فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: وەرزش زمانێكی هاوبەشە بۆ دیالۆگی ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە نێوان نەتەوەكاندا

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  وەرزش زمانێكی هاوبەشە بۆ دیالۆگی ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە نێوان نەتەوەكاندا

 

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە كە یەكێك لە بەشە گرنگەكانی ئەم گۆڤارە بەشی وەرزشە و بایەخ بە پاڵەوانە وەرزشییەكانی كوڕان و كچانی كوردستان دەدات. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە)، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

لە هاوینی ساڵی 2024 پاریس بۆ سێیەمین جار میوانداریی یارییەكانی ئۆڵمپیادی هاوینەی كرد، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەم ڕووداوە جیهانییەدا، تۆماس باخ سەرۆكی لێژنەی ئۆڵمپیی نێودەوڵەتی بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند «لە ئێستادا كە لە چەندین ناوچەی ئەم جیهانە شەڕ و كاولكاری و كوشتار هەیە، بەڵام لە گوندە بچووكەكەی ئۆڵمپی نوێنەری 206 دەوڵەت و هەرێم پێكەوە ئامادەن و بە زمانە هاوبەشەكەی ئۆڵمپی گفتوگۆ دەكەن و لە یەكتری دەگەن و باوەش بۆ ئاشتی دەكەنەوە و شەڕ ڕەت دەكەنەوە». ئەم گوتەیەی «باخ» لەوانەیە كورتترین و جوانترین پێناسە بێت، وەك كاڵا بە قەد باڵا بە بەری وەرزشدا كرابێت.

پاڵەوانە وەرزشوانەكان (ئەوجا لە هەر جۆرە وەرزشێكدا بێت) كاتێك بانگ دەكرێن بۆ ئەوەی مەدالیای زێڕ لە ملیان بكرێت، ئاڵای وڵاتەكەی خۆیان لە مل دەكەن و مەدالیاكە لەسەر ئاڵاكە دادەنرێت. ئەو حەماس و جۆش و خرۆشەی لەو ساتەدا لەدایك دەبێت و هەموو بینەرانی ئەو ڕووداوە چەپڵەی بۆ لێدەدەن، ئەوە ساتەوەختی دەركەوتنی هێز و كاریگەیی «ناسیۆنالیزمی مەدەنی»یە كە جوانیی شكۆی نەتەوە وەك خۆی پیشان دەدات و شەڕ ڕەت دەكاتەوە و باوەش بۆ ئاشتی دەكاتەوە.

لە یاریی كۆتایی مۆندیالی ساڵی 2022 كاتێك تیپی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریی كۆتایی لەگەڵ ئەرژەنتین بە لێدانی سزا دۆڕا و بەمەش مەدالیا زێڕەكەی لە دەست دا و بووە خاوەنی مەدالیای زیو، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی وەك ڕێزگرتن لە رێسا وەرزشییەكان، كلیان مباپی كاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەبێ لە ملكردنی ئاڵای فەرەنسا مەدالیا زیوەكەیان لەمل كرد، كە لە ستەیجەكە هاتە خوارەوە، بە داكەندنی مەدالیا زیوەكەی ملی، تووڕەیی خۆی پیشان دا، ئەمانوئێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەم دیمەنە تێگەیشت و چووە ناو گۆڕەپانەكە و دەستی لە ملی مباپی كرد، بەڵام ئاگری تووڕەیی مباپی بە ماكرۆنیش نەكوژایەوە، ئەمەشیان دیوێكی دیكەی تووڕەیی و هەڵچوونی «ناسیۆنالیزمی مەدەنی»یە كە قبووڵ ناكات، شكۆی نەتەوەكەی بێتە خوارەوە و مەدالیای زیو لەسەر ئاڵای وڵاتەكەی دابنرێت.

لەناو هزر و هەستی پاڵەوانان و وەرزشوانانی كوردستانیش، لەگەڵ ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە چالاكی و بەشداری لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان دەكەن، كاتێك تیپەكەیان سەردەكەوێت، یان لە یارییە وەرزشییەكانی دیكە مەدالیای زێڕ وەردەگرن، لە هەردوو حاڵەتەكەدا پێش ئەوەی بچنە سەر ستەیج بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و بە زمانی وەرزش بە جیهان دەڵێن: «ئێمە كوردین و بە ناچاری لەناو هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكەین، لەبەر ئەوەی ڕێگەمان پێنادەن دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دابمەزرێنین». ئەمەش لووتكەی «ناسیۆنالیزمی مەدەنی»یە كە پاڵەوانانی بێ دەوڵەت بە جیهانی ڕادەگەیەنن، نەتەوەیەكین بوون و ئیرادەمان هەیە، بەڵام لێ ناگەڕێن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانمان هەبێت.

كەواتە ئەم واقیعە پێمان دەڵێت، ئەگەر وەرزش وەك سۆفت پاوەر و ئامرازێك یەك جار كاریگەری هەبێت، بۆ نەتەوەی خاوەن دەوڵەت، ئەوا بۆ نەتەوەی كوردی بێ دەوڵەت دوو جاران كاریگەری هەیە، لەبەر ئەوەی ڕێگەیەكی مەدەنی و زۆر كاریگەرە كە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی، بتوانین بوون و ئیرادەی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان بە جیهان بناسێنین.

خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ كە پێویستە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە گیانی وەرزشیی پاڵەوانەكانی كوردستان پەندی لێوەربگرن، ئەوەیە كە لەناو هزری وەرزشوانانی كچان و كوڕانی كوردستان، وەرزش لە چوارچێوەی سیاسەتی تەسكی حزبایەتی جێگەی نابێتەوە، واتە بزێوی و حەماسی پاڵەوانەكانمان سیاسەتی تەسكی حزبایەتی تێدەپەڕێنن و خۆیان لەژێر ئاڵای كوردستان نمایش دەكەن و بە جیهان دەڵێن: ئێمە كورد و كوردستانین.

ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی كە بەداخەوە بووە هۆكاری ئەوەی یانەی نەورۆز بكەوێتە ناو قەیرانێكی گەورەی داراییەوە، بە دەنگەوە هاتنی یانەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و، لەمەش زیاتر هاوكاریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی 450 ملیار دینار بۆ ئەو یانە كوردستانییە و هەست و حەماسی وەرزشی، دیواری ئەستووری حزبایەتی ڕووخاند و هەموویان پێكەوە وەك كورد و كوردستانی یەكتریان لە ئامێز گرتەوە و دووبارە ئاڵای كوردستان جێگەی هەموو ئاڵای حزبەكانی گرتەوە.

بۆ دووبارە ژیاندنەوەی هزری «ناسیۆنالیزمی مەدەنی» لەناو بیری نەتەوەیی كوردی و كوردستانیدا، بایەخدان بە وەرزش لە كۆی یارییە جیاوازەكاندا كلیكی سەرەكیی بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و ئینتمای نیشتمانیی ئێستای لاوەكانمان و نەوەكانی داهاتوومانە، بۆیە دەبێت وەك پرۆسەیەكی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری وەرزشی لە هەرێمی كوردستان بكرێت و ژێرخانێكی زۆر پتەوی بۆ دروست بكرێت، بۆ ئەوەی پەیامی ناسنامە و بوونی ئێمە ئاڵای كوردستانی دەستی پاڵەوانەكانمان بن.

Top