هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:ستایلەکەم تامی هونەری زاخۆیە و نامەوێ بیگۆڕم

هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:ستایلەکەم تامی هونەری زاخۆیە و نامەوێ بیگۆڕم

هونەرمەندی لاوی شاری زاخۆ بزاڤ زاخۆیی یەکێکە لەو لاوانەی کە بە ماوەیەکی زوو توانیی شوێنی خۆی بکاتەوە و ببێت بە یەکێک لە هونەرمەندە دیار و بەرچاوەکانی کوردستان و شاری زاخۆ بەتایبەتی، بەهۆی ئەو ستایلەی کە گۆرانیی پێ دەڵێت، وەک خۆی لەم دیمانەیەی لەگەڵ گوڵاندا ئاماژەی پێدەکات هەر لە منداڵییەوە حەزی لە گۆرانی وتن بووە و یەکێک بووە لە خەونەکانی

*حەزدەکەین بزانین سەرەتای کاری هونەری و چۆن هاتیتە نێو ئەم بوارەوە؟

-لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی گوتن کردووە و یەکێک لە خەونەکانم ئەوە بووە بەرهەمی هونەری بڵاو بکەمەوە و بە گۆرانی و موزیک خزمەتی هونەری کوردی بکەم، بەڵام بە شێوەیەکی دروست لە ساڵی 2018 هاتمە نێو بواری هونەری کوردی.

*یەکەم بەرهەمت چی بوو و ئامانجت لێی چی بوو؟

-یەکەم سیدیم بڵاو کردەوە، کە بریتی بوو لە گۆرانییەکانی هونەرمەندە نەمرەکانی کوردستان بە گشتی و شاری زاخۆ بەتایبەتی. ئەم سیدییە زیاتر بۆ ئەوە بوو کە بزانم ڕەنگدانەوەی لە نێو جەماوەر چۆن دەبێت و بە چ ئاستێک پێشوازیی لێدەکەن. سوپاس بۆ خوای گەورە تا ڕاددەیەکی باش سەرکەوتوو بوو.

هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:ستایلەکەم تامی هونەری زاخۆیە و نامەوێ بیگۆڕم

*جۆری گۆرانییەکانت زیاتر چ شتێکن؟ ئایا هەمیشە پابەندی ستایلی زاخۆییت؟

-گۆرانییەکانم جۆراوجۆرن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان گۆرانی خۆشەویستییە. وەک گوتم، ستایلی من کۆمەڵایەتییە و کوردییە، و دەنگی من کوردییە و تامی زاخۆیی و ئاوی خابووری هەیە و نامەوێت ستایلەکەی خۆم بگۆڕم.

*ئێوە وەک هونەرمەندێکی لاو، چۆن پێناسەی دۆخی ئێستای هونەری کوردی دەکەن؟

-بەداخەوە، لە کوردستان هونەر لە ئاستێکی لاواز دایە. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەو تێڕوانینەی کە پێشتر بۆ هونەر هەبوو هێشتا ماوە. ئەگەر سەیری میللەتانی دەوروبەرمان بکەین، دەبینین کە چۆن ڕێز لە هونەر و کلتووریان دەگرن، چونکە درکیان بەوە کردووە کە هونەر هۆکاری پاراستنی زمان و کلتوور و ئەدەبی میللەتانە.

*ئەی بۆچی لە شاری وەک زاخۆ کە بە شاری هونەرمەندی گەورە ناسراوە، دۆخەکە بەم شێوەیە؟

-شاری زاخۆ شاری پێگەیاندنی هونەرمەندان و شاعیر و ئاوازدانەرە بە تواناکانە. هونەرمەندی زۆر بەتوانا هەن، بەڵام چونکە پەیوەندییەکانیان باش نییە یان کەس ناناسن، پشتگوێ دەخرێن، بۆیە ناچار دەبن ڕوو لە کارێکی دیکە بکەن. زۆر لە هونەرمەندان کە جەماوەر دەنگ و سەلیقەی هونەرییانی قبووڵە، بەڵام پەیوەندییەکانیان باش نییە یان توانای مادییان کەمە، ناتوانن پەرە بە هونەرەکەیان بدەن، بۆیە ناچار دەبن وەک پیشە گۆرانی بڵێن نەک وەک ئامانج بۆ خزمەتکردنی میللەت.

*ئایا هونەرمەندانی کورد دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانیان مسۆگەر بکەن؟

-بە دڵنیاییەوە هیچ هونەرمەندێکی کورد ناتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانی خۆی مسۆگەر بکات، چونکە ئەمە زۆر زۆر قورسە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە هونەری کوردی لە پاشەکشێدایە و ئاستی هونەر لە دابەزینێکی بەرچاودایە، بەتایبەتی لە پاراستنی مافی هونەرمەندان.

*ئەگەر دۆخی هونەر باشتر بووایە، کاریگەری لەسەر بەرهەمەکانت چۆن دەبوو؟

-ئەگەر هونەری کوردی لە ئاستێکدا بووایە کە بتوانم تەواوی کاتی خۆمی بۆ تەرخان بکەم، ئێستا بەرهەمی زۆر جوانتر و بەرزترم پێشکەش دەکرد و زیاتر خزمەتم بە هونەری کوردی دەکرد.

*واتە لە ئێستادا هونەر وەک سەرچاوەی بژێوی سەیر ناکەن؟

-دروستە. لە ئێستادا هونەر بۆ ئێمە وەک خولیایەکە و سەرچاوەی بژێوی ژیان نییە، بەڵام هونەر و گۆرانی کوردیمان خۆش دەوێت و بەردەوامین. ئەگەر لەسەر ئەركی خۆیشمان بێت، کۆڵ نادەین. بەداخەوە ئەمە قەدەری هونەرمەندانی کوردە کە دەبێت قوربانی بدەن.

*لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا ڕۆژانە سەرقاڵی چ کارێکت؟ پێشتر باست کرد کە سەرتاشیت؟

-بەڵێ، ڕۆژانە سەرقاڵی کاری تایبەتی خۆمم کە بریتییە لە سەرتراشین. من خاوەنی دوکانێکی سەرتاشینم لە شاری زاخۆی دڵال. خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە سەردانم دەکەن بە مەبەستی سەرتاشین، و پێموایە سەرتاشینیش خۆی لەخۆیدا کارێکی هونەرییە.

Top