شوێنە هەڵەکان بەجێبهێلە
(فیودو دوستویفسكی) فەیلەسوف و نوسەری بەناوبانگی ڕوسی دەڵێ"ئەگەر بە هەلە سەركەوتووی بۆ شەمەندەفەرێك ئەوا هەوڵبدە لە یەكەمین وێستگە داببەزی، چونكە تا مەودا كە زیاتر بێت ئەوا خەرجی گەڕانەوت زیاتر دەبێت".
بێگومان زۆر جاران مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی ڕووبەروی زۆر شوێن و كەسانێك دەبێتەوە كە هەڵەن، پێویستە لەو شوێنە بڕوا و دووربكەوێتەوە لەم كەسە هەڵانەش دوربێت، چونكە بەها و نرخی نازانن. بۆیە هەر كاتێك مرۆڤ كە هەستی كرد لەو شوێنە و جێگایە وەكو پێویست هەست بە نرخ و باشی بەهای ناكرێت، ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی ئەو شوێنانە هەنگاوێكی ڕاستە، پێویستە بێ دوودڵی بەجێ بهێڵێ بگەڕێت بۆ شوێنكی تر كە نرخ و بەهات بزانن و بگونجێ و شایستە بێت بە توانا و كەسایەتی و زانینی تۆ. چونكە كەسانی هەڵە و شوێنی هەڵە گیانی مرۆڤ و توانا و بەهرەی مرۆڤ دەڕوخێنن و داهێزراوی دەكەن، ئەگەر باشترین شت و چاكە پێشكەش بكەی هەستت پێناكەن و بەس نییە، بەڵام گەڕ لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆت و گونجاو و شایستە بی هەر تەنها ئامادەبوون و هەبوونت مایەی پێزانین و ڕێزگرتنە.
هەر ئەوە بوو لە ١٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ کەمانچەژەنێكی شاراوە بۆ ماوەی (٤٥)چل و پێنج خولەك كەمانچەی ژەنی لە یەكێك لە میترۆژێرزەمینەکانی نیوۆرك هەندێ خەڵك وەستان و گوێیان گرت، هەندێكیان چەپڵەیان بۆ لێدا و هەندێكیان پارەیان بۆ دانا و كەمانچەژەنەكە تەنها (٣٠)دۆلاری كۆكردەوە ، بەڵام كەسیان نەیانزانی ئەو كەمانچەژەنە یەكێكە لە مۆسیقا ژەنینە بەناوبانگەکان لە جیهان کە لەو میترۆیە قورسترین پارچە مۆسیقی ژەنی لە مێژوو لە سەر كەمانێك نرخەكەی (٣.٥) سێ ملیۆن و نیو دۆلارە، کە هەر تەنها پێش دوو ڕۆژ سەرجەم تیكتی ئاهەنگێكی ئەو مۆسیقاژەنە فڕۆشرابوو لە ئاهەنگێک لە (بۆستن)كە نرخی دانیشتنی هەر كورسیەك گەیشتبووە (١٠٠)دۆلار و لە هەر خولەكێك ژەنین بڕی (١٠٠٠)هەزار دۆلاری دەستكەوت لە بەرامبەر ژەنینی كەمانچەكەی، ئەو مۆسیقا ژەنە ناوی (جۆش وبل) یەكێكە لە بەناوبانگترین مۆسیقا ژەنەكانی كەمانچە لە جیهان.
هەروەها دەبینن بوتلێك ئاو بە نیو دۆلارە لە ماركێت هەمان بوتلی ئاو بە دوو دۆلارە لە یانەی وەرزشیی و بە سێ دۆلارە لە كافێ و سینەما وە بەپێنج دۆلارە لە ناو فڕۆكە ، كەچی هەمان ئاوی تێدایە و ئاوەكە نەگۆڕە تەنها شوێنەكە گۆڕاوە. مرۆڤیش بە هەمان شێوە لە شوێنێك بۆ شوێنی تر نرخ و بەهای دەگۆرێ و جیاوازە. بۆیە لە هەر شوێنێك مرۆڤ هەستی كرد نرخ و بەهای نازانن بیر بكەرەوە لەوانەیە شوێنەكەی هەڵە بێت و، بۆیە برۆ بێ دوو دڵی ئەو شوێنە جێ بهێڵە و بڕۆ بۆ شوێنی تر كە بەهات بزانن و لە نرخی ڕاستی و ڕاستەقینەی تۆ تێبگەن.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن