هشیار شەعبان سكرتێری یانەی زاخۆ: وەرزش پلاتفۆرمێكە بۆ ناساندنی كەلتوور و نیشاندانی بوونی نەتەوەیی كورد بە جیهان
وەرزش نەك تەنیا چالاكییەكی جەستەییە، بەڵكوو وەك پەیامبەرێكی بەهێزی هەستی نەتەوەیی و ناسنامەی كۆمەڵایەتیشە، لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لە شاری زاخۆ ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەردەكەوێت، چونكە وەرزش بووەتە پلاتفۆرمێك بۆ ناساندنی كەلتوور و نیشاندانی بوونی نەتەوەیی كورد بە جیهان. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرجار ئاماژەی بە گرنگی و ڕۆڵی وەرزش داوە. سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەڕاستی كەمتەرخەمی نەكردووە لەم بوارەدا، خەڵكی زاخۆ بە هەموو چین و توێژەكانیانەوە پشتگیرییەكی تەواو لە وەرزشی شارەكەیان دەكەن. ئەم پشتگیرییە جەماوەرییە هەمیشە هاندەرێكی گەورە بووە بۆ یانە وەرزشییەكان. لەم ماوەیەدا حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گرنگییەكی بەرچاویان بە كەرتی وەرزش داوە. ئەو پشتگیرییە بووەتە هۆی پێشكەوتنی وەرزشی زاخۆ و بەدەستهێنانی دەستكەوتی گرنگ، كە یارمەتیدەرە بۆ ناساندنی زیاتری كوردستان بە جیهان، لەمەشدا سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو پاڵپشتی و پشتگیرییەی كەرتی وەزرش لە هەرێمی كوردستان و لە زاخۆ.
یەكێك لە ڕێگەكانی ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد لە ڕێگەی وەرزشەوەیە، وەكو نیشاندانی كەلتووری جلوبەرگی كوردی، بۆ نموونە لە یارییەكی نێوان یانەی زاخۆ و یانەی بەحرێندا، كارگێڕێكی یانەكە و ژمارەیەك جەماوەری یانەی زاخۆ بە جلوبەرگی كوردییەوە دەركەوتن. ئەم دەركەوتنە نەك تەنیا وەك ڕەنگدانەوەی جلوبەرگی كوردی بوو، بەڵكوو وەك پەیامێك بوو بۆ جیهان كە كوردیش خاوەنی كەلتوور و ناسنامەی تایبەت بە خۆیەتی. ئەم جۆرە هەنگاوانە هەستی نەتەوەیی پتەوتر دەكەن و دەبنە هۆی بەرزڕاگرتنی ئاڵا و زمانی كوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لەم ڕووەوە میدیا گرنگیی تایبەتی هەیە، ئەگەرچی هەندێك جاریش ڕاگەیاندنەكان لە كوردستان بەتایبەتی كاتێك تیم، یان یانەكان تووشی دۆڕان دەبن، زیاتر تیشك دەخەنە سەر خاڵە لاوازەكان و كەموكووڕییەكان، وەك لەوەی پشتگیری بكەن، یان باس لە پێشكەوتنەكانی ئەو یانەیە بكەن. ئەمەش وادەكات كە ڕۆڵی ڕاگەیاندنكار لە هاندانی یانە و وەرزشوانان كەم ببێتەوە، بە پێچەوانەوە پێویستە ڕاگەیاندنكاران ڕۆڵێكی چالاكتر لە پشتگیریكردنی یانەكاندا بگێڕن و لە كاتی دۆڕانیشدا هاندەر بن، نەك ڕەخنەگرێكی ڕووخێنەر.
لە ڕووی ئابووریشەوە پێویستە یانەكان سوود لە موڵك و ماڵەكانیان وەربگرن و هەنگاوی وەبەرهێنان بنێن. یانەی زاخۆ وەك یانەیەكی دیار دەتوانێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنی موڵكەكانیەوە، سەرچاوەی دارایی بۆ خۆی دابین بكات و كەمتر پشت بە پشتگیریی حكومەت ببەستێت. هەروەها بەناوبانگ بوونی یانەی زاخۆ لە كەناڵە گەورەكانی وەك كەناڵە قەتەرییەكان، دەرفەتێكی باشە بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات. بە شێوەیەكی گشتی وەرزش لە زاخۆ توانای گەشەكردن و پێشكەوتنی گەورەی هەیە و لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە یەكێك لە ناوەندە وەرزشییە دیارەكانی هەرێمی كوردستان. بەردەوامبوونی پشتگیریی جەماوەر و پلانێكی تۆكمە و دروست لەلایەن حكومەتەوە، پەرەپێدانی ژێرخان و وەبەرهێنان لە یانە وەرزشییەكاندا، ئەمانە هەمووی ڕۆڵێكی ئیجابی هەیە و هەموویان پێكەوە دەتوانن وەرزشی زاخۆ بە قۆناغێكی نوێدا ببەن.
