ئیسلام دژی یاسای توندوتیژی خێزانی نییە، چونکە هەڵگری پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەییە
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئایینە ئاسمانییەکان رێخکستنی ژیانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و گیانی لێبووردەیی و ئاشتی و تەباییە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا، بێگومان ئایینی ئیسلامیش لەوەبەدەر نییە، لە لایەکی تریشەوە کە لە شەرعیەتی ئیسلام قوڵ دەبینیەوە دەبینین لەرووی تەعامۆلی لەگەل دیاردە دزێو و تاوانەکاندا بەرێژەی (٪٩٠) بە گرینگی رێکارەکانی خۆپاراستن بەهەموو شێوەیەک دەدات ، ئینجا (٥٪) ی بۆ سزاکان تەرخانکردووە، ئەم جۆرە تەعاموولە لە ئیسلامدا لەسەر خێزان و تاکەکانی پیادە دەکرێت.
خێزان سەرەکیترین یەکەیە کە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەسەری دروست دەبێت، پتەوی و بەهێزی بونیادی خێزان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم یەکەیە لەسەر چ جۆرە بنەماکان بنیات نراوە و پەیوەندی نێوان پێکهێنەرەکانی چۆنە و لەسەر چ بنەمایەکە، بێگومان ئەگەر بنەماکانی خۆشەویستی و هاوکاری و وەفا و یەکتر قەبوڵکردن نەبێ، ئەوە نەک تەنیا بونیادی ئەو خێزانە هەر سات ئامادەیی لێکهەڵوەشانی تێدادەبێ و کەسی باش و باوەڕ بەخۆبوونی تێدا پەروەردە نابێت، بەڵکو دەبێتە خانەیەک کە تێیدا توندوتیژی و چەوساندنەوە تێیدا پێڕەو بکرێت و لە ئەنجامدا مرۆڤێکی شڵەژاو و نەخۆش لە ڕووی دەروونی و هەندێکجار شەڕانگێزیش پێشەکەشی کۆمەڵگە بکات، بۆیە ئەرکی حکومەت و ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو لایەنەکانی ترە لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی بە ڕۆشنبیرکردن و فێرکردنی چۆنیەتی تەعامول لەگەڵ ئەندامانی خێزان و ڕێزگرتن لە ماف و ئەرکی هەر یەک لە پێکهێنەرەکانی لە چوارچێوەی خێزاندا بدرێت،یەکێ لەو ڕێگانە کە دەبێ لە لایەن دەسەڵاتەوە بگرێتەوە بەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی هەوڵێکی بەجێی دەسەڵاتی کوردستانە لەم ڕوانگەیەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و مشتومڕە ،ئەوەیە کە هەندێ لە پیاوانی ئایینی دژی ئەم یاسایە هەستی خەڵک دەجوڵێنن بێ ئەوەی کە هەوڵی تێگەیشتنی تەواویان لە ڕۆحی یاساکە دابێ، کەی پەنابردن بۆ کەسی سێیەم بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەیەکی خێزانی، بڵاو کردنەوەی نەریتی خراپ دژی ئیسلامە، ئایە لە خودی قورئانی پیرۆزدا بەمە نەکراوە لە سوڕەتی النسا ئایەتی ٣٥...فابعثوا حکما....بە هەمان شێوە لە ماددەی پێنجەمی یاساکە هاتووە کە لەسەر دادگا پێویستە لایەنەکانی سکاڵاکار ڕەوانەی لیژنەیەکی بکات کە لە شارەزا و پسپۆڕ پێکهاتوون بۆ چاکردنەوەی نێوانیان و پێش ئەوەی کێشەکە ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێت.
هەروەها یەکێ لە سیما جوانەکانی ئیسلام روحی ئازادی و رێزگرتنی بەرامبەرە ، کەی ئیسلام لەگەڵ مرۆڤی ستەمکار بووە و پشتی لە ستەملێکراو کردووە ، ئایا ئەو توندوتیژییە خێزانیانەی کە لە خاڵی یەکەمی ماددەی دووەم ئاماژەیان درایتێ هەموویان تاوان نین کە ستەمکارێک دەیکات ، ئایا بەزۆر بەشوودان زوڵم نییە دەرهەق بە ئافرەت دەکرێ؟ ئایا زوڵم نییە کە پێکهاتەی خێزان تێک بدەی و بە زۆر ڵێکیان جیا بکەیتەوە، ئایا بەکارهێنانی هاوسەر یان خوشک بۆ کاری خراپ زوڵم نییە و چەندین (ئایا)ی تر…؟ و ئەم جۆرە کەسانە نابێ سزا وەربگرن ، ئەمانە هەمووی لە ئایەتی پیرۆزی قورئان و شەرعی ئیسلام بە تاوان دەژمێردرێن و لە شەرعیشدا سزایان بۆ هەیە، ئینجا بۆ دەبێ رێکخستنی ئەمانە بە یاسایەکی مەدەنی و دەستنیشانکردنی سزا دژایەتی ئیسلام بێ ، ئایا بۆ دەبێ ئەوەندە سەرپێیانە تەماشای یاساکە بکرێ بێ تێرامان و شرۆڤەی دروستی دەقەکان دژایەتی لەگەڵدا بکرێت لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن. باشترین رێگە بۆ لێک تێگەیشتن و چارەسەرکردنی خاڵە جیاوازەکان، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەر لایەنێک بە بەڵگەی زانستی بەرگری لە بۆچوونی خۆی بکات ، دوا جاریش رێز لە دەنگی زۆرینەی و بۆچوونی بەرامبەری بگیرێ ، نەک هەوڵی ناوزراندن و بانگەشەی دەرچوون لە شەرعی ئیسلام و تێکدانی ئایین بکرێت ، لە مینبەری مزگەوتەکان هەستی ئایینی خەڵک بجوڵێنرێت و بە ئاراستەی هەڵەدا ببردرێن، بەم شێوەیە کوردستانە جوانەکەمان بشوێنن و هەوڵی تێکدانی ئاشتی کۆمەلایەتی بدەن.

دهۆك بارزانی