لە خولی دووەمەوە بۆ وەرچەرخان کاتێک شکست دەبێتە تەنيا وێستگەیەکی کاتی

لە خولی دووەمەوە بۆ وەرچەرخان  کاتێک شکست دەبێتە تەنيا وێستگەیەکی کاتی

 

کاتێک زەنگی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لێ دەدات، بۆ زۆرێک لە قوتابیان و خێزانەکانیان وەک تەمومژێکی تاریک و نیشانەی پاشەکشە دەردەکەوێت. لە ناو کلتووری کۆمەڵایەتی ئێمەدا، خولی دووەم هەمیشە وەک تابلۆیەکی ناتەواوە یان  وەکو پەڵەیەکی شەرمەزاری سەیر کراوە؛ شتێک کە دەبێت لە ژوورە داخراوەکاندا بشاردرێتەوە. بەڵام ئەگەر بە وردبینییەکی زانستی و پەروەردەیی سەیری ئەم قۆناغە بکەین، دەبینین خولی دووەم کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو بڕیارێکی ستراتیژییە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکانی سەرکەوتن.

لە خولی یەکەمدا، زۆر جار قوتابی بەهۆی کەمیی تواناوە شکست ناهێنێت، بەڵکو بەهۆی نەبوونی نەخشەڕێگایەکی دروست، شێوازی هەڵەی خوێندن، یان ئەو فشارە دەروونییە قورسەی کە وەک تەمێکی چڕ ڕێگاکەی لێ ون کردووە. لێرەوە، پێویستە دیدگای خۆمان بگۆڕین؛ قوتابیانی خولی دووەم تەمبەڵ نین، بەڵکو ئەو یاریزانە لێهاتووانەن کە لە نیوەی یارییەکەدا پێویستیان بە کاتێکی کورت هەبووە بۆ گۆڕینی پلانەکەیان تا بەهێزتر بگەڕێنەوە.

بۆ ئەوەی ئەم وێستگەیە ببێتە وەرچەرخان، پێویستە کار لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بکرێت:

١. ئاشتەوایی دەروونی؛ پاککردنەوەی شانۆی مێشک

گەورەترین بەربەست کە وزەی قوتابی لە خولی دووەمدا دەکوژێت، لۆمەکردنی بەردەوامی خۆیەتی. کاتێک قوتابی کاتژمێرەکانی بە دیار پرسیاری بۆچی نەمکرد؟ و بۆچی کەوتم؟ بەفیڕۆ دەدات، لە ڕاستیدا خەریکی کوشتنی ئەو وزەیەیە کە دەبێت بۆ تێگەیشتن خەرجی بکات.
 وەک کۆچی خوێندن، جەخت دەکەمەوە: پێش کردنەوەی هەر کتێبێک، دەبێت ئاشتوبوونەوەیەکی دەروونی لەگەڵ شکستی ڕابردوو بکەیت. ئەو شکستە فێرکردنێکی گرنگ بوو؛ ئێستا تۆ متمانەت بە هۆڵی تاقیکردنەوە زیاترە، فۆرماتی پرسیارەکان دەناسیت و خاڵە لاوازەکانت وەک نیشانەیەکی ڕوون لەسەر نەخشەکە دیارن. ئەمە شکست نییە، بەڵکو پێگەیەکی زانستیی بەهێزترە بۆ دەستپێکردنەوە.

٢. گۆڕینی میکانیزمی خوێندن؛ مێتابۆلیزمی زانیاری

یەکێک لە هەڵە کوشندەکان ئەوەیە قوتابی بە هەمان شێوازی خولی یەکەم بخوێنێتەوە. ئەگەر هەمان کەرەستە بەکاربهێنیت، هەمان ئەنجامت دەستدەکەوێت. لە زانستی فێربوونی مۆدێرندا، ئێمە جەخت لەسەر خوێندنی چالاک (Active Learning) دەکەینەوە نەک تەنها ماندووکردنی جەستە. بۆ ئەمەش دوو تەکنیکی جیهانی پێشنیار دەکەین:

●  تەکنیکی (Active Recall): دوای خوێندنەوەی هەر بابەتێک، کتێبەکە دابخە و هەوڵ بدە بە لۆژیکی خۆت بابەتەکە بۆ کەسێکی خەیاڵی یان بۆ دیوارێک ڕوون بکەیتەوە. ئەوەی نەتوانیت بە سادەیی بیڵێیت، واتە هێشتا تێی نەگەیشتوویت.

●  دووبارەکردنەوەی پچڕپچڕ (Spaced Repetition):دابەشکردنی زانیارییەکان بەسەر ماوەی کورت و جیاوازدا، نەک کۆکردنەوەی هەموو ماددەکە بۆ شەوی پێش تاقیکردنەوە. مێشک پێویستی بە کاتە بۆ هەرسکردنی زانیاری، نەک پەستانێکی کتوپڕ.

٣. فلتەرکردنی ژینگەی دەوروبەر؛ ئەرکی خێزان

قورسترین جەنگی قوتابی لەم قۆناغەدا، جەنگی دەنگە نەرێنییەکانی دەوروبەرە. پرسیاری خزم و دراوسێ و سێبەری سارد و سڕی هەندێک خێزان، دەبێتە هۆی کوژرانی ئیرادە.
 لێرەدا پەیامی من بۆ دایک و باوکان ئەوەیە: قوتابی لەم قۆناغەدا پێویستی بە سەرزەنشتی کردن نییە، بەڵکو پێویستی بە پەناگەیەکی ئارام هەیە. قوتابیش دەبێت ببێتە خاوەنی فلتەرێکی دەروونی بەهێز؛ گوێ نەدان بە دەنگی دەرەوە و تەنها تیشکخستنە سەر ئامانجەکە. هەرچەندە کات کورتە، بەڵکو چڕی سەرنج لەم ماوەیەدا دەتوانێت موعجیزە بخولقێنێت.

پەیامی کۆتایی
 پۆلی ١٢ تەنها تاقیکردنەوەیەک نییە بۆ بەدەستهێنانی نمرە، بەڵکو تاقیکردنەوەی بەهێزی ئیرادەی مرۆڤە. مێژووی سەرکەوتنی مرۆڤایەتی پڕە لەو کەسانەی لە هەنگاوی یەکەمدا کەوتوون، بەڵام فێر بوون چۆن بە هێزێکی دوو هێندەوە هەڵسنەوە.

ئەمجارەیان، کاتێک دەچیتە هۆڵی تاقیکردنەوە، وەک قوتابییەکی سزادراو مەچۆ ژوورەوە، بەڵکو وەک جەنگاوەرێک بچۆ کە هاتووە چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە. خولی دووەم دەرفەتە، نەک سزا؛ کەواتە مێژوویەکی نوێ بۆ خۆت تۆمار بکە.

 

نوور عه‌بدولقادر

Top