سەڵاحەدین سیامەند سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان: هەتا ژێرخان و گوتاری وەرزشیی خۆمانمان نەبێت، ناتوانین وەرزش بكەینە ئامرازێك بۆ ناسنامەی نەتەوەییمان
كاپتن سەڵاحەدین سیامەند، یەكێكە لە ئەستێرە دیارەكانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێ و لەساڵی 2001 بەشداریی لە موندیالی جیهانیی لاوان لە وڵاتی ئەرجەنتین كردووە و بەرانبەر هەڵبژاردەكانی بەرازیل و كەنەدا و ئەڵمانیا یاری كردووە و لەو مۆندیالە جیهانیەدا گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمار كردووە، لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراقیش بۆ یاریی تۆپی پێ، وەك ئەستێرەكە بەشداریی یاریی پاڵەونێتییەكانی مۆندیالی كردووە و بە ئاستێك سەرنجی یاریزانان و ڕاهێنەرانی بۆ خۆی ڕاكێشاوە، كە یانەی بەناوبانگی شتوتگاردی ئەڵمانی داوای لێ بكات، وەك یاریزانی پیشگەر لەناو ئەو یانەیە گەمە بكات، بەڵام یاساكانی ئەوكاتی حكومەتی عێراق ڕێگەی نەدا ئەم خەونەی بۆ بێتەدی، لەسەر ئاستی یانەی وەرزشیی هەولێریش ماوەی 15 ساڵ گەمەی بۆ یانەی هەولێر كردووە و كاپتنی یانەی هەولێر بووە، ماوەی زیاتر لە شەش مانگیشە سەرۆكایەتیی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی پێ سپێردراوە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ» (وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ ناساندنی نەتەوە)، بە ئەزموونی 30 ساڵی ناو یاریگا وەرزشییەكان بەمجۆرە دیدوتێڕوانینی خۆی لەسەر وەرزش وەك ئامرازێك بۆ ناساندنی نەتەوە خستەڕوو.
زۆر سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە ئەم گفتوگۆ گرنگەی ڕێك خستووە و لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستا و پاڵەوانی وەرزشە جیاوازەكان لەم هۆڵە كۆبووینەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسێكی زۆر گرنگ دەكەین، كە ئەویش بایەخ و گرنگیی وەرزشە بۆ ناساندنی نەتەوە، بەڵام بەداخەوە پشتگوێ خراوە و وەك پێویست بایەخی پێنەدراوە، بۆیە جێگەی دەستخۆشییە كە بازنەی گفتوگۆ بایەخی بەم پرسە گرنگە داوە.
ئەم هۆڵەی ئەم گفتوگۆیەی تێدا دەكەین، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە پێش هەر لایەكی دیكە ڕووی ڕەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە لە هەموو كایەكانی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستێكی زۆر بەرز شكۆ و ناسنامەی گەلی كوردستانی گەیاندووەتە ئەو ئاستەی كە لەسەر ئاستی سەرۆكە گەورەكانی جیهان پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت و، بەردەوام شاندی وڵاتە گەورەكان سەردانی هەولێری پایتەخت بكەن و، كونسووڵخانە و نوێنەرایەتیی خۆیان لە پایتەختی كوردستان بكەنەوە، هەروەها لەسەر ئاستی دابینكردنی خزمەتگوزارییش وەك دەبینین ڕۆژانە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیان دەكات، ئەوجا وێڕای ئەو هەموو خزمەتگوزارییەی پێشكەش دەكرێت، بەڵام بەداخەوە بارودۆخی وەرزشی كوردستان نە لە ئاستی سێكتەرەكانی دیكەی حكومەت و نە لە ئاستی ئەو بەرنامە نیشتمانی و نەتەوەییە بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ دەناسرێتەوە.
كەواتە ئێمە دەبێت واقیعییانە قسە لەسەر بارودۆخی وەرزشی خۆمان بكەین و ڕاشكاوانە ددان بەو ڕاستیەدا بنێین كە ئاستی وەرزشی ئێمە زۆر لاوازە، كە لاوازیش بوو ناتوانین بیكەنە ئەو ئامرازەی نەتەوە و وڵاتانی خۆمان بە ڕێگەی وەرزش بە جیهان بناسێنین. بۆیە من لەم گفتوگۆیە زۆر ڕاشكاوانە دەست دەخەمە سەر برینەكان و دەخوازم ئەم ڕەخنانەی لێرە دەیخەینە ڕوو، هۆكارێك بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان، نەك تەنیا گلەیی و پڕتەوبۆڵە بێت. من تەنیا ماوەی چەند مانگێكە بەرپرسیاریەتیی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانم پێ سپێردراوە، لە دەستپێكی یارییەكانی خولی كوردستاندا بۆ چەند یارییەك سەردانی دەربەندیخان و ئاكرێم كرد، بەڕاستی شەرمم كرد كە من سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەبینین حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی بە بونیادنانەوەی ژێرخانی هەموو سێكتەرە جیاوازەكان داوە، بەڵام ئێمە ژێرخانێكی وەرزشیمان نییە و بونیادمان نەناوەتەوە.
بۆ ئەوەی وەرزش لە هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین، پێویستمان بە بونیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی وەرزشی هەیە. وەك یەكێتیی تۆپی كوردستان، ئێمە پرۆپۆزەڵێكمان ئامادە كردووە و دوای ئەم هەڵبژاردنانە بڕیار وایە لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كۆببینەوەو ئەم پرۆپۆزەڵەشی پێشكەش دەكەین. لەم پرۆپۆزەڵەدا چارەسەری ڕیشەییمان دیاری كردووە بۆ ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و یانە وەرزشییەكانی هەرێم ببنە خاوەن سەرچاوەی داهاتی خۆیان، بۆ ئەوەی چیتر چاوەڕێی ئەوە نەبن، حكومەت بوودجەیان بۆ تەرخان بكات، وەك بەڕێوەبردنی وەرزش لە هەموو جیهاندا كە بووەتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ وڵاتەكە و وەرزش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوی زیاتر دەچێتە پێشەوە، بۆیە بەرنامەی ئێمە بەوجۆرەیە وەرزش بكەینە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان.
بە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە دەتوانین ژێرخانێكی وەرزشیی پتەو بونیاد بنێین، لەمەش زیاتر دەتوانین هەولێر بكەینە ناوەندی وەرزش لە عێراقدا. ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئارامی و سەقامگیرییەكی زۆر باش هەیە، ئەم سەقامگیرییە فاكتەرێكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە وەك یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی هەڵبژاردە و یانەكانی دیكەی عێراق بێن لە كەمپەكانی مەشق و ڕاهێنان لە هەرێمی كوردستان مەشق و ڕاهێنانی خۆیان ئەنجام بدەن، كە ئەمە دەبێتە ژێرخانێكی زۆر باشی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو عێراق و، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی گەورە بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی هونەریی یاریزانەكانمان بەرز بكەینەوە، یاریگاكانمان بەردەوام نۆژەن بكەینەوە و سیستمی ڤار «VAR» بۆ یاریگاكانمان دابنێین.
خاڵێكی دیكە كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە ئێمە گوتارێكی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بۆ وەرزش نییە، پێشتریش كە كاپتنی یانەی وەرزی هەولێر بووم، پێشنیاری ئەوەم كردووە كە دەبێت ئێمە گوتاری وەرزشیی خۆمانمان هەبێت. بۆ ئەمە پێشنیاری من ئەوەیە كە ئێمە بۆ ماوەی دووساڵ لە ڕكابەرییەكانی خولی تۆپی پێی عێراق بكشێینەوە و خۆمان بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەكی نوێی وەرزشی ئامادە بكەین، بیاننێرینە ناو خولەكانی عێراق، ئەم پڕۆژەیە كە لە دووساڵدا دەتوانین جێبەجێی بكەین، تەنیا بڕی دوو ملیار دیناری پێویستە، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لە ماوەی تەنیا دوو ساڵی ڕابردوو بڕی زیاتر لە 14.5 ملیار دینار بۆ یارییەكانی خولی عێراق خەرج كراوە و تەنیا توانیومانە پلەی دووەم لەسەر ئاستی خولی كاسی عێراق بەدەست بهێنین، كە خولێكی زۆر گرنگ نییە، بۆیە دەبێت ئامانجی ئێمە ئەوە بێت كە نەوەیەكی نوێی وەرزشی لە كوردستان دروست بكەینەوە.
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان هەوڵیداوە هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان ساڵانە بنێرێتە هەردوو وڵاتی نەرویج و سوید، خۆشبەختانە ئەم هەوڵە پێشوازی لێكرا و بریارەكەیان دەركرد. ئامانجمان لەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە كە بە ڕێگەی وەرزش هەرێمی كوردستان و نەتەوەی كورد بە جیهان بناسێنێن. هەروەها هەوڵمانداوە لە یاریزانە باشەكانمان لە وڵاتانی ئەوروپا بهێنینە ناو هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان بۆ ئەوەی ساڵانە بتوانین لەگەڵ یانە بەهێزەكانی هۆڵەندا وەك «ئایاكس و ئایندهۆڤن» یاریی دۆستانە ئەنجام بدەین. هەروەها هەوڵدەدەین ئەو یانانە بانگهێشت بكەین بۆ كوردستان و لە یاریگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و زاخۆ گەمە بكەن، ئەمە وەبەرهێنانێكی زۆر گەورەیە هەم بۆ ناساندنی نەتەوە و هەمیش وەك سەرچاوەی داهات.
سەرنج بدەن ئەگەر هەڵبژاردەی كوردستان یارییەكی دۆستانە لە ناو هۆڵەندا لەگەڵ یانەیەكی وەك ئەیاكسی هۆڵەندی ئەنجام بدات و زیاتر لە 10 هەزار هاندەری كورد لەو یاریگایە ئامادە بن و ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە، ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی سەرنجی هەموو جیهان بۆ خۆمان و نەتەوەكەمان ڕابكێشین، بە هەمان شێوە كاتێك یانەیەكی بەهێزی ئەورووپی لەسەر یاریگاكانی كوردستان گەمە بكات، ئەوا دیمەنی پێشكەوتنەكانی كوردستان پیشانی هەموو جیهان دەدەین.
لە دوماهیدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە و ڕاشكاوانە دەڵێم: ئێمە لەڕووی ژێرخانی وەرزشییەوە زۆر هەژارین. یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كە ماوەی 19 ساڵە دامەزراوە، هەتا ئێستاش لەلایەن هەندێك لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت. بۆیە ئێمە ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین كە لێژنەی دیسپلین و یاسای خۆی كارا بكەین، بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوەیە لە دامەزراوەیەكی لۆكاڵییەوە بكەینە دامەزراوەیەك كە نوێنەرایەتیی سەروەریی كوردستان بكات، كە ئەمە ئەو ئامانجەیە كە دەتوانین وەرزش بكەینە ئەو ئامرازەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆمان بە هەموو جیهان بناسێنێن.
