دیداری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆک سیسی پەیوەندییە مێژووییەکان دووپات دەکاتەوە.
رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە قاهیرە و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆبووەوە، لە سەردانێکی مێژووییدا کە پەیوەندییەکانی میسر و کوردستان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و هاوکاریی هاوبەش لەسەر هەموو ئاستەکان دووپات دەکاتەوە و پتەوتر دەکات.
سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی لەلایەن گەلی کوردەوە وەک یەکێک لە گرنگترین سەرکردە عەرەبییەکان سەیر دەکرێت کە پشتیوانی لە مافە نەتەوەییەکانی کورد دەکات، لەو کاتەوەی لە کۆنفرانسی لاوان لە شەرم شێخ لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کچێکی کورد قسەی لەسەر کردووە، سێ جار سەردانی عێراقی کردووە، لەو ماوەیەدا پێداگری لەسەر قسەکردن لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی وڵات و گەلەکەی کردووە، نەک تەنها بۆ عەرەبەکان. پیاوێکی سەربازییە و ڕۆڵێکی ناسراوی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، دیاردەیەک کە عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە بەدەستیەوە دەناڵێنێت و لە ساڵی ٢٠١٧دا کورد قوربانییەکی زۆری دا بۆ نەهێشتنیان.
میسر لە مێژە باوەشی بەڕووی کورددا کردۆتەوە، کە بە ئارامی و ئاسایش لەوێ نیشتەجێ بوون و بوونە بەشێک لە مێژووی ئەو وڵاتە.، دیارترینیان ڕۆڵی سەلاحەدین لە ڕزگارکردنی قودس و ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕە خاچپەرستەکان. میسر لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا شانازیی دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لەسەر خاکی نیل لە ڕێگەی چاپخانەکانی دار ئەلهیلالەوە لە ساڵی ١٨٩٨دا هەبوو، لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا، سەرکردەی عەرەب جەمال عەبدول ناسر لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ لە قاهیرە پێشوازی لە سەرکردەی کورد ژەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانیی نەمر کرد، و فەرمانی پەخشی ڕادیۆیی بە زمانی کوردی لە دەنگی عەرەب کرد کە ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦٨ بەردەوام بوو هەروەها حوسنی موبارەک سەرۆکی کۆچکردوو لە ساڵی ٢٠١٠ لە قاهیرە پێشوازی لە سەرکردە مەسعوود بارزانی کرد و لە میانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنیشدا عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆمار ساڵانێک لەمەوبەر لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆبووەوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قاهیرە دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و هەولێر لەسەر هەموو ئاستەکان. لە نێوان هەردوولادا پرەنسیپی هاوبەش هەیە، هەردوولاش ڕۆڵی ستراتیژییان لە ناوچەکەدا هەیە. کوردستان دەتوانێت سوود لە شارەزایی میسری لە بوارە جیاجیاکان وەربگرێت و ببێتە راکێشانی وەبەرهێنانی نوێی میسری.
هەروەها دەکرێ دابینکردنی دەرفەتی وەبەرهێنانی ناتەقلیدی بۆ بازرگانانی میسری لە هەولێر و تەواوی شارەکانی هەرێم فراوان بکرێت، کە هاندان و گەرەنتی وەبەرهێنانی بەهێزی تێدایە، کەشوهەوایەک کە ڕێگە بە زۆر شت دەدات، کولتوورێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەلەکەدا، خۆشەویستییەک کە میسری و کورد یەکدەخات کە هیچ سنوورێک ناناسێت.
بە هەمان شێوە کورد ئاواتەخوازە ئاسانکاری زیاتر بۆ ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان لە میسر، و بۆ خوێندکارانی کە لە زانکۆکانی دەخوێنن. ئەوان تەماحێکیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەسەر دەستی ئەکادیمیست و زانایانی باڵای میسری. ئەزمونی ئەزهەر ئەلشەریف لە هەولێر لە پێشەنگی لیستی پڕۆژە پەروەردەییە سەرکەوتووەکان بە هاوکاری کوردستان و میسر بووە.
بە دڵنیاییەوە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی هاوکاری نوێ و بەردەوام و گەشەسەندوو لە نێوان قاهیرە و هەولێر. هەردوو حکومەت ئەم دەرفەتە لەدەست نادەن، کە سەرنجی هەموو ناوەندەکانی سیاسی و ئابووری هەرێم بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. هیوادارین گەلانی میسر و کورد لە ئایندەیەکی نزیک و دووردا هەموو ئەو شتانەی کە ئاواتەخوازن لەم هاوکارییە بچنن، چونکە ئێمە یەک ئامانج و چارەنووسی هاوبەشمان هەیە.
بە دڵنیاییەوە دەرفەتەکان بۆ بەرزکردنەوەی وەبەرهێنانی میسر لە کوردستان ئامادە دەبن، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم یاسایەکی هەیە کە پاڵپشتی وەبەرهێنان دەکات، هەروەها پێشوازییەکی گەورە بۆ بوونی میسر لە بازاڕی کورددا هەیە، کار و شارەزایی میسریش سەرکەوتنی گەورەیان لەوێ بەدەستهێناوە.
گەشتیاری کەرتێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان میسر و کوردستان. سروشتی ناوچەکە سەرنجڕاکێشە، شاندی گەورە لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و بیانی وەردەگرێت. بەهەمان شێوە شارە کەناراوەکانی میسر و شوێنەوارەکانیش جێگەی سەرنجی گەشتیارانی کوردن. ئەمە کەرتێکە کە پێویستی بە ئاسانکاری هاوبەش هەیە لە نێوان هەردوولادا.

شێرکۆ حەبیب