پارادایمی کوردی لە نێوان چنگی شێر و فێڵی ڕێویدا: خوێندنەوەیەکی فەلسەفەی مێژوویی بۆ دۆخی ڕۆژئاڤا

پارادایمی کوردی لە نێوان چنگی شێر و فێڵی ڕێویدا: خوێندنەوەیەکی فەلسەفەی مێژوویی بۆ دۆخی ڕۆژئاڤا

 

 

لە مێژووی سیاسی گەلاندا هەمیشە هێز بەتەنیا چارەنوسی یەکلای نەکردۆتەوە بەڵکو چۆنیەتی بەکارهێنانیش کاریگەر بووە،  لێرە مەبەستمان لە هێز تەنیا چەک و سوپا نیە بەڵکو عەقل و سیاسەتیشە .کورد وەک نەتەوەیەک هەمیشە لە لاپەڕەکانی مێژوودا وەک (شێر، قارەمانی بێ وێنە، پلنگی چیا،  جەنگاوەرێک کە دوژمنەکانیش سەرسام کردووە) وێنا کراوە، بەڵام لە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیکدا بەتایبەتی لای نیکۆلۆ میکاڤیلیدا، مەرج نییە بە تەنها خاوەن هێزبیت  بەڵکو دەبێت ئەکتەرێکی لێهاتووی فڵیبازیش بیت. بۆیە لە کتێبی (میر)دا باس  لەوە دەکاتەوە ئەگەر بە تەنیا شێر بیت ناتوانیت تەڵەکان بناسیتەوە ڕەنگە بەو بەهێزیەوە بکەویتە داوی تەڵەوە، وە ئەگەریش بە تەنیا ڕێوی بیت ناتوانیت ڕووبەڕووی گورگەکان ببیتەوە بۆیە پێویستە  هەم شێر بێت بۆ ترساندن و ڕاوەدوونانی گەلە گورگەکان، هەمیش ڕێوی بێت بۆ ناسینەوەی تەڵەکان. کاتێک سەیری  کارەساتی ئەم چەند ڕۆژەی ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەین دەبینین کێشەی ئێمە لە سەرکردەکاندا نییە بەڵکو لەو عەقڵییەتە گشتییە ئاڵۆزە دایە کە ڕێز لە شێری ناو جەنگ دەگرێت بەڵام سووکایەتی بە ڕێوی ناو سیاسەت دەکات.

لە عەقڵییەتی کوردیدا (چ لای بەشێک لە سیاسیەکان، چ لای ڕۆشنبیر و تەنانەت لە ناو جەماوەریشدا) سیاسەت وەک کایەیەکی ئەخلاقی و سۆزداری دەبینرێت. ئێمە هەمیشە شانازی بەوە دەکەین کە شێرین و ئازاین و ڕاستگۆین و لە پێناو خاکدا دەجەنگین. بەڵام هەر ئەم عەقڵییەتە فێڵ و تەڵەکەبازی و مانۆڕی سیاسی وەک کارێکی نائەخلاقی و ڕێوی ئاسا دەبینێت و لێی دەترسێت. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە هەمیشە لە مەیدانی جەنگدا بە خوێن دەبەینەوە بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ بە واژۆ دەدۆڕێین.

 

ئەم شکستەی ئێستا  پێش ئەوەی شکستی سەربازی بێت شکستی ئەو عەقڵییەتە گشتییەیە کە ڕۆشنبیر و سیاسی و کۆمەڵگەی ئێمەی گرتووەتەوە. ئێمە گیرۆدەی جۆرە سۆزدارییەکی سیاسین کە پێی وایە چونکە ئێمە ئازاین، مەزڵومین و دژی توندڕەویی دەجەنگین، ئیتر دەبێت جیهان و زلهێزەکان بمانپارێزن. ئەم عەقڵییەتە وا دەزانێت ئەمریکا و ئیسرائیل یان هەر هێزێکی تر، لەبەر جوانیی دیموکراسییەتەکەی ئێمە یان ئاشتیخوازیی کورد ڕێگە نادەن ڕۆژئاوا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بکەون.  ئەمە ئەو وەهمە کوشندەیەیە کە عەقڵییەتی کوردی تێیدا نوقم بووە. لە جیهانی ڕاستەقینەی سیاسەتدا (واقیعی سیاسی)، هیچ هێزێک لەبەر سۆز و ئەخلاق پشتیوانیت ناکات. ئەمریکا و ئیسرائیل وەک ڕێوی مامەڵە دەکەن ئەوان تەنیا کاتێک لە تەنیشت شێرێک دەوەستن کە بەرژەوەندییان تێدا بێت. کاتێک هاوکێشەکان دەگۆڕێن و بەرژەوەندییە گەورەکانی ئەوان لەگەڵ لایەنە هەرێمییەکان یان لە سازانە نوێیەکاندا یەکدەگرێتەوە، زۆر بە ئاسانی پشت لەو شێرە دەکەن کە تەنیا بە چەک و قارەمانێتی دەجەنگێت و هیچی تری بەدەستەوە نییە بۆ مانۆڕکردن

 

عەقڵییەتی کوردی لە ناو بازنەی پابەندبوون بە پرەنسیپەکان و شانازییە مێژووییەکاندا گیری خواردووە، نەیارە عەرەبەکانی دەوروبەرمان مۆدێلێکی تەواو جیاواز لە ڕێویبوونی میکاڤیلی پێشکەش دەکەن. ئەوان سەلماندوویانە کە لە پێناو مانەوەی دەوڵەت و پاراستنی دەسەڵاتدا ئامادەن هەموو جۆرە یاریەک بکەن ئەوان کەی پێویست بکات دەبنە جیهادیی توندڕەو، کاتێکیش باڵانسی هێز بگۆڕێت دەبنە سیکۆلاری مۆدێرن ڕۆژێک دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدەن و ڕۆژی دواتر دەبنە نزیکترین دۆستی تێل ئەڤیڤ. ئەم گۆڕانکارییە پارادایمییە نیشانەی بێ ئەخلاقی نییە لە سیاسەتدا، بەڵکو نیشانەی عەقڵییەتێکی پراگماتییە کە تەنیا یەک ئامانجی هەیە ئەویش مانەوە.

بەداخەوە پارادایمی کوردی هێشتا وەک شێرێکی کلاسیک سەیری گۆڕەپانەکە دەکات و چاوەڕێی سۆز لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، لە کاتێکدا نەیارەکانی بە فێڵی ڕێوی ئاسا بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەمان ئەو هێزانەدا گرێ دەدەنەوە. تا ئەو کاتەی کورد تێ نەگات کە سیاسەت گۆڕەپانی گۆڕان و مانۆڕە نەک جێگیربوون لەسەر مەزڵومییەت، هەر دەبێت بینەری ئەوە بین کە چۆن ڕێوییە سیاسییەکان بەرهەمی ڕەنج و خوێنی شێرەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەبەن.

Top