داستانێک لە ئازار و پۆڵا: چیرۆکی دەرزی و تەزووەکەی خواکوڕک

داستانێک لە ئازار و پۆڵا: چیرۆکی دەرزی و تەزووەکەی خواکوڕک


لە ئابی ١٩٨٨دا، کاتێک ئاسمانی خواکوڕک بە دووکەڵی باروود و تۆپی دوژمن داپۆشرابوو، چیاکان گەواهیی داستانێکی بێوێنەیان دەدا. لەو ناوەندەدا، سۆرکان ملا شێرۆکی، ئەو پیاوەی لە ئاگر و ئاوارەیی نێو کەمپەکاندا پشوو مابوو، جەستەی بووە نیشانەی چەندین پارچە سارۆخ و گوللە.

لە "سەری کۆراڤا"، لەو شوێنەی کە تەنیا هەڵۆکان لێی دەگیرسانەوە، سۆرکان بە برینداری کەوت. خوێنەکەی ئاوێتەی خاکی پیرۆزی کوردستان ببوو، بەڵام چاوەکانی هێشتا بڕوایان بە سەرکەوتن تێدا دەدرەوشایەوە. لەو کاتەدا نە دەرمانێکی سڕکەر هەبوو بۆ بێدەنگکردنی ئازار، نە کەرەستەیەکی پزیشکیی مۆدێرن بۆ ساڕێژکردنی برینە قووڵەکانی.

لەو ساتە پڕ لە ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگدا، بڕیارێکی مێژوویی درا. پزیشکی پێشمەرگە، دکتۆر ساڵح سورچی، بە ڕاسپاردەی فەرماندە عومەر عوسمان، دەستی بۆ کەرەستەیەکی غەریب برد؛ "دەرزی و تەزوویەکی ئاسایی دوورمان".

دیمەنەکە هێندە پڕ لە ئازار بوو، کە تاشەبەردەکانیش دەلەرزین، بەڵام سۆرکان نەلەرزی. دەرزییەکە گۆشتی جەستەی دەدڕی و تەزووەکە برینەکانی دەدوورییەوە، بەبێ ئەوەی یەک زڕەی لێوە بێت یان چاوێکی دابخات. ئەو لەو ساتەدا تەنیا برینەکانی نەدەدوورییەوە، بەڵکو لاپەڕەیەکی نوێی لە خۆڕاگری بۆ مێژووی کورد دەنووسییەوە. هەر تەقەڵێک کە لە جەستەی دەدرا، پەیمانێکی نوێ بوو بۆ وەفاداری بە ڕێبازی بارزان.

سۆرکان ئەو ڕۆژە نەمرد، چونکە بڕیار بوو ببێتە "شەهیدێکی زیندوو". ئەو ئازارەی لە خواکوڕک بە دەرزی و تەزوو لە جەستەی چەسپا، بۆ ماوەی ٢٧ ساڵی تر بووە هاوڕێی ژیانی، تا دواجار لە ساڵی ٢٠١٥دا، ئەو برینە کۆنانە بوونە باڵ و بەرەو ئاسمان و کاروانی نەمرانی نیشتمان بەرزیان کردەوە.

سەرچاوەکان:

حامید گەوهەری، مستەفا بارزانی- پێشمەرگە سەرۆک، ل (٣٠ و ٤٤).

جەمال محەمەد عەلی ئیسقەیلی، داستانی خواکوڕک و بیرەوەرییەکانم، چاپی ٢٠٢٠، ل (٥٢).

عومەر عوسمان، ژیانی کوردێک، بەرگی (١ و ٢)، هەولێر، ٢٠١٣، ل (١٤٤).

سەفەر کەریم هاواری، خواکوڕک سیمبولی داستانەکانی پێشمەرگە، چاپی یەکەم، ٢٠١٩، ل (٤٣٣).

Top