شانۆگەری سەلمە دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا
دوای بەشداریی لە پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەلدەن لە شانشینی عەمان,گروپی شانۆیی هەوار كە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن,بە شانۆگەری (سەلمە)لە شاری كەركوكەوە گەیشتە ئەو فیستیڤاڵەو لە نێو بەرهەمی 18 وڵاتەوە دوو خەڵاتی بەدەست هێنا,خەڵاتی یەكەمی باشترین دەق,وە خەڵاتی یەكەمی باشترین ئەكتەری كچ.
هاوكات بەربژێر بوو بۆ چوار خەڵاتی دیكەی فیستیڤاڵەكە كە پێكهاتبوون لە خەڵاتی....
-باشترین مۆزیك و ئیفێكت
-باشترین جل وبەرگ
-باشترین ئیکسوارات وکەرەستە
-یەکەمی باشترین بەرهەمی شانۆیی
لە فیستیڤاڵەكەدا گروپی شانۆی هەوار بە شانۆگەری (سەلمە) بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بەشدار بوو,كە پێشتر ئەم شانۆگەرییە ژمارەیەك خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە,خانمە هونەرمەندی شانۆكار (هەوار فارس) ئەكتەری سەرەكی نێو شانۆگەرییەكەیە و ڕۆڵی كەسێك دەگێڕێت بە ناوی سەلمە,كە هەر دەق و جوڵەیەكی كارەساتێكی گەلی كورد دەگێڕێتەوە لە پڕۆسەی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و كۆچی گەنجان و ئەو چیرۆكانەی كە بەسەر گەلی كورد هاتوون لە ڕابردوودا.
هونەرمەندی شانۆكار(نەژاد نەجم) كاری دەرهێنانی شانۆگەرییەكەی ئەنجامداوەو دكتۆر (دڵشاد مستەفا)دەقەكەی نووسیوە,پێشتر ئەم شانۆگەرییە ژمارەیەك خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە,گرنگی بەشداریی سەلمە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان,ناساندنی گەلی كوردە بە نەتەوەكانی دیكەی جیهان لەڕێی كاری شانۆیی و گیڕانەوەی چیرۆكی جینۆساید و كیمیابارانی گەلی كورد.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
