شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: پێویستمان بە مۆزەخانەیەكی نیشتمانییە وەك ئاوێنەیەكی زیندوو، بۆ ناسنامە و مێژووی نەتەوەییمان

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     پێویستمان بە مۆزەخانەیەكی نیشتمانییە وەك ئاوێنەیەكی زیندوو، بۆ ناسنامە و مێژووی نەتەوەییمان

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، یەكێكە لەو ڕۆژنامەنووسانەی بایەخێكی زۆر بە مێژوو و پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان دەدات. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (شوێنەوار. كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە)، سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی شوێنەوارەكان جەختی لەسەر دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی نیشتمانیی هاوچەرخ كردەوە و، بەم جۆرە بیربۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

مۆزەخانە نیشتمانییەكان، بەتایبەتی لە پایتەختەكاندا، هەمیشە وەك دڵی زیندووی نەتەوەكان و سیمبولی سەرەكیی ناسنامەی نیشتمانی لە سەرانسەری جیهاندا سەیر كراون. پایتەختە پێشكەوتووەكان شانازی بە مۆزەخانە نیشتمانییە گەورەكانیانەوە دەكەن، چونكە ئەم دامەزراوانە نەك هەر گەنجینەیەكی مێژوویی و جوگرافین، بەڵكو هاندەرێكی سەرەكیی گەشتیارین و سەرچاوەیەكی گرنگی زانیارین بۆ نەوەكان، لەمەش زیاتر لە بەشێك لە وڵاتاندا تا ئەو ئاستە بایەخ بە مۆزەخانەی نیشتمانی دراوە، كە بەپێی سێكتەرە جیاوازەكانی ژیانی نەتەوە، ئەو میراتە پۆلین كراوە و مۆزەخانەی جۆراوجۆری بۆ دروست كراوە، بۆ ئەوەی بەپێی تایبەتمەندیی ئەو سێكتەرە جیاوازانە توێژینەوەیان لەسەر بكرێت و كۆی شكۆی نەتەوەیی خۆیان پێناسە بكەنەوە و وەك پەنجەرەیەكیش لە ڕێگەی ئەو مۆزەخانانەوە پیشانی نەتەوەكانی دیكەی جیهانی بدەین.

هەر بۆیە مۆزەخانە نیشتمانییەكان تەنیا شوێنی كۆكردنەوەی پارچە شوێنەوارییەكان نین، بەڵكو وەك ناوەندێكی زیندووی پەروەردەیی، زانیاریبەخش و چاندنی هەستی نیشتمانپەروەری كار دەكەن. ئەم مۆزەخانانە هەموو بەرهەم و شوێنەوار و تایبەتمەندییە جوگرافی و كەلتوورییەكانی وڵاتێك لەخۆ دەگرن، بە شێوەیەكی وا كە مێژوو، جوگرافیا، زمان، جلوبەرگ، و هەموو لایەنەكانی كەلەپووری نەتەوەیی لە خۆیاندا كۆ دەكەنەوە، ئەمەش وای لێ دەكات، ببێتە پاشكۆیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە ئەكادیمی و پەروەردەییەكان.

نموونەیەكی دیار بۆ ئەم گرنگییە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا دەبینین، ئەم دوو وڵاتە خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە مۆزەخانەی جیهانین، وەك «دوورگەی مۆزەخانەكان لە بەرلین، مۆزەخانەی لووڤەر لە پاریس». ئەم دامەزراوانە نەك هەر ملیۆنان گەشتیار ڕادەكێشن و داهاتێكی زۆر بۆ وڵاتەكانیان پەیدا دەكەن، بەڵكو ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە پاراستنی میراتی كەلتووری مرۆڤایەتی و پێشكەشكردنی زانیاریی قووڵ سەبارەت بە مێژوو و شارەستانییەت. ئەم مۆزەخانانە بە شێوەیەكی بەردەوام نوێ دەكرێنەوە و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەكار دەهێنن، بۆ ئەوەی ئەزموونێكی سەرسوڕهێنەر و پەروەردەیی بۆ سەردانیكەران فەراهەم بكەن.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین لەم لایەنەوە لەگەڵ ئەوەی وەك برادەرانیش ئاماژەیان پێ كرد، لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە كە پڕۆژەی دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نیشتمانیی مۆدێرن لە شوێنی ئێستای «سایلۆی كۆنی هەولێر» دروست بكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئومێد دەخوازین، زوو دەست بەم پڕۆژە نیشتمانییە بكرێت و دەبوو زووتر بكرایە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان، بە هۆی مێژووە دێرین و پڕ لە ڕووداو و كەلتوورە دەوڵەمەندەكەیەوە، خاوەنی گەنجینەیەكی بێشوماری شوێنەوار و كەلەپوورە. قەڵای هەولێر، وەك یەكێك لە كۆنترین ناوەندە نیشتەجێبوونە بەردەوامەكانی جیهان، بەڵگەیەكی زیندووە لەسەر ئەم مێژووە، بەڵام بەداخەوە وەك ئەوەی لە ئەزموونی سەردانیكردنی قەڵای هەولێردا دەبینرێت، زۆرجار كەمیی زانیاری، نەبوونی ژێرخانی گونجاوی گەشتیاری، و كەمیی داهات بۆ نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدان، وای كردووە، ئەم شوێنەوارە گرنگە نەتوانێت بە تەواوی پەیامی مێژوویی خۆی بگەیەنێت.

لێرەدا، گرنگیی دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی نیشتمانیی مۆدێرن لە هەرێمی كوردستان دێتە ئاراوە، بەتایبەتی لە پایتەخت، كە دەبێ مۆزەخانەیەك بێت و تەنیا وەك ناوەندێكی نمایشكردنی پارچە شوێنەوارییەكان نەبێت، بەڵكو وەك شوێنێكی زیندوو كار بكات، كە گەشتیار و خەڵكی ناوخۆیی بە كەلتوور و كەلەپووری كوردستانەوە ببەستێتەوە. ئەم مۆزەخانەیە دەبێت:

1- ناوەندێكی زانیاریبەخش بێت: كارمەندانی شارەزا بە مێژوو، جوگرافیا، زمانەوانی، و كەلتووری كوردییەوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەن و زانیاریی دەوڵەمەند پێشكەش بكەن.

2- ژیانی ناو قەڵا زیندوو بكاتەوە: بە نمایشكردنی كەلوپەلی كەلەپووری و شوێنەواری لە ناو ماڵە كۆنەكاندا، هەستی ژیانی پێشووی ناو قەڵا و شار زیندوو بكرێتەوە.

3- تەكنەلۆژیای نوێ بەكار بهێنرێت: سیستمی نمایشكردنی 3D، گەشتی خەیاڵی، ئۆتۆمبێلی كارەبایی بچووك، یان پاسی گواستنەوەی ژینگەدۆستانە لە شوێنەوارەكاندا، دەتوانن ئەزموونی گەشتیاران دەوڵەمەند بكەن و زیانیش بە ژینگە نەگەیەنن.

4- داهات بۆ نۆژەنكردنەوە پەیدا بكات: وەرگرتنی بڕێك پارەی رەمزی وەك تكتی چوونە ژوورەوە، وەك ئەوەی لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێت، دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی بەردەوامی شوێنەوارەكان.

5- كەسانی كارامە بەكاربهێنرێت: ڕاهێنانی خوێندكاران و گەنجان وەك ڕێبەری گەشتیاری، بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لە زمان و كەلتووردا هەیە، نەك هەر دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت، بەڵكو ئەزموونی گەشتیارییش باشتر دەكات.

بێگومان دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نیشتمانیی مۆدێرن لە كوردستان، پڕۆژەیەكی گەورەی نیشتمانییە كە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و بەشداری چەندین لایەن هەیە، چ حكومەت، چ كەرتی تایبەت و چ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان. ئەمە پڕۆژەیەكە كە نەك هەر بۆ ئێستا، بەڵكو بۆ نەوەكانی داهاتوو جێگەی شانازییە و ناسنامەی نەتەوەیی كورد بە جیهان دەناسێنێت. وەك لەم گفتوگۆیە ئاماژەی پێ كرا، نەبوونی داهات هەمیشە ڕێگر بووە لە پەرەپێدان، بەڵام بە داڕشتنی پلانێكی تۆكمە و بەڕێوەبردنێكی پیشەیی، دەتوانین ئەم خەونە بكەینە ڕاستی و كوردستان بكەینە ناوەندێكی گرنگی گەشتیاری و كەلتووری لە ناوچەكەدا.

 

Top