وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی کورد لە وڵاتەکە بپارێزرێت

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی کورد لە وڵاتەکە بپارێزرێت

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا چاوکراوە بن، قەرزاری کوردیشن لە بەرامبەر ئەوەی دژی تیرۆر جەنگاون.

 دەیڤد ڤان ویڵ ئاماژەی بەوەشدا، گرنگە رێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ بکرێت و مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت. 

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتی: دڵخۆشین بەوەی ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق هەیە، هیواخوازین ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازین گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا هەبێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی مانگی ئاداری ڕابردوو جێبەجێ بکرێت.

گوتی: یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی کورد لە وڵاتەکە بپارێزرێت، ئەمە بۆ ئێمە تاکە چارەسەرە، گوتیشی: بە وردی چاودێری هەر پێشێلکارییەکی یاسایە مرۆییەکان لە وڵاتەکە دەکەین.

دەیڤد ڤان ویڵ دەڵێت: ئێمە لەبارەی زیندانییەکانی داعش نیگەرانین، پاراستنی ئاسایشی ئەم زیندانانە، بۆ ئاسایشی هەمووان گرنگە، ئێمە قەرزاری کردین بەرانبەر ئەوەی لە دژی داعش جەنگاون.

گوتیشی: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا ئامادەیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕیووە و بووەتە ئەندامی هاوپەیمانی دژی داعش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە بەرانبەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش چاوکراوە بین.

Top