شتە بچوکەکان بەلاوە بنێ
(ڕیتشارد كارلسون) نوسەر و وتاربێژی ئەمریكی دەڵێ"گرینگی بە كاروبارە بچووكەكان مەدە کە هەموو كاروبارەكانیش بچووكن".
بێ شك لە ژیانی ڕۆژانەی هەر مرۆڤێكدا كۆمەڵێ بابەت و كاروباری ڕۆژانە هەن و ڕوودەدەن و كاریگەری و قەبارە و گرینگی و بایەخیان جیاوازە، گرینگە مرۆڤ جەخت لە لە سەر بابەتە بچووكەكان نەكاتەوە، چونكە گرینگیدان و بابەخدان بە بابەت و كاروباری بچووك و سادە هەم كات بە فیرۆ دانە هەمیش بیرو هەستی مرۆڤ پەرتەوازە و ئیفلیج دەكات سەرەڕای ئەوەی دەبێتە مایەی دوودڵی و ڕاڕایی كە ئەوەش خۆشی و لەزەت و چێژی ژیان لە دەست دەدات. جودا لەوەش هەر گرینگیدانێك بە بابەت و كاروباری بچووك مرۆڤ دووردەخاتەوە لە گرینگیدان بە بابەت و كاروباری گەورە و پێویست كە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و كاریگەرییان بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە. بۆیە گرینگە هەوڵ بدەین و خۆمان ڕابهێنین لەوەی بابەت گەلێكی سادە و ساكار و بچووك و پووچ فەرامۆش بكەین و بەلاوەی بنێین و بەدوای دانەچین،چۆن دەڕوات چی بەسەر دێ باوا بێت بۆ ئەوەی دانەبڕێین لە بابەتە گرینگ و چارەنووسسازەكان كە ئەوەش داواكراو پێویستە، لێرەدا گرینگە هەوڵ بدەین پشوو درێژ و ڕازی و هێور و ئاسودە و تێگەیشتوو و بە ئاگا و ئەرێنی بین لەو شتانەی كە لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن. دەگێڕنەوە " مامۆستایەك هەروەكو جاران بە پەلە خۆی كرد بە هۆڵی قوتابیەكانی و پرسیاری لێ كردن ئەگەر هاتوو بڕی (٨٦٤٠٠) هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد دۆلارتان لابوو لە ناكاو یەكێك هاتوو (١٠)دە دۆلاری دزی لێتان ئایا بەدوای دەكەون و ئێوە لە دەستتان (٨٦٣٩٠)هەشتاو شەش هەزار و سێ سەد و نۆهەت دۆلارتان لاماوە. یانیش بە جێ دەهێڵن و ڕێگای خۆتان تەواو دەكەن. هەموو قوتابیەكان وەڵامیان دایەوە بێگومان بە جێ دەهێلین و پارێزگاری لە (٨٦٣٩٠) دۆلارەكە دەكەین. مامۆستاكە گوتی كەچی هەندێك كەس پێچەوانەكەی ئەنجام دەدەن و بەدوای (١٠)دە دۆلارەكە دەكەون و هەموویان (٨٦٣٩٠)هەشتاوشەش هەزارو سێ سەدو نۆهەد دۆلارەكە بزر دەكەن لە پێناو (١٠)دە دۆلارەكە. قوتابیەكان بە سەر سورمانەوە گوتیان ئەوە مەحاڵە چۆن؟ و كێ وا دەكات؟ مامۆستاكە زیاتر ڕوونی كردەوە گوتی ئەو (٨٦٤٠٠)ە لە ڕاستی و دروستیدا بریتیە لە ژمارەی چركەكەكانی یەك ڕۆژ لە بەرامبەر قسەیەكی بێزاركەر كە یەكێك پێت دەڵێ یان هەڵوێست و كردەوەی یەكێك توڕە و نیگەرانت دەكات لە دە چركەدا وات لێ دەكات بیر لەو هەڵوێست و كردەوەیە بكەیتەوە تەواوی ڕۆژەكەت و ئەو (١٠)دە چركەیە هەموو (٨٦٣٩٠)چركەیەت بە فیڕۆ بدات. دواتر مامۆستاكە بە هێمن و قووڵی گوتی هەرگیز مەهێڵن هەڵوێستێك یان وشەیەكی نەرێنی و نەشیاو و هەموو وزە و بیركردنەوەت پەرتەوازە و لە بارببات و نیاز و ئارەزوو بڕیارت بڕوخێنێ ولە ناوی ببات بۆ ئەوەی ڕۆژەكەت بەجوانی بێت ئەو جۆرە ڕووداوانە تێپەڕێنە و بیری لێ مەكەوە. كات لە پارە گرنگترە و ئەو چركە ساتانەی تێدەپەڕن دەڕۆن و ناگەرێنەوە.
لێرەدا گرینگە پارێزگاری لە ڕۆژەكەت بكەیت و هەرگیز نەهێڵین شتە پڕوپووچ و بچوکەكانی ژیان گەورەترین گەوهەر و گەنجینەی ژیانمان بدزن. هەموو چركەیەك كە دەڕوا ناگەرێتەوە وا بكەین و بەكاری بهێنین لەو شتانەی كە سوودی هەیە و چێژو خۆشی و ئارامی و ئاسودەیی لێ دەبینین و وا لە ژیانمان دەكات بەها و نرخی هەبێت.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن