حوكمڕانیی باش و بەرجەستەكردنی ئینتیمای نەتەوەیی لە دیدگای سەرۆك بارزانیدا

حوكمڕانیی باش و بەرجەستەكردنی ئینتیمای نەتەوەیی  لە دیدگای سەرۆك بارزانیدا

(*) 

لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی لە ناوچەكە و بەتایبەتی لە عێراقدا ڕوودەدەن، سەرۆك مەسعود بارزانی جارێكی دی بە دیدێكی پێشكەوتووەوە، مۆدێلێكی پێشكەوتووی بۆ چەسپاندنی چەمكی سەركردایەتیی هۆشیارانە و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بۆ كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندید و بەشداربووان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق خستەڕوو. بۆ جەختكردنەوە لە ڕێبازی نەگۆڕی بارزانیی نەمر لەسەر بنەمای خزمەتكردنی خەڵك پێش سیاسەت و بەهێزكردنی بەهاكانی بەشداریی نیشتمانی وەكوو دەروازەی ڕاستەقینەی چاكسازی و بونیادنان.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا، كە ڕەنگدانەوەی هەستێكی قووڵی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بوو، فەرمووی: «لە هەموو شوێنێك دڵسۆزی گەلی خۆتان بن و كار بكەن بۆ خزمەتكردنی هەموو پارێزگاكان بەبێ جیاوازی و لایەنگری».

ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی، گوزارشت لە دیدێكی ستراتیژیی گشتگیر دەكات، كە كاری سیاسی وەكوو ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام پێناسە دەكات، نەوەك ئامرازێك بۆ ململانێ، یان كێبڕكێی لایەنەكان.

لە ناوەڕۆكدا پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، بانگەوازێكە بۆ گرتنەبەری ڕێبازێكی نەتەوەیی گشتگیر، كە سنووری ئینتیمای حزبی و ناوچەیی تێدەپەڕێنێت و لەسەر بنەماكانی شەفافییەت و هاووڵاتیبوونی یەكسان و تەواوكاریی كۆمەڵایەتی دامەزراوە.

ئەوەی گوتاری سیاسیی سەرۆك بارزانی جیا دەكاتەوە و تایبەتمەندی دەكات، هاوسەنگییە لەنێوان ڕەهەندی بەها و ڕەهەندی پراكتیكی، كە تێڕوانینێكی چاكسازیی قووڵ و توانای وەرگێڕانی بۆ سیاسەتی واقیعی ئاوێتە دەكات، كە وەڵامی خواستەكانی هاووڵاتیان دەداتەوە.

كاتێ سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە: «بەرپرسیارێتی متمانەیە و ڕاستگۆیی لە كاردا ڕێگای سەركەوتنی ڕاستەقینەیە»، ئەوا بەم فەلسەفەیە، چوارچێوەیەكی ستانداردێك بۆ چەمكی سەركردایەتیی مۆدێرن دادەمەزرێنێت، كە لەسەر بنەمای دەستپاكی و پابەندبوون و كاریگەریی دامەزراوەیی بونیاد نراوە.

فەلسەفەی سیاسیی سەرۆك بارزانی مۆدێلێكی پێشكەوتووە لە بنیادنانی كەلتووری پێكەوەژیان و هاوبەشی نیشتمانی. ئەم گوتارەی لە بنەما ئێتنی و خۆجێی سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لە باوەڕێكی پتەوەوە بە یەكڕیزیی چارەنووسی نەتەوەیی و پێویستی بەهێزكردنی یەكخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق هەڵقووڵاوە، ئەمەش دیدگای سەرۆك بارزانی دەكاتە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی سیاسی و پتەوكردنی بنەماكانی حوكمڕانیی باش لەو وڵاتە.

جەختكردنەوەی بەردەوامی سەرۆك لەسەر بەهاكانی لێبوردەیی و هاوكاری، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێكی قووڵە لەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراق بووەتەوە، چ لە ڕووی بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی كۆمەڵایەتی، یان لە چوارچێوەی بنیادنانی دامەزراوە نیشتمانییەكان، كە توانای بەدیهێنانی گەشەپێدان و دادپەروەرییان هەیە. ئەو كۆمەڵگەیانەی كە دیالۆگ و تێگەیشتن پەیڕەو دەكەن، دەتوانن زاڵ بن بەسەر قەیرانەكان و بنیادنانی سیستەمێكی نیشتمانیی یەكگرتوو و سەقامگیر.

لە چوارچێوەی فەلسەفەی سەركردایەتیدا سەرۆك بارزانی وەكوو یەكێك لەو سەركردانە دەردەكەوێت، كە تێڕوانینی سیاسی لەگەڵ دیدێكی مرۆڤدۆستانە تێكەڵ دەكات و بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە، كە سەركردایەتی ئیمتیازات نییە، بەڵكو ئەرك و بەرپرسیارێتییە.

ئەم دیدگایە لەگەڵ چەمكە مۆدێرنەكانی حوكمڕانی و سەركردایەتیی گۆڕانویست دەگونجێت (Transformational Leadership)، كە جەخت لەسەر ئیلهامبەخشین و هاندان و دروستكردنی متمانە لەنێوان سەركردە و كۆمەڵگە دەكات.

ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە وتارەكەی ئەم دواییەدا پێشكەشی كرد، تەنیا ڕێنمایی ڕێكخراوەیی نییە، بەڵكو پلانێكی كاری نیشتمانیی گشتگیرە، كە تایبەتمەندییەكانی قۆناغێكی نوێ لەژیانی سیاسیدا دیاری دەكات، لەسەر بنەمای كرانەوە و بەهێزكردنی متمانە لەنێوان هاوولاتیان و دامەزراوەكانی حوكمڕانی و بنیادنانی مۆدێلێكی دیموكراسیی هاوسەنگ، كە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی جەماوەری كوردستان و عێراق بێت.

لە جیهانێكدا كە ئالنگارییەكان بەردەوام لە زیادبووندایە و دیمەنی سیاسی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، سەركردایەتیی هۆشیار و دڵسۆز وەكوو بەردی بناغەی پاراستنی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی گەشەسەندن دەمێنێتەوە. لێرەدا گرنگیی گوتارەكەی سەرۆك بارزانی دەردەكەوێت، چونكە وەكوو نەخشەڕێگایەك خزمەتی داهاتوویەكی یەكگرتووتر و دادپەروەرانەتر دەكات، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە قووڵەی ڕێبازی بارازنیی نەمر، كە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دایڕشتووە، كە دەڵێت: نەتەوە تەنیا بە دڵسۆزی بنیاد دەنرێت و تەنیا لە ڕێگەی یەكڕیزیی گەل و ئیرادەی پۆڵایینی كوردستانیان دەتوانرێت گۆڕانكاریی ئەرێنی دەستەبەر بكرێت.

 

(*)

دكتۆرا لە فەلسەفە، زانكۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا

Top