د. نەوشیروان ڕەشید مامۆستای زانكۆی سلێمانی: خێزان و حكومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنی نەرێنیی تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵێكی گەورەیان لە هۆشیاریی دیجیتاڵیدا هەیە

د. نەوشیروان ڕەشید مامۆستای زانكۆی سلێمانی:  خێزان و حكومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنی نەرێنیی تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵێكی گەورەیان لە هۆشیاریی دیجیتاڵیدا هەیە

 

 

لەجیهانی هاوچەرخی ئەمڕۆماندا، تەكنەلۆژیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن بوونەتە ڕەگەزێكی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەكان. ئەگەر سەیری ڕابردووی كۆمەڵگەی كوردەواری بكەین، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە گەرمی و نزیكییەكی زۆر دەناسرانەوە، بەڵام پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و سەرهەڵدانی وێبسایت و پێگە جیاوازەكان كە تێیاندا خەڵك خەریكی پەخشكردنی ژیان و زانیارییەكانیانن، جۆرێك لە ئالوودەبوون و خەریكبوونی گشتیی دروست كردووە. ئەم خەریكبوونە بەردەوامە وای كردووە پەیوەندییەكان لەو فۆرمە گەرم و ڕاستەقینەیەی جاران دابماڵرێن و ببنە پەیوەندییەكی «سارد» كە تەنیا لە پشت شاشەكانەوە دەبینرێن.

یەكێك لە مەترسییە هەرە گەورەكانی ئەم لێشاوە تەكنەلۆژییە، خێرایی دابەزینی هەواڵ و زانیارییەكانە. مرۆڤی ئەمڕۆ لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە كەوتووەتە ژێر فشارێك كە دەیەوێت بە خێراترین شێوە هەموو زانیارییەك وەربگرێت. ئەم زانیارییانە كە بە لێشاو دەڕژێن، هیچ جۆرە سانسۆر و فلتەرێكیان بەسەرەوە نییە، ئەمەش وادەكات، چەندەها جۆر زانیاریی نادروست و ناتەندروست بگاتە دەستی هەموو چین و توێژەكان.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، هۆشیاریی تاك وەك بنەمایەكی سەرەكی دەردەكەوێت. ئەم هۆشیارییەش پێویستە لە دوو ئاستی جیاوازدا كارا بكرێت. یەكەمیان ئاستی ناوخۆیی و ناو ماڵە، لێرەدا ڕۆڵی دایك و باوك و ئاستی هۆشیارییان لە شێوازی پەروەردەكردندا دەبێتە خاڵی وەرچەرخان.

لەلایەكی دیكەوە، ئەركێكی قورستر و گرنگتر دەكەوێتە سەر شانی حكومەت. حكومەت دەبێت لە دوو قۆناغدا كار بكات، یەكەم، بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گشتی، دووەم، دەركردنی یاسا و ڕێنمایی توند بۆ ڕێكخستنی ئەم بوارە. پێویستە جۆرێك لە سانسۆری یاسایی هەبێت، نەك بەو مانایەی كە هەموو شتێك دابخرێت، بەڵكو نابێت هەموو شتێكیش بە ئاوەڵایی و بێبەرەوپێشچوون بمێنێتەوە.

بۆ بنیادنانی هۆشیارییەكی دروست، پێویستە ئەو زانیارییانەی كە سوودبەخشن بخرێنە بەردەستی خوێندكاران و مامۆستایان و كەسایەتییە ئایینییەكان لە مزگەوت و ناوەندەكانی فێركردندا. حكومەت دەتوانێت بە یاسا هەندێك سایتی نەشیاو كە زیان بە پەروەردەی منداڵان دەگەیەنن، قەدەغە بكات. ڕێكخستنی یاسایی بۆ ڕێگری لە «تەشهیر» و «تانە» پێویستییەكی هەنووكەییە بۆ پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگە. لە هەمان كاتدا، هەر هەوڵێك كە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی هۆشیاریی تاك دەكات.

 

Top