کارەساتەکەی چەمچەماڵ و چەند ڕاستییەک
لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر چەند ناوچەیەک ڕووبەرووی لافاو بوونەوە، ئەوەی زیاتر بووە جێگەی سەرنجی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەو کارەساتە و کاریگەرییەکەی بوو لەسەر چەمچەماڵ، کە کۆمەڵێک راستی دەرخست، کە دەبێ لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت و هەموو لایەک دان بەو راستیانەدا بنێن و کار بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و هەمووان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی ئامادەی سازش بن.
ئەگەر بەوردی سەیری هەڵوێستی زۆرینەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بکەین لە درێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە کاریان لەسەر ناوچەگەری و شارچیەتی و دروستکردنی جیاوازیی نێوان شارەکانی هەرێم کردووە، بەڵام پێچەوانەی ئەم هەنگاوە، لە ماوەی کارەساتەکەی چەمچەماڵ، خەڵکی هەولێر و بادینان هەمیشە ئەم بانگەشەیەی ڕەت کردۆتەوە، هاوکات سەرمایەداران جارێکی تر وەک چۆن لە ڕابردوودا لە هەموو کارەساتەکان پیاوانە هاتوونەتە سەر تەخت، بە دەیان ملیۆن دیناریان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووان کۆکردۆتەوە، بەشێوەیەکی تر، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان هەژمونی ناوچەگەریان ڕەتکردەوە کە هەمیشە خزمەتی بە ئەجێندای دوژمنانی کورد کردووە لە ڕابردوودا.
لەلایەکی ترەوە، خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش لەم کارەساتەدا ئەوەیە، کە جیاوازیی خزمەتگوزاریی نێوان ئەم دوو زۆنەیە، هاوکات ئاستی بژێویی خەڵکی ئەم ناوچانە زۆر لە ئاستێکی مەترسیداردایە، لەهەمان کاتدا ئەوانەی مەبەستیان بوو بەخەڵکی کوردستان بڵێن لە خەبات و لاجان خەڵکی سنورەکە سوودمەند نین لە پرۆژەکانی وزە لەم ناوچانەدا، بەڵام پێچەوانەکەی دەرکەوت، بەشێوەیەک زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە لەم پرۆژانە کاردەکەن، لە ماوەی ڕووماڵی چەند رۆژەی ڕابردووی کارەساتەکەی چەمچەماڵیشدا، ئەو راستییە دەرکەوت کە خەڵکی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک سوودمەند نین لە پرۆژەکانی وزە لەناوچەکەدا، هاوکات دەبێ هەمووان بزانن ئەگەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەم ناوچانە دەستکراوە بووایە، بارودۆچی ئەم ناوچانە بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو، هەم لە رووی خزمەتگوزارییەوە و هەمیش لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم لافاوەکان.
ڕووماڵی راستەقینە و پرۆفیشناڵانەی میدیایی ئەم کارەساتە، جێگەی دەستخۆشییە، بە شێوەیەک کەمترین سەرنج خرابووە سەر ئیدارە و حیزب، بەڵکو تەنها مەبەست هاوکاری دانیشتووانە زەرەرمەندەکە بوو. ئەمە لە کاتێکدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەولێر هەمان کارەسات رووی دا، بەڵام کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوبەشەکانیش لە دەسەڵات، کەوتنە وێزەی حکومەت و ئاراستەی کارەساتەکەیان تەواو حزبیانە و ئاراستە کرد، بە شێوەیەک بوو کە لەبەر رووماڵی حزبیانە، خەڵکی زەرەرمەند لەبیر کرابوو، ئەمە سەرباری ئەوەی، کە ئەو شتەی زیاتر جێگەی سەرنجە، بێهەڵوێستیی بەناو رۆشنبیر و راگەیاندنکارەکانی دەڤەری سلێمانییە، کە بەشێکیان هەمیشە لە بەرەی شکاندن و دژبەرانیی هەرێمن، بەڵام بە یەک هەڵوێستیش پاڵپشتیی زیانمەندانیان لەم کارەساتەدا نەکرد.
دەکرێ خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەبێ کە هیچ کاممان بەلایەوە نەچووبین، ئەویش هەڵوێستی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بێت کە هەمیشە لە کێشەکانی نێوانیان ئامادە بوون هاوکاری بۆ زیاتر پەرەسەندنی ناکۆکییەکانمان، لە کاتێکدا بە یەک بەیاننامەش بەشدار نەبوون بە هاوخەمی بۆ ئەم کارەساتە، کەوابێ دەکرێ کارەساتەکەی چەمچەماڵ بکەین بە سەرەتایەک بۆ یەکهەڵوێستی و یەکگرتووییمان لە بەغدا، بە شێوەیەک بە یەکدەنگی بە بەغدا بڵێین، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بەرامبەر بە بەشداری لە حکومەتی داهاتوو لە بەغدا، هاوکات هەموو هەوڵەکانی پێ بکرێتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆئەوەی قۆلی لێهەلمالین و خۆمان یەکلا بکەینەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان کە شایەنی هەموو خزمەتێکن.

محەمەد عەلی