەبێت
د.مستەفا ئەتروشی، مامۆستای بەشی كۆمپیوتەرە لە زانكۆی كوردستان - هەولێر و بڕوانامەی دكتۆرای لە پسپۆڕیی ڕۆبۆتیك و سیستەمەكانی كۆنتڕۆڵ لە ناوەندی ئامێرە زیرەكەكان لە زانكۆی فلۆریدای ئەمریكی وەرگرتووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (دەرهاویشتەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری لەسەر كۆمەڵگە) بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.
زۆر سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە «دەرهاویشتەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری لەسەر كۆمەڵگە»، لەسەر ئەم پرسە گرنگە من دەخوازم ڕاستەوخۆ بچمە ناو بابەتەكە.
لە سەردەمی ئێستادا، تەكنەلۆژیا تەنیا ئامرازێك نییە بۆ ئاسانكاریی ژیان، بەڵكو بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە پێكهاتەی دەروونی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ. كاتێك باس لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی تەكنەلۆژیا دەكرێت، زۆرجار وەك دیاردەیەكی حەتمی (Inevitable) تەماشا دەكرێت، كە هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام شێوازی دەركەوتنی ئەم كاریگەرییانە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازە. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە وردبینانەتر سەیری دۆخی «تاكی كورد» بكەین. ئایا كێشەكە لە خودی تەكنەلۆژیایە، یان لە شێوازی مامەڵەكردن و ئەو عەقڵییەتەی كە تەكنەلۆژیاكە بەڕێوە دەبات؟
یەكێك لەو دیاردە سەیرانەی كە لە سایكۆلۆژیای تاكی كورددا بەدی دەكرێت، پەیوەندییەكی پێچەوانەیە لە نێوان «سەرفكردنی وزە» و «ئەنجامدانی كارە سادەكان». بە واتایەكی دیكە، تاك ئامادەیە وزەیەكی جەستەیی و دەروونی زۆر سەرف بكات، كاتێكی زۆر بەفیڕۆ بدات، تووشی فشاری دەروونی ببێت، تەنها لەپێناو ئەوەی خۆی لە كارێكی ڕێكخستنی سادە بپارێزێت.
نموونەی هەرە زەق بۆ ئەم حاڵەتە، پشتگوێخستنی ئەپڵیكەیشنە بنەڕەتییەكانی ناو مۆبایلە، بەتایبەتی «كالێندەر» (Calendar). سەرباری ئەوەی زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگە، لە قوتابییەوە تا مامۆستای زانكۆ و فەرمانبەران، خاوەنی مۆبایلی زیرەكن، بەڵام ڕێژەیەكی یەكجار كەم سوود لە تایبەتمەندیی پلاندانان وەردەگرن. پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە: چەند كەس لە ئێمە شەوانە پێش خەوتن، دە خولەك تەرخان دەكات بۆ ئەوەی نەخشەی ڕۆژی داهاتوو لەسەر مۆبایلەكەی دیاری بكات؟ وەڵامەكە بەداخەوە نائومێدكەرە.
ئەم ڕاكردنە لە «پلاندانان» تەنیا كێشەیەكی تەكنیكی نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر تەواوی ژیانی گشتی. كاتێك تاك پلانی نییە، ژیانی دەبێتە زنجیرەیەك لە كاردانەوە لەبری بڕیاردان. ئەو پەلەپەلە و ئاڵۆزییەی لە شەقامەكاندا دەیبینین، ئەو هەموو هۆڕن لێدان و بێزاربوونەی لە ترافیكەكاندا هەیە، دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی نەبوونی پلانی تاكەكەسییە. كاتێك مرۆڤ كاتەكانی دابەش ناكات، هەمیشە هەست دەكات درەنگ كەوتووە، بۆیە هەوڵ دەدات بە خێرایی و بە بەفیڕۆدانی وزەیەكی زۆر قەرەبووی ئەو نەبوونی پلانە بكاتەوە. لێرەدا پێویستە پسپۆڕانی دەروونناسی و كۆمەڵناسی وەڵامی ئەوە بدەنەوە: بۆچی مێشكی ئێمە بەرگری لە ڕیزبەندی و ڕێكخستن دەكات؟ ئایا ئەمە پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە، یان ژینگەی گشتی؟
خاڵێكی دیكەی گرنگ كە پێویستی بە تێڕامانە، بابەتی «نەبوونی ستاندارد»، یان یەكنەخستنی پێوەرەكانە لە ژیانی ڕۆژانە و ژینگەی دەوروبەرماندا. لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، ژیان لەسەر بنەمای كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای جێگیر (Standardization) بەڕێوە دەچێت، كە ئاسانكاری بۆ مێشكی مرۆڤ دەكەن. بۆ نموونە، شێوازی كرانەوەی دەرگای بینا گشتییەكان لە زۆربەی جیهاندا یەك ستانداردە (بۆ دەرەوە دەكرێتەوە بۆ سەلامەتی). ئەمە وادەكات مرۆڤ پێویستی بە بیركردنەوە نەبێت لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ژینگەدا.
بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم چەمكە ونە. لێرە هەموو شتێك ملكەچی «مەزاج» و «حەزی تاكەكەسی»یە. هەر كەسێك بە ویستی خۆی بڕیار دەدات، سویچ و پلاك چۆن بێت، دەرگا چۆن بێت، یان شەقام چۆن بێت. ئەم فرەچەشنییە لە شوێنی نەگونجاودا، وزەی مێشك دەبات. ئێمە حەزمان بەوە نییە شوێنكەوتووی سیستمێكی یەكگرتوو بین، بەڵكو دەمانەوێت هەموو شتێك بەپێی ئارەزووی خۆمان دەستكاری بكەین. ئەم عەقڵیەتە ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی سیستمێكی شارستانی تۆكمە. پەروەردەكردنی منداڵ لەسەر ئەوەی كە «ڕێسای گشتی» هەیە و دەبێت پەیڕەوی بكات، هەنگاوی یەكەمە بۆ چارەسەر. دەبێت تاكی كورد فێر بێت كە جێبەجێكردنی ستانداردەكان كۆیلایەتی نییە، بەڵكو بەرزترین ئاستی شارستانیەتە و وزەی مرۆڤ بۆ كاری گرنگتر دەپارێزێت.
سێیەم: بەدیجیتاڵكردنی دەوڵەت و مەترسییەكانی «تێپەڕاندن- Bypass»
لە چوارچێوەی بەڕێوەبردن و كارگێڕیدا، بابەتی «بەدیجیتاڵكردنی حكومەت-E-Governmen» وەك پێویستییەكی هەنووكەیی دەردەكەوێت. خۆشبەختانە هەنگاوی باش نراوە، بەڵام مەترسییەك هەیە كە دەكرێت هەموو پرۆسەكە لە ماناكەی بەتاڵ بكاتەوە، ئەویش ڕێگەدانە بە «بایپاس - Bypass» یان تێپەڕاندنی نایاسایی.
گرنگیی سیستمی دیجیتاڵی تەنیا لە خێراییدا نییە، بەڵكو لەوەدایە كە دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەندەڵی (Corruption). كاتێك پرۆسەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی و شەفاف بەڕێوە دەچن، ڕۆڵی دەستتێوەردانی مرۆڤ نامێنێت، كەواتە دەرفەتی بەرتیل، واسیتە، و خزمایەتی نامێنێت. بەڵام ئەگەر سیستمەكە جێگیر بكرێت و هاوكات ڕێگە بە چەند كەسێك بدرێت لە دەرەوەی سیستمەكەوە كارەكانیان ڕایی بكەن، ئەوا متمانە بە تەكنەلۆژیاكە نامێنێت و گەندەڵی بە شێوازێكی دیكە دەمێنێتەوە.
بۆیە زۆر گرنگە كە سیستمی دیجیتاڵی ببێتە «تاكە ڕێگا» و هیچ جێگرەوەیەكی نەبێت. كاتێك ڕێگا نەدرا كەس «بایپاس»ی ڕیزبەندییەكان بكات، ئەو كاتە هەمووان هەست بە یەكسانی دەكەن و سیستمەكەش دەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت لە كەمكردنەوەی ڕۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی. هەروەها یەكێك لە خاڵە هەرە هەستیارەكانی پەیوەست بە تەكنەلۆژیا، بابەتی تاوانی ئەلیكترۆنی و چۆنیەتی مامەڵەكردنی قوربانییانە. لێرەدا كێشەكە تەنیا لە بوونی تاوانباران نییە، بەڵكو لە شێوازی كاردانەوەی قوربانییەكانە، كە زۆربەی كات بێدەنگییە. ئەم بێدەنگییەش ڕەگ و ڕیشەی لە پەروەردەی خێزانیدا هەیە.
زۆرێك لە دایك و باوكان، بە مەبەست، یان بێ مەبەست، منداڵەكانیان لەسەر «ترس» پەروەردە دەكەن. كاتێك منداڵێك فێر دەكرێت كە هەڵەكردن كارەساتە و سزای توندی بەدواوەیە، ئەوا لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی (وەك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە، یان چات)، پەنا بۆ شاردنەوە دەبات، نەك دركاندن. تاوانبارانی ئەلیكترۆنی ژیانیان لەسەر ئەم ترسەی قوربانییەكان وەستاوە.
چارەسەر لە گۆڕینی ستراتیژی پەروەردەدایە. پێویستە پسپۆڕانی دەروونناسی و دایك و باوكان كار لەسەر دروستكردنی نەوەیەكی «چاونەترس» بكەن. نەوەیەك كە دڵنیا بێت لەوەی هەرچییەك ڕووبدات، خێزانەكەی پەناگە و پشتیوانی ئەون، نەك دادوەر و جەلاد. ئەگەر منداڵ و گەنجانی كورد فێر بكرێن كە ڕاستەوخۆ «ڕیپۆرت»ی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو بكەن و بە دایك و باوكیان بڵێن، ئەوا تاوانباران دەزانن كە چەكی «ترساندن» چیتر كاریگەر نییە و چالاكییەكانیان كەم دەبێتەوە.
لە سەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریدا، توانای جیاكردنەوەی ڕاستی لە درۆ بووەتە هونەرێكی پێویست. لێرەدا جیاوازییەك لە نێوان نەوەكاندا دەبینرێت، نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی لەگەڵ تەكنەلۆژیا گەورە بوون، تا ڕادەیەك دەتوانن دەستكارییە دیجیتاڵییەكان بناسنەوە، بەڵام كێشەكە لە نەوەی پێشووتر (دایك و باوكان)دایە كە ڕەنگە ئەو هۆشیارییە تەكنیكییەیان نەبێت.
بەڵام ئەزموون دەریدەخات كە ئەمە شتێكی مەحاڵ نییە. تەنانەت كەسانی بەتەمەن و نەخوێندەواریش دەتوانن فێری ئەوە بكرێن كە گومان لەو ڤیدیۆ و هەواڵانە بكەن كە دەیبینن. بۆ نموونە، فێركردنی ئەوەی كە «كۆمپیوتەر دەتوانێت هەموو شتێك دروست بكات» و «پێویستە سەیری سەرچاوەی هەواڵەكە بكرێت»، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر سادە، بەڵام كاریگەرە. ئەگەر میدیایەكی باوەڕپێكراو هەواڵەكەی بڵاونەكردبێتەوە، كەواتە جێگەی گومانە.
ئەمە پێویستی بە هەڵمەتێكی هۆشیاریی نیشتمانی هەیە. بابەتەكە زۆر ئاڵۆز نییە، تەنیا پێویستی بەوەیە چەند بنەمایەكی سادەی ڕەخنەگرانە (Critical Thinking) فێری كۆمەڵگە بكرێت، تاوەكو نەكەونە داوی پڕوپاگەندە و هەواڵی هەڵبەستراو.
دیاردەیەكی دیكەی سەرنجڕاكێش كە دەكرێت وەك نموونەیەك بۆ «تەمبەڵیی هزری» یان بەكارهێنانی «خواروخێچ»ی تەكنەلۆژیا سەیر بكرێت، بریتییە لە شێوازی تۆماركردنی زانیاری. زۆر جار دەبینین كەسێك لەبری ئەوەی تێبینییەك (Note) لە مۆبایلەكەیدا بنووسێت، وێنەی شتەكە دەگرێت.
لە ڕووی تەكنیكییەوە، وێنەگرتنی دەق كارێكی ناكارایە، چونكە گەڕان بەدوایدا ئەستەمە، دەستكاریكردنی زەحمەتە و بیرگە (Storage) پڕدەكات. لە بەرانبەردا، ئەپڵیكەیشنەكانی تێبینی (Notes) بۆ ئەوە دروستكراون كە زانیاری بە شێوەیەكی ڕێكخراو و بەردەوام لەبەردەستدا بێت. ئەم هەڵسوكەوتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئێمە هێشتا بە تەواوی لە فەلسەفەی تەكنەلۆژیا تێنەگەیشتووین. ئێمە تەنها ئامێرەكەمان بەدەستەوەیە، بەڵام عەقڵییەتی بەكارهێنانمان هێشتا نەگونجاوە لەگەڵ ئامانجە بنەڕەتییەكەی ئامێرەكە. ئەمەش پرسیارێك بۆ دەروونناسان جێدەهێڵێت: بۆچی ئێمە ڕێگا «خێرا و كاتییەكە» (وێنەگرتن) هەڵدەبژێرین لەسەر حیسابی ڕێگا «دروست و بەردەوامەكە» (نووسین)؟
لە كۆتاییدا، نابێت چاوپۆشی لە یەكێك لە گەورەترین ئالنگارییەكانی سەردەم بكەین، كە بریتییە لە ئالوودەبوون بە «كورتە ڤیدیۆ» (وەك ئەوەی لە پلاتفۆرمەكانی تیكتۆك، ئینستاگرام و یوتوب هەیە). ئەم جۆرە ناوەڕۆكە بە دیزاینێكی ئەندازیاری وا دروست كراوە كە سیستمی مێشك (Dopamine System) كۆنتڕۆڵ بكات.
تەماشاكردنی بەردەوام (Scrolling)ی ئەم ڤیدیۆ كورتانە توانای «تەركیز»ی مرۆڤ دەكوژێت. كاتێك مێشك ڕادێت لە ماوەی چەند چركەیەكدا دیمەن و دەنگ و زانیاری جیاواز وەرگرێت، چیتر بەرگەی خوێندنەوەی كتێبێك، یان گوێگرتن لە وانەیەكی زانستیی درێژ ناگرێت. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاستی هۆشیاری و فێربوونی نەوەی نوێ. هەرچەندە ڕەنگە بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە ئەستەم بێت، بەڵام كەمكردنەوەی و دانانی سنوور بۆی، ئەركێكی گرنگی تاكەكەسی و خێزانییە.
لە كۆی ئەم شیكردنەوانەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە كێشەی سەرەكیی تاكی كورد «تەكنەلۆژیا» نییە، بەڵكو «كەلتووری بەكارهێنان و عەقڵییەتی بەڕێوەبردن»ـە. ئێمە لەبەردەم قەیرانێكی ڕەفتاریداین كە تیایدا ئامرازی مۆدێرنمان بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا بە عەقڵییەتێكی ناڕێكخراو و هەڕەمەكی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین. چارەسەرەكە تەنیا لە دەستی ئەندازیارانی ئایتی نییە، بەڵكو پێویستی بە هەوڵێكی گشتگیر هەیە كە دەروونناسان، پەروەردەكاران، و بڕیاربەدەستان تێیدا بەشدار بن، بۆ گۆڕینی ئەم شێوازی بیركردنەوەیە لە هەڕەمەكییەوە بۆ ڕێكخستن و لە ترسەوە بۆ متمانە.
پێشنیار و ڕاسپاردەكان:
• پێویستە لە قوتابخانەكان و خێزانەكانەوە منداڵان فێری بەكارهێنانی «ڕۆژمێر» و «كالێندەر» بكرێن وەك بەشێك لە ژیانی ڕۆژانە، نەك وەك ئەركێكی زیادە.
• ئەنجامدانی سیمینار و بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ فێركردنی دایك و باوكان كە چۆن ببنە هاوڕێی منداڵەكانیان، تاوەكو لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ئەلیكترۆنی نەترسن و پەنا بۆ خێزانەكانیان بەرن.
• حكومەت دەبێت پابەند بێت بەوەی هیچ دەرگایەكی لاوەكی (Bypass) لە سیستمی دیجیتاڵیدا نەهێڵێتەوە، تاوەكو هاووڵاتی بڕوای بە دادپەروەریی سیستمەكە هەبێت.
• ڕێكخستنی خولی سادە، یان بەرهەمهێنانی ڕیكلامی كورت بۆ فێركردنی چینە بەتەمەنەكان سەبارەت بە چۆنیەتیی ناسینەوەی هەواڵی ساختە و مەترسییەكانی AI.
• هاندانی تاكەكان بۆ ئەوەی بەرنامەكانی سنوورداركردنی كات (Screen Time) لە مۆبایلەكانیان چالاك بكەن، بەتایبەت بۆ بەرنامەكانی كورتە ڤیدیۆ.
• پێویستە زانكۆكان توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان بەشەكانی دەرونناسی و ئایتی ئەنجام بدەن، بۆ تێگەیشتن لە هۆكارە قووڵەكانی ئەو ڕەفتارانەی تاكی كورد و دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆیان.
