جەنا زەكی میدیاكار لە ڕادیۆی زاخۆ: منداڵان كۆمەڵێك بیرۆكە و ڕەفتار لەو سایتانەوە وەردەگرن كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بەهاكانی خێزان و دابونەریتی كۆمەڵگەی ئێمەدا ناگونجێن
ئەگەر بە وردی سەیری ناوخۆی خێزانەكان بكەین، دەبینین سۆشیال میدیا بووەتە هۆكاری ساردبوونی پەیوەندییەكان. ئەم جیهانە گریمانەییەی كە لەناو شاشەیەكی بچووكی مۆبایلدا چڕ بووەتەوە، وای كردووە، هەر تاكێك لە جیهانێكی تایبەت بە خۆیدا بژی. لە زۆرێك لە ماڵەكاندا، هەرچەندە ئەندامانی خێزان لە ژێر یەك سەقفدا و لە تەنیشت یەك دانیشتوون، بەڵام لە ڕاستیدا هەر یەكەیان لە جیهانێكی جیاوازدایە. ئەم سەرقاڵبوونە تەنیا سنووردار نییە بە گەنجانەوە، بەڵكو هەردوو هاوسەرەكە و دایك و باوكانیش بە شێوەیەك نوقمی ناو مۆبایلەكانیان بوون كە ئاگایان لە یەكتری و لە پێویستییە دەروونییەكانی یەكدی نەماوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەو گەرموگوڕییەی جاران لە نێوان ئەندامانی خێزاندا هەبوو، جێگەی خۆی بۆ بێدەنگییەكی سارد و نامۆییەكی ناوخۆیی چۆڵ بكات.
یەكێكی دیكە لە لایەنە هەرە مەترسیدارەكانی ئەم بابەتە، كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانی ئینتەرنێتە لەسەر پەروەردە و هزری منداڵان. منداڵانی ئەمڕۆ لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە ڕووبەڕووی لێشاوی زانیاری و ڤیدیۆ دەبنەوە لە پلاتفۆرمەكانی وەك تیكتۆك و یوتیوب. كێشەكە لێرەدا تەنیا كات بەسەربردن نییە، بەڵكو ئەوەیە كە منداڵان كۆمەڵێك بیرۆكە و ڕەفتار لەو سایتانەوە وەردەگرن كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بەهاكانی خێزان و دابونەریتی كۆمەڵگەی ئێمەدا ناگونجێن. ئەم كاریگەرییە نامۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی كەلێنێكی گەورە لە نێوان نەوەی نوێ و نەوەكانی پێش خۆیان، بەجۆرێك كە منداڵ زیاتر لەژێر كاریگەریی «ترێند»ـە جیهانییەكاندا بێت، وەك لەو پەروەردە كوردییەی كە دایك و باوك دەیانەوێت بیدەنێ.
بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی دیكە خێزان بگەڕێنینەوە بۆ ئەو ڕەسەنایەتی و گەرموگوڕییەی كە خێزانی كوردەواری پێ دەناسرایەوە، پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت. بەرپرسیارێتی یەكەم و كۆتایی لەسەر شانی دایك و باوكە. ئەوان وەك نموونەی باڵا لە ناو ماڵدا دەبینرێن. ئەگەر دایك و باوك خۆیان بەكارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت كەم بكەنەوە، بێگومان ئەندامانی دیكەی خێزان و منداڵەكانیش لاساییان دەكەنەوە و كەمتر كاتی خۆیان بەو ئامرازانەوە دەكوژن. ناكرێت دایك، یان باوك خۆیان بەردەوام سەرقاڵی سۆشیال میدیا بن و چاوەڕێ بن منداڵەكانیان بە باشی پەروەردە ببن و لە كاریگەرییە خراپەكانی تەكنەلۆژیا دوور بن.
ئینتەرنێت ئێستا وەك سێبەر لەگەڵ مرۆڤە، بە جۆرێك كە هیچ كەسێك بەبێ مۆبایل ناچێتە هیچ شوێنێك و هەموو ساتەكانی ژیانمان تێكەڵی ئەم جیهانە بووە. بۆیە، چارەسەر تەنیا لە بڕین و قەدەغەكردنی ئینتەرنێتدا نییە، بەڵكو لە چاودێریكردن و ڕێكخستنیدایە. ئەگەر ئینتەرنێت بە بێ سەروبەری و بەبێ چاودێری بەكاربهێنرێت، بێگومان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئەگەر چاودێرییەكی ورد هەبێت و كاتی بۆ دیاری بكرێت، دەتوانرێت سوودە ڕاستەقینەكانی وەربگیرێت و لایەنە خراپەكانی كەم بكرێتەوە. هیوای هەمووان ئەوەیە كە خێزانەكان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، بۆ پێكەوە دانیشتنی بێ مۆبایل و بۆ ئەو وریاییەی كە پارێزگاری لە كۆڵەكەكانی ماڵ دەكات لە بەرانبەر زریانە توندەكانی جیهانی دیجیتاڵیدا. بە كورتی، پێویستە وریایی و چاودێری ببنە بەشێكی بنەڕەتی لە مامەڵەكردنی خێزان لەگەڵ سۆشیال میدیادا، تاوەكو ئەو چەكە دووسەرەیە تەنیا لایەنە سوودبەخشەكەی بۆ ئێمە بێت، نەك لایەنە وێرانكەرەكەی.
