سەرۆك بارزانی لە دەستپێكی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردندا: خۆتان بە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بزانن، لە كەس مەترسن، چونكە ئێوە چیاكانی كوردستان و پارتیتان لە پشتە

سەرۆك بارزانی  لە دەستپێكی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردندا:  خۆتان بە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بزانن، لە كەس مەترسن، چونكە ئێوە چیاكانی كوردستان و پارتیتان لە پشتە

 

 

• كوردی باشوور دەنگیان دا كە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن، بەو مەرجەی شەریك بن لە حوكمڕانیدا، بەڵام بەداخەوە نەك نەبووینە شەریك، مافی هاووڵاتیشمان نەبوو، دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما، هاوبەشیی ئێمە بوو بە ئەنفال و كیمیاباران، زۆر لەوەش بەداختر، دوای ساڵی 2003، لەجیاتی ئەوەی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران بكەنەوە، هاتن نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفاكراو و كیمابارانكراوانەشیان بڕی.

 

• زۆر باسی پرسی نەوت و گاز دەكرێت، بۆ ئەمەش ماوەی یەك هەفتە گفتوگۆمان لەسەر ماددەی 111 و 112 دەستووری عێراق كردووە كە ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەم دوو ماددەیە نییە.

 لە ماددەی 111 هاتووە: نەوت و غازی موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا. لە ماددەی 112 هاتووە: یەكەم «حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوەدەبات، بە مەرجێك داهاتەكانیان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان لە سەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت، لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتووانەی كە ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون و ئەوانەش كە پاشتر زیانیان لێكەوت، بە جۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە یاسا ڕێك دەخرێت». دووەم «حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بەیەكەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی ستراتیجیی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز، بە جۆرێك كە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و كەڵك بۆ گەلی عێراق، ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەكنیكی بنەماكانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.

لەم بڕگەیە مەبەست لە « پێكەوە – معا» ئەوەیە واتە هەرچی دەكرێت، دەبێت پێكەوە بكرێت، نابێت وەزیری نەوت، یان وەزیرێكی تر لەوێ بە كەیفی خۆی بڕیار بدات و حیساب بۆ لایەنی بەرانبەر نەكات، هەرێم بەمە پاپەند بووە، بەڵام لایەنی بەرانبەر پێوەی پابەند نەبووە.

Top