حەسەن شەریف:دەنگدان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە
بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و وەکوو هونەرمەندێک، من باوەڕم وایە کە ژیان پێویستی بە بەشداریی کارا و پڕ لە هەستەوە هەیە. هەڵبژاردنەکان تەنیا پرۆسەیەکی سیاسی نین، بەڵکوو وێستگەیەکی چارەنووسسازن کە تابلۆی داهاتووی نیشتمانەکەمان دەکێشن. ئێمە لە ساتەوەختێکی هەستیارداین. لە کاتێکدا کە بابەتی مافە دەستوورییەکان، پشکی بوودجە، پرسی پێشمەرگە و پێگەی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ڕۆژانە لە هەڕەشەدان، دەنگدانی تۆ دەبێتە پڕچەکترین ئامراز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان. ئێمە شایستەی داهاتوویەکی باشترین. دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە دەستی خۆتدا بێت و دەنگ بەو لیست و لایەنە بدەن کە زامنی پاراستنی مافە ڕەواکانتانە و سازشیان لەسەر ناکات.
ئەو هونەرمەندە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هونەرمەندی ناسراو حەسەن شەریف بەشدارییەکی گرنگی هەبوو و گۆرانییەکیشی بڵاو کردەوە، لەم هەڵمەتەشدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی حەسەن شەریف بە دەنگە پڕ خۆش و خرۆشەکەی کەرنەڤالی هەڵمەتی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازاندووەتەوە و لە چەندین ئاهەنگی جەماوەریدا بەشداری کردووە.
