دكتۆر عەبدولڕەحمان شنگالی مامۆستای زانكۆی نەورۆز لە دهۆك: زۆر گرنگە پەیڕەو و بەرنامە و ئاراستەی خوێندن و پەروەردە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا بگونجێنرێن

دكتۆر عەبدولڕەحمان شنگالی  مامۆستای زانكۆی نەورۆز لە دهۆك:  زۆر گرنگە پەیڕەو و بەرنامە و ئاراستەی خوێندن و پەروەردە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا بگونجێنرێن

 

                                                                

پرۆسەی خوێندن و فێركردن بە درێژایی مێژوو بەردەوام لە گۆڕاندا بووە. لەم سەردەمەی ئێستاشدا، كە سەردەمی جیهانگیری، تەكنەلۆجیا و زیرەكیی دەستكردە (AI)، چیتر ناتوانین بە ڕێكخستنە كلاسیكی و تەقلیدییەكانی خوێندن كار بكەین، بەتایبەت لە خوێندنی باڵا، زانكۆ و پەیمانگەكاندا. لێرەدا زۆر گرنگە پەیڕەو بەرنامە و ئاراستەی خوێندن و پەروەردە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا بگونجێنرێن.

ئەم گۆڕانكارییە پێویستی بە دانانی ماستەر پلانێك یان پلانێكی درێژخایەن و دەستنیشانكردنی ستراتیژ و گۆڕینی تەكتیكەكانی پڕۆسەكە هەیە. خۆشبەختانە ئەو پڕۆسەی متمانەبەخشینە (اعتماد) كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرتوویەتییە بەر و چەند زانكۆیەك وەك نموونە بەشدارییان تێدا كردووە، ئەگەر سەر بگرێت و گشتگیر بكرێت دەبێتە هۆی نوێبوونەوەیەكی زانستی. پێویستە هەستكردن بە گۆڕانكاری لە ژێرخانی زانكۆكانەوە دەست پێ بكات. هەروەها، زۆر گرنگە زانكۆكان سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن پلانەكانی نەوەی نوێ دابنێن و پەرە بە پەروەردە بدەن و قوتابیان بۆ داهاتوویەكی گەش ئامادە بكەن. خاڵێكی دیكەی گرنگ بریتییە لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا و ئینتەرنێت و سیستەمە نوێیەكان لە جێبەجێكردنی پڕۆسەی خوێندندا. پۆلێنكردنی زانكۆكان لەسەر بنەمای زانستی و ئەكادیمی، ڕكابەرییەكی باش لە نێوان زانكۆكاندا دروست دەكات بۆ ئەوەی هەریەكەیان هەوڵ بدات پێگەیەكی باشتر بۆ خۆی دابین بكات. سەبارەت بەوەی ئایا كێشەی نەبوونی توانامان هەیە، وەڵامەكە بە شێوەیەكی گشتی «بەڵێ» و «نەخێر»ـە، چونكە وەڵامێكی ڕاستەوخۆ نییە. ڕاستە كێشەیەكی «خۆ بە كەم بینین» لای ئێمە هەیە، بەڵام ئەمە بە واتای نەبوونی توانای زانستی و ئەكادیمی نایەت.

لە ناو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان مامۆستایانی زانكۆ هەن كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان ناویان دەهێنن، توێژینەوەكانیان پێشكەشی گۆڤارە نێودەوڵەتییە گرنگ و ڕەزامەندكراوەكان دەكەن. هەروەها قوتابیانمان هەن كە ئەگەر پشتگیری بكرێن، پڕۆژە و جیهانبینییان لەگەڵ سەردەمی نوێدا دەگونجێت و كەمتر نین لە قوتابییانی وڵاتانی دیكە. بۆیە پێویستی بە گۆڕانكارییەكی گشتی سیستەمی خوێندنە، لەگەڵ دەستنیشانكردن و پشتگیریكردنی ئەو بەهرەیە كە لەناو تاكەكانی كۆمەڵگە و زانكۆدا هەیە. خۆشبەختانە هەندێك دەزگە وەك «ڕوانگە» و «ڤیژن ئێجوكەیشن» هەوڵیان داوە سەرنجیان بخەنە سەر دۆزینەوە و پشتگیریكردنی ئەو بەهرەمەندانە لە سەرانسەری كوردستاندا.

پشتگیریكردن پێویستی بە هەردوو لایەنی مادی (پارە) و فیكری (كاركردن لەسەر مێشك و باوەڕی خۆمان) هەیە. كێشەی خۆ بە كەم بینین دەبێت لە ڕێگەی ئاواكردنی خۆمانەوە چارەسەر بكرێت، مامۆستای زانكۆی هەرێم دەبێت سەیری پێگەیاندنی مامۆستای دەرەوە بكات و ئەو ڕێگەیانە بگرێتە بەر. هەروەها عەقڵییەت و جیهانبینی قوتابییانی ئێمە دەبێت زیاتر بێت و داهێنانەكانیان ببنە پڕۆژە. لێرەدا گرنگە پڕۆسەیەكی گشتگیر هەبێت، نەك شتێكی كاتی و میزاجی، بەڵكو لەسەر بنەمای زانستی پشتگیری ئەو قوتابییە داهێنەرانە بكرێت. دڵنیایە توانای تاكە كورد كەمتر نییە لە خەڵكی دەرەوە، بەڵام پێویستی بە پڕۆژەیەكی دوورودرێژ و پشتگیریكردنی تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی ئەو توانایە بكرێتە داهێنان و سوودی بۆ كۆمەڵگە هەبێت.

 

Top