سەركردەی رێكەوت! پێویستی بە عەقڵە

سەركردەی رێكەوت! پێویستی بە عەقڵە



ئەگەر کەسێک (بەحساب سیاسی!) زۆر بیر لە ڕەفتار و گوفتارەکانی نەکاتەوە و هەرچی بێتە سەر زاری بە چاک و خراپ نەیگێڕێتەوە و بیڵێت، ئەوە کەسێکە دەبێت بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، یان هەر هیچ نەبێت گەورەیەک هەبێت سەرپەرشتیی بکات، نەک ببێتە دەمڕاست و قسەکەر و وەک پێشڕەو و پێشەنگ! چەپڵەی بۆ لێبدرێت.
ئەڵبەت گلەیی لە خودی کەسەکە نییە، بەڵکوو لە کەسانی دەوروبەر و لەوانەی کە هیچ نەبێت لە ناخی خۆیان ناپرسن بڵێن ئەمە کەی ڕەوایە کەسێک نازانێت دوو ڕستە بەسەر یەکەوە بڵێ، بێ دەربازبوون لە هەڵەی زارەکی یان واتایی و ...هتد، کەچی وەک پۆپۆلیست دەم بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەم هەموو خاوەن ئەزموون و خاوەن بڕوانامە و کەسایەتیی ماقووڵ و ڕۆشنبیرە دەبێت گوێی بۆ بگرن.
ئاخر ئەگەر گوێگرتنت بۆ ئەو جۆرە کەسانە بە شێوەیەک بێت کە کات بەریتە سەر، ئەوە ستەم لەو کەسە دەکەیت و گەورەی دەکەیت کە خۆی وا نییە و تۆیش باش باش دەزانیت وا نییە، ئەگەر هەر بەڕاست سەرسامی هەڵسوکەوت و قسەکانی ئەویت، ئەوە دووبارە ستەمت کردووە، بەڵام لە خۆت، چونکە ژیان بریتی نییە لە شانۆیەک و ئەکتەرێک بێتە سەر ستەیج و قسەی هەزەلی بکات و تۆیش پێبکەنیت، ئەو قسانە هەمووی لێکەوتەی خراپی دەبێت، نەخاسمە كە ئەو كەسە بەو نەفامیەی خۆیەوە هێزی چەكدار و پێگەی ئابووری و سیاسیی لەبن دەستدا بێت، ئەمە ئەوپەڕی مەترسییە.
وەک وتە عەرەبییەکە دەڵێت (إن کنتَ لا تدري فتلكَ مصيبةٌ و إن كنتَ تدري فالمصيبةُ اعضمٌ) واتە ئەگەر هەڵەیەکت کرد و نەتزانی ئەوە بەڵایە، ئەگەر هەڵەت کرد و زانیت ئەوا بەڵایەکە گەورەترە، کەواتە دووبارەی دەکەینەوە، تاکە چارەی ئەو کەسانە چارەسەرە نەک بوون بە پێشەوا! تاکوو کەسی شیاو لە جێگەی شیاو بێت ئەبێت زۆر لەوە هۆشیارتر بین کە ڕێگە بدەین هەرکەسێک بێت و ببێتە ڕەمزێک و ئێمەیش تەنیا ڕۆڵی سەیرکردنمان پێ ببڕێت، ئەمە چییە تازە واقیعە! تازە خەڵکی گویێ بۆ دەگرێت! نەخێر وا نییە، من ناهێڵم کەسێک قل بە فل بزانێت و ببێتە پێشەنگم، ببێتە دەمڕاست و نوێنەرم، بۆیە پێی دەڵێم نابمە هێزی تۆ لە هیچ شوێنێک و لە هیچ کاتێک، چونکە ئەو بە ڕێکەوت هاتووە و خۆیشی هەرگیز بەتەمای ئەو دۆخە نەبووە، کەواتە کەسی شیاو بۆ جێی شیاو...

Top