شیلان كەمال پاڵەوانی لەشجوانیی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان: بەپێی یاساكانی عێراق وەرزشی لەشجوانی بۆ ئافرەتان قەدەغەیە

شیلان كەمال  پاڵەوانی لەشجوانیی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان:     بەپێی یاساكانی عێراق وەرزشی لەشجوانی بۆ ئافرەتان قەدەغەیە

 

 

شیلان كەمال، پاڵەوانی لەشجوانیی ئافرەتانە لەسەر ئاستی جیهان و بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 2002 لە شاری لەندەن چووەتە سەر ستەیج و نمایشی لەشجوانیی كردووە، بەم هەنگاوەشی ئەو كەلتوورە كلاسیكییەی عێراقی شكاند كە وەرزشی لەشجوانی بۆ ئافرەتان وەك یارییەكی قەدەغەكراو سەیر دەكەن و، ڕێگەنادەن كە ئافرەتان بە ناوی عێراقەوە بەشداریی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان بكەن. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە)، سەبارەت بە گرفتی وەرزشی لەشجوانی بۆ ئافرەتان بەم جۆرە ڕاشكاوانە دەستی خستە سەر گرفتەكان و دید و بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی بۆ پێشخستنی وەرزش لە كوردستان خستە ڕوو.

 

سەرەتا سوپاس بۆ بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە ئاست بەرزە لەسەر پرسی «وەرزش وەك ناسنامەی نەتەوە». بە ڕاستی من وەك خۆم یەكەمین جارە بەشداری لە گفتوگۆیەكی لەم شێوەیەدا دەكەم.

لەم گفتوگۆیەدا وەك یاریزانێكی لەشجوانیی ئافرەتان قسەكانم لەسەر ئەم وەرزشەیە كە ئافرەتەكان لەسەر ستەیج و بە كیتتێك و ئاڵای كوردستانەوە لەشجوانی نمایش بكەن. سەبارەت بە خۆم، ئەم وەرزشە تەنیا لە دژی جەستەی خۆم نەبووە، بەڵكو لە ڕێگەی ئەم وەرزشەوە تەحەددای كلتوورەكەشم كردووە. من وەرزش وەك كەلتوور و سیاسەت و بیروباوەڕێكی ئایدیۆلۆژی نابینم، بەڵكو خودی وەرزش وەك ئامرازێكی پیرۆز سەیر دەكەم، بۆ ناساندنی نەتەوە و وڵات و، لە ڕێگەیەوە زۆر باش دەتوانرێت ئەوە پیشان بدرێت، كە ئەم نەتەوە و وڵاتە هەیە.

وەك كچە كوردێك بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 2002 لە لەندەن چوومە سەر ستەیج تا نمایشی لەشجوانی بكەم. ئەوجا لەبەر ئەوەی یەكەم جارم بوو، لەسەر سیتەیج نمایش بكەم، بەڕاستی زۆر دەترسام و گیانم دەلەرزی، هیچ زانیاری، یان ئەزموونێكی پێشترم لەسەر شێوازی نمایشكردنەكە نەبوو. كەسم لەگەڵ نەبوو، بەڵام ئەوانی دیكە مامۆستای خۆیان لەگەڵ بوو، ئامادەكاریی باشیان بۆ كرابوو. بۆیە كە خۆمم بە تەنیا بینی، چەندین پرسیار لە مێشكمدا دروست بوون، بەڕاستی دڵم پڕ بوو و دەستم كرد بە گریان، بەڵام وێڕای ئەو ئالنگارییانەش، بە تەنیا چوومە سەر ستەیج و ڕووبەڕووی ڕكابەرەكانم بوومەوە.

دوای ئەم پاڵەوانەتییە چوار جاری دیكە لەسەر ستەیج نمایشی لەشجوانیم كردووە و پلەی ماستەری ئەوروپام لە نێو 382 پاڵەوانیی لەشجوانیدا بەدەست هێناوە، دوو مەدالیای زێڕم بەدەست هێناوە، بەڵام دوای بەدەستهێنانی ئەم سەركەوتنانەش بیرم دەكردەوە كە گەڕامەوە بۆ كوردستان بۆ كێی باس بكەم.

لە پرسی بەشداریكردنی یاریزانان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان بێجگە لە كچان، كوڕەكانیشمان كێشەیان هەیە، لەبەر ئەوەی نە ڤیزەیان هەیە، نە هیچ لایەكیش پشتگیرییان دەكات، دەبێت خۆی ڤیزە پەیدا بكات، كە ئەمەش كارێكی ئاسان نییە. لە وڵاتان كاتێك یانەكانی وەك «NPC» و «IFBB» دەچنە دەرەوە بۆ پاڵەوانێتی پڕۆكارت بە دەست دەهێنن، ئەم پڕۆ كارتە دەبێتە پشتگیرییەك بۆ پاڵەوانەكانیان، هەر بۆ نموونە یاریزانی وڵاتان باشترین پرۆكارت بەدەست دەهێنن، بۆچی پاڵەوانەكانی ئێمە ناتوانن پڕۆكارت بە دەست بهێن، لە كاتێكدا پاڵەوانەكانی ئێمە زۆر لەوان بەتواناتر و لێهاتووترن؟ بۆیە بیرم لەوە كردەوە پێویستە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیكە تیمی تایبەتی وەرزشی دروست بكات، بۆ نموونە گرنگە تیمێك بۆ بونیادنانی ماسوولكە «bodybuilding»دروست بكرێت، ئەم تیمە هاوكار دەبێت بۆ بونیادنانی ماسوولكە، لەم وەرزشە یاری بۆ تەندروستی ناكرێت، بەڵكو بۆ بونیادنانی ماسوولكەیە، بۆیە ئەگەر تیمێكمان هەبێت بۆ نموونە هەشت كەس بێت و كە دەچینە درەوە هەموومان پرۆكارتمان هەبێت، وەك

یانەكانی «NPC» و «IFBB» وەك تیم بە تیمەكانی دیكەی بەشدار لەو پاڵەوانێتییە ئاشنا دەبین، بەڵام لەبەر ئەوەی تیممان نییە، من لە ڕێگەی یوتوبەوە خۆم فێری ئەوە كردووە چۆن لەسەر ستەیج نمایشی لەشجوانی بكەم. كاك سەردار ئیسماعیل كە لەم گفتوگۆیە لەگەڵمان بەشدارە، باش ئاگاداری ئەم ڕاستییەن. لەبەر ئەوەی من لە سەنتەر سەردار سپۆرت و لەسەر دەستی مامۆستا دەستم پێكرد، هەموو كاتێك لەو سەنتەرە كە وێنەی مامۆستا و ئاڵای كوردستانم دەبینی، ئەو ئاواتەم لا دروست دوبوو، ئاخۆ كەی بێت، منیش ڕۆژێك لەسەر ستەیج ببمە پاڵەوان و ئالای كوردستان بەرز بكەمەوە، بەڵام كەسی هەرە نزیكی خۆم كە دایكم بوو، پێی دەگوتم «كچم ئەم كارە بە تۆ ناكرێت»، منیش پێم دەگوت: تەنیا لەبەر ئەوەی ئافرەتم ئەم كارە بەمن ناكرێت؟ بۆیە بڕیارم دا و ئەو تەحەددایە بكەم و ئەو واقیعە بگۆڕم. كاتێك بڕیارم دا بەشداریی یەكێك لە پاڵەوانێتییەكان بكەم لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا، بە هیج دامەزراوەیەكی حكومەتم نەگوت من دەچم بەشداری دەكەم، لە دووەم پاڵەوانی «فیبۆ» پاڵەوانانی لەشجوانی دەزانن، دەبێت بۆ بەشداری لەو پاڵەوانێتییە پشتیوانیی وڵاتەكەی خۆت لەگەڵ بێت، من بە دوو پاسپۆرت چوو بووم، بە پاسپۆرتی ئەڵمانی سەفەرم كردبوو، بە پاسپۆرتی عێراقییش ناوی خۆم بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەكە تۆمار كردبوو، لە تۆماركردنەكە یەكێتیی «IFFB» داوایان كرد كە پشتگیریی وڵاتەكە «عێراق»یان بۆ بەرم، من بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە بەغداوە كرد كە قسەم كرد و پێم گوتن پێویستم بە پشگیرییە بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتیی لەشجوانیی ئافرەتان بكەم، بڕوا بكەن زۆر ناشیرین وەڵامیان دامەوە و گوتیان «لە یاسای عێراقیدا ڕێگە نادرێت ئافرەت بەشداریی پاڵەوانێتیی لەشجوانی بكات و قەدەغەیە»، دوای ئەم وەڵامە توندە تەلەفۆنەكەشیان بەسەردا داخستمەوە.

كاتێك چوومە سەر ستەیج و نمایشەكەم كرد، هەموو دەیانپرسی خۆ ڕێگە نادەن ئافرەتی عێراقی وەك هاندەر بێتە ناو پاڵەوانێتییەكی لەم شێوەیە، نەك لەسەر ستەیج نمایش بكات. پێم گوتن ئێمە بە زۆر كراوین بە عێراقی و من كوردم و وڵاتی من كوردستانە، بۆیە دووبارە جەخت دەكەمەوە كە بوونی تیمە وەرزشییەكان زۆر گرنگە و ئاستی وەرزشی كوردستان زۆر بەرز دەكاتەوە.

لە هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا كچێكی دیكەش كە ناوی «تارا»یە ئامادە كراوە بۆ ئەوەی بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییانە لە دەرەوەی وڵات بكات، ئەویش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەشداری كردبوو، من زۆر هاوكاریم كرد و جل و پێڵاوەكانی خۆم پێ دا، لەبەر ئەوەی لێرە ئەو كەلوپەلانە نییە، هەروەها لە بەغداش كچێك بە ناوی «دوعا» لە پاڵەوانێتییەكی هیندستان بەشداریی كردووە و لەگەڵ ئەویش پەیوەندیم هەبووە بە جل و پیڵاو لە نمایشكردنی لەشجوانی هاوكاریم كردووە.

زۆر جار ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە كە وەرزشی لەشجوانیی ئافرەتان لەگەڵ كەلتووری ئێمە یەك ناگرنەوە، یان داوا دەكەن ئەو جلە وەرزشییە جیهانییە لەبەر نەكەین و شێوازێكی كوردەواری نمایشی لەشجوانی بكەین، لەمەش زیاتر برای خۆم پێی دەگوتم جلێكی دیكە لەبەر بكە و خۆت دابپۆشە، منیش پێم دەگوت «ئەم وەرزشە پرانسیپی خۆی هەیە و بریتییە لە نمایشكردنی ماسوولكە، ئەگەر دایپۆشم ئەوان چۆن بزانن كە ماسوولكەكانی خۆم بونیاد ناوە، ئەمە وەك ئەوەیە تۆ بەشداریی كۆنسێرتێكی گەورە بكەیت و گۆرانی بڵێیت و مایكت پێی نەبێت، مانای وایە كەس گوێی لێ نابێت كە تۆ گۆرانی دەڵێیت، یان ئەمە وەك ئەوەیە دوو تیمی فووتبۆڵ بچنە ناو یاریگە و تۆپیان پێ نەبێت، ئایا یاری بەچی دەكەن؟

گرنگە هەموو لایەك ئەو ڕاستییە بزانن كە لەشجوانی، بەتایبەتی لەشجوانیی ئافرەت وەرزشە، مامۆستایانی بواری لەشجوانی دەزانن كە بونیادنانی ماسوولكە ئەگەر پیاوان بتوانن بە شەش مانگ بونیادی بنێن، ئەوا بۆ ئافرەتان ماوەی دوو ساڵیان دەوێت، هەتا ماسوولكە بونیاد دەنێت. هەر كاتێك دەمەوێت لەم وەرزشە بەناوی كوردستانەوە ببمە پاڵەوان، ئەوا لەبەر ئەوەی ڕەگەزنامەی ئەڵمانیم هەیە، دەبێت بۆ وڵاتی ئەڵمانیا یاری بكەم و ئەوان لەوێ مووچەشم بۆ دەبڕنەوە. لە ئێستاشدا جارێكی دیكە وەك یاریزانی پلەی ماستەر بانگ كراومەتەوە بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكی دیكە، مانای ئەوەیە درەفەتی بەدەستهێنانی پرۆكارتم زیاتر دەبێت. بێگومان ئەم پاڵەوانێتییانە ساڵێك پێشتر بانگهێشتنامەكان دەنێرن بۆ ئەوەی یاریزانەكان ئامادەكاریی تەواوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو پاڵەوانێتییە بكەن.

بەڵام هەموو ئەم هەوڵە تاكەكەسییانە بەرهەمی ناگەتە ئەو ئاستەی كە ئێمە تیمێكمان هەبێت و بەتیم بەشداری لەو پاڵەوانێتییانەدا بكەین و ناوی كورد و كوردستان بەرز بكەینەوە، كە ئەمەش ئەو ئامانجەیە بە ڕێگەی وەرزش دەتوانین بیهێنینە دی.

Top