نادر رۆستی شارەزا لە بواری گەشتیاری و شوێنەوار: بۆ ناساندنی شوێنەوارەكانمان گرنگە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە زیرەكیی دەستكرد بەبازاڕكردنیان بۆ بكرێت

نادر رۆستی  شارەزا لە بواری گەشتیاری و شوێنەوار:  بۆ ناساندنی شوێنەوارەكانمان گرنگە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە زیرەكیی دەستكرد بەبازاڕكردنیان بۆ بكرێت

 

 

پاراستنی شوێنەوار بەر لە هەموو شتێك گرنگترین ئەرك و بنەمایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم گەنجینە نەتەوەییانە. دوای دۆزینەوەو توێژینەوە و كنەوپشكنین و گەشتیاریكردن، هەموو قۆناغەكانی سەرەتایی و كۆتایی خاڵی سەرەكییان پاراستنی شوێنەوارە. پاراستنی شوێنەوار هەم بە یاسا و هەم بە هۆشیاریی گشتی دەكرێت. بۆیە پێویستە بەردەوام كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان بكەین سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی شوێنەوارەكان.

بەداخەوە، لە گەڕانەكانمدا بەناو شوێنەوار و ناوچە جیاجیاكان، بینیومە بەشی زۆری شوێنەوارەكان دەستكاری كراون. هەر یەك بە جۆرێك ئیتر بە (نووسین، تێكدان، یان لە ئەنجامی ناهۆشیاری و نەزانییەوە) مامەڵەیان لەگەڵ ئەو شوێنانەدا كردووە و زیانیان پێ گەیەندراوە. لەبەر ئەم هۆكارە، گرنگە بەردەوام كار لەسەر هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بكەین، چونكە شوێنەوار سامانێكی نەتەوەییە. هەروەها دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەبێت كاری گرنگ لەسەر ئەم پرسە بكەن، تاكو بتوانین لە كۆتاییدا شوێنەوارەكانمان لە فەوتان بپارێزین. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك فەوتان، یان كاریگەریی سرووشتی هەیە كە تووشی شوێنەوارەكان دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دەستی فەرمانگەكانی حكومەتە بۆ ڕێگریكردن لەوەی زیاتر ئەو شوێنانە دابڕووخێن، یان زیانیان پێ بگات.

سەبارەت بە شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان، دەتوانین دابەشیان بكەین بەسەر دوو جۆردا كە گرنگن بۆ بواری پاراستن و سوودلێوەرگرتن لە ڕووی گەشتیارییەوە. بەشێكیان ئەو شوێنەوارانەن كە دیار و ناسراون و پێیان دەگوترێت «مەعالم» (نیشانەی دیار). گەشتیاران دەتوانن سەردانی ئەم شوێنانە بكەن، چونكە شارستانیەتێكی بەرچاوی ئێمە پیشان دەدەن. بەشی دووەمیان ئەو شوێنانەن كە كەوتوونەتە ژێر زەوی، یان داپۆشراون و نازانرێت كە شوێنەوارن. ئەوانەش لە ئەنجامی كنەوپشكنینی شوێنەوارناسانەوە دەردەكەون، هەندێكیان وەك مەعالم دەخرێنە ڕوو و هەندێكی دیكەشیان دەگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەكان و لەوێ سوودیان لێ وەردەگیرێت.

هەر هەموو ئەم شوێنەوارانە پێكەوە گرنگن و وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتەكەمان، دەبێت بە جیهانیان بناسێنین و سەرنجی گەلانی وڵاتانی جیهانیش ڕابكێشین بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ناسینی شارستانییەت و مێژووی ئێمە، چونكە كوردستان خاوەن شارستانییەتێكی گەورەیە. هەرچەندە تا ئێستا چەندین شوێنەوار دۆزراوەتەوە و بینراوە، بە باوەڕی من هێشتا دوو ئەوەندەی دیكە نەدۆزراونەتەوە و نەبینراون، بۆیە گرنگە كەسانی زانستی و ئەكادیمی بەردەوام توێژینەوە و بەدواداچوون بكەن. توێژینەوەی شوێنەواری وەك توێژینەوەكانی دیكە نییە، پێویستە زیاتر كارێكی مەیدانی و زانستی بێت و پشت بەو زانكۆیانە ببەستێت كە لەم بوارەدا پێشكەوتوون، بەتایبەتی لە بواری ناساندن یان دەستنیشانكردنی مێژوو بە بەكارهێنانی كاربۆنی چواردە.

سەبارەت بە گەشتیاریكردنی ئەم شوێنانە، گرنگە شوێنەوارەكان بە گەشتیاری بكرێن، بەتایبەتی مەعالمەكان. كە بە دوو شێوەن: ئەوانەی كە نۆژەن دەكرێنەوە و قۆناغی شوێنەواریی خۆیان دەبڕن، ڕێك دەخرێنەوە و دواتر لەلایەن گەشتوگوزارەوە خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەكرێت. تەنانەت هەندێك شوێن پێویستیان بە شوێنی پشوودان و مانەوە و ڕووناككردنەوە و ڕێگاوبان و دابینكردنی هەموو ئەو ئاسانكارییانە هەیە، كە گەشتیار بتوانێت سەردانیان بكات. بێگومان لەگەڵ دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەدا، واتە دوای پشكنینی شوێنەوارەكان و پشتڕاستكردنەوەیان، هەموو بابەتە شوێنەوارییەكان و مێژوویی و زانستییەكانیان یەكلایی دەكرێنەوە. ئەوجا دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانیش تەواو دەبێت، بەپێی ڕێنمایی، یان ڕێپێدانێك كە شوێنەوار بۆ گەشتیاری دەكرێت، چونكە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ڕێنماییەكمان نییە بۆ بەگەشتیاریكردنی ئەو شوێنانە. ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكان و دەبێت لە ئایندەدا كاری لەسەر بكرێت. یەكێكیشم لەوانەی كە هەوڵ دەدەم كار لەسەر ئەوە بكەم، چۆن دەتوانرێت بە پشتبەستن بە یاسای شوێنەواری ٢٠٢١ و یاسای گەشتوگوزاری ساڵی ٢٠٢٢، ڕێنمایی گەشتیاریكردنی ئەو شوێنەوارانە دابنرێت.

دوای گەشتیاریكردنیان گرنگە بازاڕكردنیان بۆ بكرێت. بازاڕكردن بە مانای ناساندنیان، یان بردنەپێشەوەی هەڵمەتی ناساندنیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە هەموو ئەو بوارانەی تەكنەلۆژیای ئێستادا، بەتایبەتی بواری زیرەكیی دەستكرد (AI)، كە پێویستە سوودیان لێ وەربگرین و بیانناسێنین بۆ ئەو گەشتیارانەی كە ئارەزوو دەكەن سەردانیان بكەن. بەدڵنیاییەوە، شوێنەوار و كەلتوور شتێكە زیاتر بیانییەكان ئارەزوو دەكەن بێن و بیبینن، بۆیە دەبێت ڕووی ناساندنمان زیاتر بۆ ئەوان بێت.

لە كۆتاییدا؛ دەگەینە قۆناغێك كە ئەم شوێنانە بە گەشتیاری دەكرێن و لە ڕووی داهاتەوە دەبنە سەرچاوەی داهاتێك، كە داهاتەكەی لە گەشتیاری ئەو شوێنانە، یان لە ڕێگەی سەردانیكردنەوە دەست دەكەوێت. ئەو سەردانیكەرانەی دێن، یان ئەو گەشتیارانەی دێن بۆ ئەو شوێنانە، داهاتێكیان بۆ ئەو شوێنە دەبێت. بێگومان دەبێت ڕێكبخرێت بە یاسا كە ئەو داهاتە بۆ پەرەپێدانی ئەو شوێنە بێت، یان بە ڕێژەی چەندێك بۆ پەرەپێدانی ئەو شوێنە تەرخان بكرێت. ئەمە زۆر گرنگە كە داهاتی هەر شوێنێك ڕێژەیەكی بۆ تەرخان بكرێت. ئەگەر كۆی داهاتەكە تەرخان نەكرێت، ئەوا ڕێژەیەكی تەرخان بكرێت بۆ بەردەوامیدان بەو شوێنە، بە (نۆژەنكردنەوە، بە ڕێكخستن، بە خزمەتگوزاری و.. هتد) بە هەر جۆرێك بێت. ئەگەر وا نەكرێت، شوێنەكان نۆژەنیش بكرێنەوە، دواتر سوودیان لێ وەرناگیرێت. هەر وەك ئێستا لە هەرێمی كوردستان، وەك نموونەی قەڵای خانزاد لە قەڵای بانەمان كە نۆژەن كراوەتەوە، بەڵام بە گەشتیاری نەكراوە، تەنانەت دوو جار نۆژەن كراوەتەوە، بەڵام خەریكە نۆژەنكردنەوەكەی دیسانەوە ڕوو لە وێرانبوون دێت. بۆیە گرنگە بگەینە قۆناغی نۆژەنكردنەوە و گەشتیاریكردن و قۆناغی بەردەوامیدان و خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە. بەم جۆرە دەتوانین سوود لە شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین و بیانكەینە ناسنامەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ كوردستان.

 

 

 

Top