پشتێنەی سەوز بازنەیەك بۆ هەناسەی شاری هەولێر

پشتێنەی سەوز  بازنەیەك بۆ هەناسەی شاری هەولێر

 

پشتێنەی سەوز بریتییە لە ناوچەیەكی سرووشتی لە دەورەی شار و شارۆچكەكان، چ خۆڕسك بێت یان چێندراو بە مەبەستی:

یەكەم: پاراستنی پێكهێنەرە سەرەكییەكانی ژینگە.

دووەم: دانانی سنوورێك بۆ فراوانبوونی خانووبەرە.

سێیەم: پارێزگاریكردن لە ڕووبەری سرووشتیی ئەودیوی پەرژینەكە.

چوارەم: باشتركردنی كوالێتی ژیان بۆ دانیشتوووان.

پێنجەم: پاراستنی بنەچەی ڕەسەنی ڕووەك و درەختە خۆماڵییەكان.

شەشەم: ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێوستیی بیناسازی و پاراستنی ژینگەدا.

حەوتەم: سوودی ئابووری لە ڕێگەی برەودان بە چاندنی بەرهەمە خۆماڵییەكان.

هەموو ئەمانەش كە ئاماژەمان پێ كردن، لەبەر ئەوەیە كە ئەركی پاراستنی ژینگە و چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لە هەمان كاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەشە لە هەمان كاتدا، چونكە بە دەركەوتنی شوێنەوارە نەرێنییەكانی پێشكەوتنی مرۆڤ لە بواری پیشەسازی و بیناسازی و داهێنانی چەندین مەكینە و دروستكردنی زۆرێك لە كارگە و زیادبوونی لەڕادەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەكارهێنانی بێسنوری پێكهاتەكانی ژینگە، گوێ نەدان بە چارەنووسی نەوەكانی ئایندە، زیادبوونی زۆری ڕووبەری خانووبەرە، كەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، كشانی ئاسۆیی شارەكان، زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی كارگە و هۆكارەكانی گواستنەوە، تێك ئاڵانی دیمەنە ناهۆرمۆنییەكان و تێكدانی هەستی بینین، كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی و بایەخنەدان بە شوێنەوارەكانی پڕۆژە ئەنجامدراوەكان و...هتد، هەموو ئەمانە پاڵی بەزۆرێك لە توێژەر و كاربەدەست و هاوڕێیانی ژینگەوە ناوە كە هەڵوەستەیەك بكەن لە ئاست ئەم كێشە زۆرانەدا و، خەمێك لە دۆزینەوەی چارەسەر بخۆن.

هەرێمی ئێمەش لە سایەی دەستكردن بە پەرەپێدانی فراوان وا چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا زیاتر و بە شێوەیەكی بەرچاوتر، گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی پیشەسازی و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتوووان و شەقامەكانیش بەهۆكارەكانی گواستنەوە و، زیادەڕەوی لە بەكارهێنان و بەكاربردنی نەرێنیی سامانی سرووشتیی و، كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی و ژینگەی ڕۆشنبیریدا.

پسپۆڕان و كاربەدەستانی بواری ژینگە ئەمڕۆ لە جاران زیاتر ئەركی هۆشیاركردنەوە و ئامادەكردنی باس و لێكۆڵینەوە و ئەنجامدانی ئەو میكانیزمەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە دەتوانرێت بەهۆیانەوە شوێنەوارەكانی ماددە پیسكارەكانی ژینگە نەهێڵن، یان كەمیان بكەنەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی كە لە دوای پڕۆسەی نوێی سەرژمێریی عێراقەوە دەست كەوتوون، ئەوە دەخاتە بەرچاو كە نزیكەی 70% ی دانیشتووان لە شارەكاندا دەژین و، 30% یش لە گوندەكاندا ژیان بەسەر دەبەن، كۆبوونەوەی ئەم ڕێژە بڵندە لە دانیشتوووان لە نێو شارەكاندا، ئاستی خزمەتگوزاریی باش و، ڕۆشنبیرییەكی شارنشینی و شارستانیی باشتری پێویستە، چونكی بە چڕبوونەوەی ڕێژەی بڵندی دانیشتوووان لە نێو شارەكاندا، زۆر كێشە دروست دەبن، لەوانە:

زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و هەژاری، زیادبوونی قەبارەی زبڵ و خاشاك، پیسبوونی زیاتری هەوا بەهۆی هۆكارەكانی هاتوچۆ و زیادبوونی كێشەی نیشتەجێبوون، سەرهەڵدانی دیاردەی بەگوندبوونی شارەكان، كەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی لە نێو شارەكاندا و.. زۆر كێشەی دی.

جا بۆیە بەپێی پێوەرەكانی نیشتەجێكردن، پێویستە لە دیزاینی شاردا چەند مەرجێكی ژینگەیی لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە: -

یەكەم: دەبێت هەر كەسێك لە نێوان (1.5 - 2.5) مەتر دووجای لە باخچەو ڕووبەری سەوزای بەربكەوێت لە گەرەكەكەی خۆیدا.

دووەم: بە پێی پێوەری جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، دەبێت هەركەسێك لە شارەكەی خۆیدا لە نێوان (15 - 20) مەتر دووجای لە باخچە و ڕووبەری سەوزایی بەربكەوێت.

سێیەم: پێویستە بەلای كەمەوە 25%ی ڕووبەری شارەكان، ڕووبەری سەوز بن.

ئەم مەرجە ژینگەییانە كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر چاكتركردنی ژینگە و ژیانی مرۆڤەكان لە شاردا، لەوانە:

1- ڕووبەری سەوزایی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە هەڵمژینی گازی دوانەئۆكسیدی كاربۆن ء بەرهەمهێنانی ئۆكسیجین.

2- ڕۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی تینی گەرمای تیشكی ڕۆژ.

3- ڕۆڵی هەیە لە ڕێگرتن لە ڕەشەبا و گەردەلوول.

4- ڕۆڵی هەیە لە بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە ڕێگەی كۆبوونەوە و دانیشتنی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە پاركێك یان لە سەیرانگەیەكدا.

5- ڕۆڵی هەیە لە ئارامكردنەوە و چاكتركردنی باری دەروونیی مرۆڤ، كە ڕەنگی سەوز كاریگەریی پۆزەتیڤی هەیە لەسەر كەمكردنەوەی هۆرمۆنی بەرپرس لە گرژبوونی باری دەروونی.

 هەر لەبەر ئەمەشە كە دەوڵەتانی جیهان هەوڵ دەدەن زیاتر لەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەش ڕووبەری سەوزایی لە شارەكاندا زیاد بكەن، بۆ ئەوەی هەر تاكێك زیاتر لەو ڕووبەرە سەوزەیان بەر بكەوێت كە ستانداردە جیهانییەكان دیارییان كردووە.

پێداویستییەكان بۆ بەردەوامیی و پاراستنی پشتێنەی سەوز

سەركەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوز بەلای كەمەوە بەندە بە چەند خاڵێكەوە، وەك:

یەكەم: لە سەرەتاوە دابینكردنی پێداویستییەكانی توێژینەوەی زانستی بۆ هەڵبژاردنی درەختی گونجاو بۆ بارودۆخی كەشوهەوای ناوخۆ.

دووەم: پابەندبوونی درێژخایەنی لایەنی جێبەجێكار بۆ دابینكردنی پێداویستییە دارایی و مرۆییەكان.

سێیەم: كاراكردنی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان بۆ ڕێگرییكردن لە زیانگەیاندن بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوز لەلایەن سەرپێچیكارانەوە.

 

Top