ئەوەی مەلا كردیان كەس نەیكرد دیداری سەرۆك بارزانی و زانایانی ئایینی
(*)
دیداری بەڕێز سەرۆك بارزانی لە ڕۆژی 18ی تشرینی یەكەمدا، هەنگاوێكی گرنگی مێژوویی بوو بۆ كوردستان و پێكهاتە ئایینییەكان بەگشتی و زانایانی ئایینی بەتایبەتی، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە دیدارانە بە دانیشتنی لووتكەیی لەمەڕ پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دادەندرێت، لە هەمان كاتدا وێستگەیەكی گرنگە بۆ شرۆڤە و لێكدانەوەی بارودۆخەكان و ورووژاندنی زانیاریی تازە لەمەڕ پرس و پێشهاتەكان و ئەبدەیتی پەیوەندیی هەرەمیی دەسەڵات بە زانایان و گەنگەشەی واقع و ئالنگارییەكان و خەمخۆری بۆ گەل و وڵات.
بایەخدان بەم شەریحە گرنگەی زانایان، كە ڕۆڵێكی گەورەیان لە بزاڤی نەتەوەیی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیاندا هەیە و جێدەستی خزمەتیان ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر دۆخی كوردستانەوە هەبووە، هێمایە بۆ ئەو ڕاستییەی كە پەیوەندیی ڕۆحی و مێژوویی سەركردە مەزنەكانی كورد وەك شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ مەحموودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزانی هێشتا زیندوون و پەرەیان پێ دەدرێت، هێمایە بەوەی سەرۆك بارزانی وەك ڕابەرێكی گەورەی نەتەوەیی و میراتگری ئەم كەڵە سەركردە ئایینی و نیشتمانییانە لەسەر ڕێچكە و ڕێبازی شێخانی بارزان، ئامانجیەتی پێگە و ڕۆڵی زانایان لەبەرچاو بێت و ستایشی هەوڵ و هەڵوێستەكانیان بكات. هێمایە بەوەی كۆكردنەوەی پێكهاتە ئایینییەكان لەگەڵ یەك لەلایەك و، قووڵكردنەوەی ئەو پێكەوەژیانەی كە تابلۆیەكی جوانی نەخشاندووە، لەلایەكی دیكە، پاراستنی ڕەسەنایەتی و بەستنەوەی مێژووی ئێستایە بە ڕابردووی پڕ سەروەریی نەتەوەكەمان، وەك جەنابیان فەرمووی: «فەرهەنگی پێكەوەژیانمان میراتی باب و باپیرانمانە، جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیهان داوە».
هەڵبژاردن و ڕۆڵی زانایان لەم نێوەدا تەوەرێكی گرنگ بوو كە ڕۆڵی زانایان ڕۆڵێكی حزبی نییە، بەڵكو ئەركی قووڵكردنەوەی ئینتیمایە بۆ خاك و خۆشەویستییە بۆ نیشتمان. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە زانایانی ئایینی ڕۆڵێكی گرنگ و ئەرێنییان هەیە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، لەو ڕووەوە ئاماژەی بەوە دا كە «گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاك و خۆشەویستییان بۆ نیشتمان، هەروەها بەرەنگاریی ماددەی هۆشبەر كە ئافاتی سەردەمە و كار لەسەر تێكدانی شیرازەی گەنجەكانمان دەكرێت، هەموو هەنگاوێك بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و كاری هەموو ئایینەكانە، لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولیش ئەوەی مەلا كردیان، كەس نەیكرد و كادری ئەسڵی مەلا بوون».
هەڵبەت شاراوە نییە مامۆستایانی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا، لە سەردەمی شاخ و شاردا، لەنێو شۆڕەشەكان و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر گرنگ و دیار و بەرچاویان لە بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و پرسە نیشتمانییەكان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە كوردستان گێڕاوە.
لە ڕووی گوتارەوە زانایانی ئایینی لە چوارچێوەی كار و هەنگاوەكاندا هەمیشە ڕەچاوی خەمخۆری و میانڕەوی و هاوسەنگی لە پیشە و ئەركدا بوون، كە لایەنێكی دانەبڕاوی نێو هزر و هەڵوێستی مەلای كورد بووە، كە دواجار ئەم جۆرە ئاراستەیە كاریگەریی گەورەی لە مەیدان و كاروانی پەیڕەوانی ئایینی و گوفتار و ڕەفتاری تاكی موسڵماندا چێ كردووە و كۆمەڵگەی بەرەو باشی گۆڕیوە، چونكە ئەم گوتارە هەڵقوڵاوی شەریعەت و قەناعەت و پابەندی و شوێنكەوتەیی ڕێبازی پێغەمبەری ئیسلام بووە، مەلای كورد بزوێنەری ژیانی كۆمەڵگەیە و حوزوورێكی كاریگەر و پێگەیەكی بەشدار و بەهێزی لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و ڕای گشتی و پرسە چارەنووسسازەكانی گەل و گۆڕەپانی ئایینی و سیاسیدا هەیە، بە شاهێدیی دۆست و دوژمن ڕۆڵی زانایانی ئایینی بەرز دەنرخێندرێت لە گەیاندنی پەیامی ئیسلام و پەیڕەوكردنی بیری میانگیری و میانڕەوی و پێكەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و گوتاری ڕقەبەریدا، ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ بووە لە ڕووی سەقامگیریی نیشتمانی و ئاسایشی كۆمەڵگە لە هەرێمی كوردستان و دەستكەوتێكی گرنگە و مایەی شانازیی هەمووانە.
بە كورتی زانایانی ئایینی هەڵوێستێكی بەرزی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەرییان هەیە، خاوەن ئەزموونێكی گەورەن و لە ئاست واقع و بارودۆخەكەدان و پەرێزێكی خاوێن و پڕ لە شكۆمەندییان هەیە، پێویستە هەم گوێیان لێ بگیرێ و ڕاوێژیان پێ بكرێت، هەمیش هەست بە ڕۆڵ و خزمەتیان بكرێت.
لەم بارەوە دید و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی هەمیشە جێگەی ئومێد و ئاسۆڕوونییە بۆ زانایانی ئایینی، كە پاڵپشتی پرسە ئایینی و بەها كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان دەكات و، هێزێكی گەورەیە لە پشت مامۆستایانی ئایینی، بۆیەش ئەم جارە دووپاتی كردەوە و فەرمووی: «من خزمەتكاری ئێوەم و ڕۆڵی ئێوە بەرز دەنرخێنم».
(*)
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و بەرپرسی ڕاگەیانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی