ئەیاز یوسف زاخۆیی؛ تەمەنێكی كورت و داهێنانێكی نەمر

ئەیاز یوسف زاخۆیی؛ تەمەنێكی كورت و داهێنانێكی نەمر

ئەیاز یوسف ئەحمەد، ناسراو بە (ئەیاز زاخۆیی)، لە 20-02-1961 لە گەڕەكی جوولەكەكانی شارۆچكەی زاخۆ لەدایك بووە. قۆناغی سەرەتاییی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەحمەدی خانی خوێندووە. پاشان ئامادەییی كشتوكاڵی لە زاخۆ تەواو كردووە و چوەتە كۆلێژی سەربازی لە بەغدا و پلەی ملازمی بەدەست هێنا و لە سوپای عێراق دەستبەكار بووە. هەر لە قۆناغی منداڵییەوە خولیای هونەر و گۆرانیی ڕەسەنی كوردی بووە و زۆربەی كاتەكانی لە دیوەخانەكاندا بەسەر بردووە، ئەو شوێنەی كە قوتابخانەی یەكەمی بوو بۆ ئاشنابوون بە دەنگی هونەرمەندە میللییەكان و فێربوونی مەقام و گۆرانییە ڕەسەنەكان. دوای تەواوكردنی قۆناغی ناوەندی، ڕووی لە ئامادەیی كشتوكاڵ كردووە، بەڵام خەونی هونەر هەمیشە لەگەڵیدا بووە.

ئەیاز یوسف زاخۆیی؛ تەمەنێكی كورت و داهێنانێكی نەمر

ئەیاز زاخۆیی هێشتا هەر منداڵ بووە لە قوتابخانەی ئەحمەدێ خانی گۆرانی و سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی گوتووە، لە ساڵی 1970، لە ئاهەنگی هاوڕێ و خزم و كەس و كاریشی بە دزی باوكی گۆرانیی گوتووە، باوكی پێی ناخۆش بووە، بەڵام لە ساڵی 1977 كە باوكی كۆچی دوایی دەكات، زیاتر بەشداری ئاهەنگەكانی دەكات، هەر هەمان ساڵ بەشداریی لە فێستیڤاڵی (ڕەبیع) ی كردووە كە لەسەر ئاستی عێراق بووە لە مووسڵ سازكراوە و بە گۆرانیی (نەگری نەگری)ی هونەرمەند بەشار زاخۆیی بەشدار بووە و پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە، و دەنگ و سەدایەكی زۆریشی هەبووە.

كاروانی هونەری و تۆماركردنی شاكارەكان

ئەیاز خاوەنی گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی فۆلكلۆری و ڕەسەنی كوردی بوو، لەبەركردنی سەدان چیرۆك، پەندی پێشنیان و داستان، وای كردبوو هەمیشە بەدوای كەلەپووردا بگەڕێت تا هونەرەكەی پێ دەوڵەمەند بكات. سەرەتا لە ئاهەنگ و فێستیڤاڵ و بۆنە تایبەتیەكاندا دەستی بە چڕینی گۆرانی كرد.

ئەیاز یوسف زاخۆیی؛ تەمەنێكی كورت و داهێنانێكی نەمر

وێستگەی زێڕینی ژیانی هونەریی ئەیاز چوونی بوو بۆ ئێزگەی كوردی لە بەغدا، لەوێ شارەزایان بە بیستنی دەنگی، پاشەڕۆژێكی گەشیان بۆ خواست. ئەو گۆرانییانەی لە بەغدا تۆماری كردن بوون بوونە هەوێنی ناسراویی، لەوانە: «من دیت جارا عەولی، لاندك، بەس خۆ گرانكە، ئەڤین دایێ، دێ بهەژینە، كەڤۆك، چوخك، چبكەم ئەز، هیڤی و گۆڤەندە» هەروەها سروودەكانی «نەڤرۆز و شەهید».

جگە لە بەرهەمەكانی ئێزگە و تیپی دهۆك، ئەیاز سێ كاسێتی بڵاو كردەوە و لە ساڵی ١٩٨٢یشدا لە زاخۆ كاسێتێكی دیكەی تۆمار كرد كە گۆرانییەكانی «ئەگەر دنیا هەمی گۆلبن، های بەردەبەردە، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ، بەستەی پازنیل»ی لەخۆ گرتبوو، هەروەها چەند بەرهەمێكی دووقۆڵییشی لەگەڵ هونەرمەند «ئەردەوان زاخۆیی» ئەنجام داوە. لەم كاروانەدا كۆمەڵێك شاعیر و هونەرمەند هاوكاری بوون وەك «عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەمەد، سەگڤان عەبدولحەكیم، بەدرخان سندی و عەبدوڵڵا حوسێن».

ئەیاز زاخۆیی مرۆڤێكی خوێنشیرین و ڕووخۆش بووە، هەموو هاوڕێ و دراوسێكان و هونەرمەندانی خۆشویستووە، زۆریش خێرخواز بووە، ئەو كاتەی كە سەرباز بووە، ناوەناوە بوتڵێك خوێنی خۆبەخشانە بەخشیوە بۆ ئەوەی هەفتەیەك مۆڵەت (ئیجازە) ی بدەنێ تا بتوانیت لە ئاهەنگی هاوڕێكانی یان خزم و كەسانی ئامادە ببێت، چەندین جاریش ئەم كارەی دووبارە كردووەتەوە.

گۆرانییە نیشتمانپەروەریەكانیشی بریتین لە: «وەڵاتێ من، بسكێت تە زراڤن، شەهید چاڤا ڤەكە تو نامری، قەدە خێلی قەدە، سروودی نەورۆز»، كە ببوونە هاندان و بەرز كردنەوەی مەعنەوەییاتی پێشمەرگەی كوردستان.

لە ساڵی 1980 هونەرمەندی شاعیر و ئاوازدانەر «عەبدولعەزیز سلێمان» یەكەم گۆرانیی داوەتێ بە ناوی «شەهید چاڤە ڤەكە...»، لە ساڵی 1982 بە هاوكاری هەر یەك شاعیر و میدیاكار ڕەوانشاد «سەگڤان عەبدولحەكیم و هونەرمەند سەمیر زاخۆیی» یەكەم بەرهەمی خۆی كە گۆرانی «من دیت جارا عەولی»، لە ڕادیۆی كوردیی بەغدا تۆمار كردووە، لە ساڵی 1985 لە زاخۆ كاسێتێكی تۆمار كردووە كە چەند گۆرانییەك بوو، لەوانە: «ئەگەر دنیا هەمی گۆلبن، های بەردەبەردەك، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ و بەستەی پازنیل». ئەیاز زاخۆیی بە نیاز بووە هەندێك گۆرانی بە زمانی عەرەبییش بڵێت و بڵاویشی بكاتەوە، كە لە هۆنراوە و ئاوازی «خاڵس زاخۆیی» بووە.

جگە لەو گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دهۆك تۆماری كردوون، سێ كاسێتی دیكەشی لە تۆمارگەی «تۆمار» تۆمار كردووە. هەروەها چەند گۆرانییەكی بە دوو قۆڵی لەگەڵ هونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی گوتووە. ئەیاز زاخۆیی زیاتر لە 200 گۆرانیی تۆماركراوی هەیە كە نزیكەی 100 گۆرانیی فۆلكلۆری و لە دانانی خۆیەتی و «مەوال و حەیران»یشی گوتووە. هەروەها گۆرانیی هەندێك لە گۆرانیبێژەكانی كوردی گوتووە وەك: «بەشار زاخۆیی، تاهیر تۆفیق، تەحسین تەها، حەسەن زیرەك، شەماڵ سائیب، فوئاد ئەحمەد، ئەیاز زاخۆیی و سەمیر زاخۆیی».

كۆچی دوایی و وەسێتنامە

بەداخەوە تەمەن ڕێگەی نەدا ئەم دەنگە زوڵاڵە زیاتر خزمەت بكات. ئەیاز زاخۆیی لە ڕۆژی شەممە ٢٠ی ١ی ١٩٨٦، لە نەخۆشخانەی سەربازیی موسڵ ماڵئاوایی لە ژیان كرد. لەسەر وەسیەتی خۆی، بەر لە بەخاكسپاردنی، تەرمەكەی بەناو شاری زاخۆدا گێڕدرا و بە دەنگی گۆرانیی «وڵاتێ من باخچێ گوڵان» ماڵئاوایی لێ كرا.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر كۆچیدا، هێشتا بەرهەمەكانی ئەیاز زاخۆیی بە زیندوویی لە زەین و خەیاڵی نەوەكاندا ماونەتەوە و وەك قوتابخانەیەك بۆ هونەرمەندە لاوەكان دەمێننەوە.

Top