نێچیرڤان عەزیز سەرۆكی كۆمەڵەی پشتیوانیی یانەی زاخۆ: یانە كوردییەكان پێویستە گرنگییەكی زیاتر بە هەموو چالاكییە وەرزشییەكانی ناو خولەكانی كوردستان و عێراق بدەن

نێچیرڤان عەزیز  سەرۆكی كۆمەڵەی پشتیوانیی یانەی زاخۆ:     یانە كوردییەكان پێویستە گرنگییەكی زیاتر بە هەموو چالاكییە وەرزشییەكانی ناو خولەكانی كوردستان و عێراق بدەن

 

 

وەرزش بە شێوەیەكی گشتی لەسەرانسەری جیهان پێشكەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. وەرزش وەك زمانێكی جیهانیی هاوبەش، توانایەكی بێسنووری هەیە بۆ دروستكردنی پەیوەندی و ناساندنی نەتەوە و كەلتوورەكان. لە شاری زاخۆ ئەم توانایە وەكو پردێك بەكار دەهێنرێت بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی كورد و شارەكانی كوردستان بۆ سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهان. پشتیوانیی كۆمەڵەی یانەی زاخۆ لە ڕێگەی نمایش و چالاكییە جۆراوجۆرەكانەوە بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەركەوتوو توانیویەتی پشتیوانیی یانەكەیان بكەن. یانەی زاخۆ لە یارییەكانی، جەماوەرەكەی بە هاوشێوەی یانە ئەورووپییەكان پاڵپشتی یانەكەیان دەكەن، ئەمەش وادەكات ناوی كوردستان زیاتر بناسرێت. ئەم پێشكەوتنانە كە لە ڕێگەی وەرزشەوە دێنە دی، ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد و نیشاندانی بوونی ئێمە وەك میللەتێكی خاوەن ئاڵا و زمانێكی تایبەت.

سەرەڕای گرنگیی ئەم چالاكییە نەتەوەییانە، ڕاگەیاندنەكان لە هەرێمدا بە ئاستێكی ئاسایی سەیری ئەم جۆرە نمایش و چالاكییانە دەكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە كە یانە كوردییەكان پێویستییەكی زۆریان بە گرنگیپێدانی زیاتر هەیە. دەبێت كەناڵە وەرزشییەكان بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتن بە گواستنەوەی كار و چالاكییە وەرزشییەكان و یارییەكان، گرنگیی زیاتر بە هەموو چالاكییە وەرزشییەكان و یارییەكانی ناو خولی كوردستان و عێراق بدەن، بەتایبەتی بۆ یانەكانی كورد.

یەكێكی دی لە كێشە گەورەكان، ژێرخانی لاوازی خولە وەرزشییەكانە لە هەرێمدا، كە لەلایەن فیفاوە پێوەرێكی دیاریكراوی نییە و تەنیا لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیی تۆپی پێی عێراقدایە، ئەمەش وادەكات كە یانە كوردییەكان بە هۆی كێشەی نەتەوەییەوە، زۆر جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە و حكومەتی عێراق تەنیا ڕیزبەندی پێشەوە دەبینێت و گرنگی بە یانە كوردییەكان نادات.

بەرپرسانی زاخۆ پێویستە هەنگاوی جددی بنێن بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی وەرزشدا. یانەی زاخۆ خاوەنی موڵكایەتیی باشە، بۆیە دەبێت ئەو موڵكانە بەكار بهێنرێن بۆ دابینكردنی سەرچاوەی دارایی و خزمەتكردنی یانەكە. كارگێڕانی یانە، دەبێت بیر لە وەبەرهێنان بكەنەوە، وەك نموونە كاتێك یاریزانێك بە نرخێكی زۆر دەگوازرێتەوە، دەتوانرێت ئەو پارەیە لە وەرزشێكی باشتردا وەبەربهێنرێت بۆ داهاتووی یانەكە. هەنگاوی سەرەكی و هەمیشەیی یانەی زاخۆ لە وەرزشدا هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییە. لە ڕێگەی وەرزشەوە یانەكە هەوڵ دەدات ئەم هەستە نیشانی هەموو جیهان بدات و بیسەلمێنێت كە كورد میللەتێكن خاوەنی ئاڵا و زمانی خۆیانن. هەموو هەوڵەكان چڕ دەكرێنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە، پەیامێكی دیاریكراوی نەتەوەیی بگەیەنرێتە هەموو گۆشەیەكی جیهان.

 

Top