هــێزی سـێقۆڵیی بارزان؛ مەرجەعیەت، ئاشتی و ئیراده‌ وەک سێ جەمسەری ستراتیژی لە هاوکێشەی بڕیاری نێودەوڵەتیدا.

هــێزی سـێقۆڵیی بارزان؛ مەرجەعیەت، ئاشتی و ئیراده‌ وەک سێ جەمسەری ستراتیژی لە هاوکێشەی بڕیاری نێودەوڵەتیدا.

 

ئەو دیمەنە دیپلۆماسییانەی ئەمڕۆ لە هەولێر، ڤاتیکان و داڤۆس بەدی دەکرێن، گوزارشت لە قۆناغێکی زێڕینی "دیپلۆماسی پێشوەختە" دەکەن؛ قۆناغێکی مێژوویی کە تێیدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان توانیویەتی متمانەیەکی جیهانیی بێوێنە بۆ دۆزی کورد فەراهەم بکات و ئەم جووڵە ستراتیژییانە لەسەر سێ ئاستی تەواوکار و چەسپاو بەڕێوە دەچن:
*مەرجەعیەتی نەتەوەیی و پاراستنی شکۆ، کە تێیدا سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک ڕابەری نەتەوەیی و سیمبۆلی بەرخودانی کورد، لە ڕێگەی دیدارە مێژووییەکانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرکردە باڵاکان، دۆزی کوردی لە کایەی "ناوخۆیی" دەرهێنا و گواستییەوە بۆ ناو بازنەی "ویژدانی جیهانی". ئەم سەردانانە سەلماندیان کە کورد خاوەن مەرجەعێکی حەکیمە، کە دەتوانێت زمانی ئایین، مرۆڤایەتی و سیاسەت پێکەوە گرێ بدات. سەرۆک بارزانی بە دیدگایەکی نەتەوەیی فراوان، شەرعیەتێکی مەعنەوی بۆ مافەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان، بەتایبەت لە ڕۆژاوای کوردستان دەستەبەر کرد و بە جیهانی ڕاگەیاند کە هەولێر چەقی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پەناگەی سەرەکی هەموو کوردێکە لە هەر کوێیەک بێت، وە لە گوزارشتێکی ڕاشکاو و مێژووییدا بۆ نەیارانی کورد دەفەرموێت: "هەرگیز لەگەڵ شەڕ نەبووین بەڵام ئەگەر بیانەوێ تەعەدا بکەن ئێمەش ئامادەی هەموو شتێک دەبین".

* ئەندازیاری هاوسەنگی و دیپلۆماسی متمانە، کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی بە کارامەییەکی بێوێنە لە دیپلۆماسیی "نەرم و کاریگەر"، هەولێری کردووەتە وێستگەی هەرە گرنگی دیداری سەرکردە سیاسییەکان و نێردە نێودەوڵەتییەکان. ئەو بە زمانێکی سەردەمیانە و دیدگایەکی پراگماتی (واقیعبینانە)، متمانەیەکی قووڵی لای پایتەختە بڕیاربەدەستەکان دروست کردووە، بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان وەک "تەوەرەی ئاشتی و سەقامگیری" لە ناوچەکەدا دەبینرێت. نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی بە لێهاتووییەوە فشارە هەرێمییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەتی سیاسی و پێگەی فەرمی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت و بەهێزتر بکات.

* داڕێژەری ئاسایشی ئابووری و نوێنەری نەتەوەیی لە داڤۆس
مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی خاوەن دیدگای دەوڵەتداری، لە سەکۆی جیهانی داڤۆسدا، دۆزی کوردی لە قۆناغی "چاوەڕوانی بۆ هاوکاری" گواستەوە بۆ قۆناغی "بەرژەوەندییە هاوبەشەکان". کردنەوەی "ماڵی کورد" لە لووتکەی داڤۆس، تەنها هەنگاوێکی سیمبۆلی نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەرمی ئامادەیی سیاسی و ئابووریی کوردستان بوو وەک کارەکتەرێکی کاریگەر لە جیهاندا. مەسرور بارزانی لە ڕێگەی زنجیرە دیدارە دیپلۆماسییە چڕەکانی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان و خاوەن بڕیارە جیهانییەکان، توانیویەتی پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بەرفراوان بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد فەراهەم بکات و دۆزی کورد وەک زامنی سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە ناو ئەجێندای وڵاتانی بڕیاربەدەست. ئەو بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی مۆدێرن بۆ ئاسایشی وزە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، نیشانی دا کە کوردستان دەتوانێت ببێتە کلیلێکی گرنگ بۆ چارەسەری قەیرانە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەمەش وایکردووە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان وەک هاوبەشێکی "بڕواپێکراو" سەیری بکەن، کە دەتوانێت لەناو جەرگەی هاوکێشە جیهانییەکاندا، بە هێزی ئابووری و پشتگیری وڵاتان داکۆکی لە ناسنامە و مافەکانی نەتەوەکەی بکات.

هێزی سێقۆڵیی بارزانی سەلماندیان کە کوردستان بە یەکڕیزی و بەکارهێنانی "هێزی نەرم"، دەتوانێت لەناو جەرگەی بڕیارە جیهانییەکاندا داکۆکی لە شکۆ و مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکات. ئەم سێ ئاراستە جیاواز بەڵام یەکگرتووە، قەڵغانێکی پۆڵایینیان بۆ دۆزی کورد دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە پێگەی کورد لە "قوربانییەکی بێدەنگ"ەوە گۆڕدراوە بۆ "کارەکتەرێکی سەرەکی و بڕیاردەر" لە نەخشەی نوێی جیهاندا. ئەم متمانە نێودەوڵەتییە، گەواهی ئەوەیە کە کورد چیتر تەنها چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکان ناکات، بەڵکو خۆی بەشێکی سەرەکییە لە داڕشتنی هاوکێشەکان. ئەمڕۆ کوردستان بە حیکمەتی مەرجەع و کارامەیی هەردوو سەرکردە، پێی ناوەتە قۆناغێک کە تێیدا شکۆ و سەربەخۆیی بڕیار، هێڵی سووری نەتەوەیە و هیچ تەحەدایەک ناتوانێت ئەم ئیرادە پۆڵایینە ڕابگرێت.

حسیبە سعید گەردی

هــێزی سـێقۆڵیی بارزان؛ مەرجەعیەت، ئاشتی و ئیراده‌ وەک سێ جەمسەری ستراتیژی لە هاوکێشەی بڕیاری نێودەوڵەتیدا.
Top