سەبری عەبدی ئەكتەر و دەرهێنەر لە بواری سینەما و شانۆ: سینەما هونەرێكە كە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە برینەكان و مێژووی گەلەكەت و ڕووداوە ڕاستەقینەكانی پیشان بدەیت
سەبریە عەبدوڵڵا عەبدی مەحموود زێنوەیی، ناسراو بە «سەبری عەبدی»، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێرە بەشی شانۆ و دەرچووی كۆلیژی هونەر بەشی سینەمایە لە زانكۆی سەڵاحەدین- هەولێر و هەتا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆگەری و فیلمی سینەمایی كردووە و هەروەها لە چەندین شانۆگەری و فیلمی سینەما ڕۆڵی سەرەكی گێڕاوە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (هونەر و ناسنامە كورد چی بكات باشە؟)، بەمجۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.
زۆر سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەم، كە ئەمڕۆ ئەم هەموو هونەرمەندە گەورانەی كۆكردووەتەوە كە گفتوگۆ لەسەر پرسی «هونەر و ناسنامە» بكەن. بەڕاستی ئەمە شانازییەكی گەورەیە بۆ من كە لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستادام، ئەوانەی ئەزموونیان زۆر زیاترە لە تەمەنی منیش. بەڵام پێم وایە ئێمەش نەوەی داهاتووین و لە داهاتوودا دەبینە بەشێك لە ڕابردوو.
ئەوەی ئێستا مامۆستایان خستیانە ڕوو، ئەوەشی كە خۆیشم خوێندوومەتەوە و بینیومە، پێم وایە هونەری كوردی هەمیشە هاوتەریب بووە لەگەڵ شۆڕشەكاندا و لەگەڵ ئەو ڕێچكەیەی كورد پێی گەیشتووەتە ئێستا و ڕۆڵی هەبووە لەگەڵ پێشمەرگەدا. بۆ نموونە، كاك شڤان پەروەر كە خۆی لەم گفتوگۆیە ئامادەیە، خۆی بە هونەرەكەی شۆڕشێكی دروست كرد، جگە لەوەی پێشمەرگە بوو. بەڵام ئەوانە هەمووی هەوڵی تاكەكەسین. پێم وایە هەوڵەكان تا ئێستا لە چوارچێوەی تاكەكەسی بوون و نەبوونەتە هەوڵێكی دەستەجەمعی و گشتی و پشتگیری نەكراون. ئێوە لە تەمەنی خۆتاندا تەنیا بە هەوڵی تاكەكەسیتان توانیوتانە هونەر بگەیەننە ئەم ئاستە. ئێمە تا ئێستا هیچ دەزگایەكمان نییە كە بتوانێت هونەری كوردی، بە هەموو بوارەكانیەوە كۆبكاتەوە. پشتگیرییەكی ئەوتۆمان نییە بۆ ئەوەی هونەرەكەی خۆمان پێش بخەین. بۆیە دەبێت یەكەم جار ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین: ئایا ئێمە لە ناوخۆماندا هونەرێكمان هەیە كە گەشتبێتە ئاستێكی باڵا؟ بۆچی شتێكی وامان نییە كە بتوانین بیبەینە دەرەوە؟ چونكە لە هیچ لایەنێكەوە پشتگیری نەكراوە.
من گەنجێكم و لە هەولێر كار دەكەم. چواردە ساڵم تەمەن بوو هاتمە ناو بواری ئەدەب و هونەرەوە. ئێستا بیست و هەشت ساڵم، كە تەمەنێكی سەرەتایی بۆ من. زوو دەستم پێكرد، بەڵام چی بكەم؟ بە تەنیا چیم پێدەكرێت؟ بە تەنیا دەتوانم چی بكەم؟ بێگومان بە تەنیا هیچم پێناكرێت، لەبەر ئەوەی هونەر خۆی شتێكی گشتییە.
من پێم وایە بۆ ناساندنی هونەری كوردی لە دەرەوە، دەبێت كۆمەڵێك فێستیڤاڵمان هەبێت. دەبێت فێستیڤاڵی شێوەكاری و فێستیڤاڵی مۆسیقاییمان هەبێت. لە هەولێر، كە پایتەختی هەرێمە، چەند فێستیڤاڵمان هەیە؟ فێستیڤاڵێكی شانۆمان هەیە، كە چەند ساڵە وەستێنراوە. بەبێ بوونی پشتگیری، ناتوانیت فێستیڤاڵیش ئەنجام بدەیت. واتە، ئەگەر فێستیڤاڵێكیشت هەبێت، دەبێت پشتگیری بۆ هەبێت. كێ ئەو كارانە ئەنجام دەدات؟ وەك وتم، هەوڵی تاكەكەسی ناتوانێت گەیشتنمان بە ئاستی جیهان مسۆگەر بكات، دەبێت هەوڵی گشتی هەبێت. من پێم خۆشە برا و مامۆستایانمان كە لە من ئەزمووندارترن، باسی ئەوەمان بۆ بكەن كە ئێمە پێكەوە چی بكەین بۆ ئەوەی كارەكانمان گشتی بن و بتوانین كارێكی گەورە پێكەوە ئەنجام بدەین و گۆڕانكارییەكی گەورە پێكەوە بكەین.
هونەری سینەما، كە هونەرێكی سەردەمییە و هەموو هونەرەكانی دیكەش لەخۆ دەگرێت، دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە دەرەوە. سینەما هونەرێكە كە دەتوانیت لە ڕێگەی ئەو هونەرەوە برینەكانی گەلەكەت، مێژووی گەلەكەت و ڕووداوە ڕاستەقینەكانی پیشان بدەیت. زۆر خۆشحاڵ بووم ئەوەش بڵێم كە ئەمساڵ سێ كورتە فیلمم هەبوون. یەكێك لەو كورتە فیلمانە باسی ئەشكەوتی شانەدەر بوو. ئەمە شتێكی جوان بوو، توانی بێتە دەرەوە و خەڵك بیبینێت كە مێژووی شانەدەر چییە. بەڵام سینەما یەكێكە لەو هونەرانەی كە پێویستی بە بوودجەیەكی زۆر هەیەە. من وەك خۆم، ئەگەر نەتوانم بۆ خۆم كار بكەم و دەستكەوتم نەبێت لەو بوارەی تێیدا خوێندوومە و خۆمم بۆ تەرخان كردووە، چۆن دەتوانم بۆ گەلەكەم دەستكەوت دروست بكەم؟
یەكێكیش لەو خاڵانەی كە زۆر گرنگە و دەبێت جەختی لەسەر بكەمەوە، ئەوەیە كە كاتی ئەوە هاتووە، هونەر لە كاری خۆبەخشی بێتە دەرەوە. هونەر لە هەموو دنیادا بووە بە بزنێس. بۆچی لێرە ئێمە تا ئێستا بە خۆبەخشی هونەر بكەین؟ بۆچی؟ ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەشێكی سەیر و سەمەرە لە دەوروبەرمان دروست كراوە. نازانرێت كامیان هونەری ڕاستەقینەیە و كامیان تەنیا دیاردەیەكی كاتییە. ئێستا سەردەمێكە شتەكان زوو تێدەپەڕن. كۆمەڵێك میدیا هەن، كە بابەتەكان بە خێرایی بڵاو دەكەنەوە، یان بە سەریاندا باز دەدەن، بەبێ ئەوەی واقیعی ئەو شتانە بگات.
كۆمەڵێك هونەرمەند پەیدا بوون لە سۆشیال میدیا هونەر بە خەڵك دەفرۆشنەوە. یوتیوبەرێك دێت كە لە من كە ئەكتەرێكی ئەكادیمم، بینەری زیاترە. بۆچی؟ ئایا ڕۆشنبیرییەتی كورد بەرەو دواوە دەڕوات؟ واتە خەریكە خەڵك بەدوای كۆمەڵێك شتی تەنزی بێمانادا دەگەڕێن. شانۆ و ئەكتینگ و تەنز، تەنز ئەوەیە كە تۆ ڕەخنەیەكی توندی دڵسۆزانە بە شێوەی تەنز دەگریت. بەڵام ئێستا تەنز، خەریكە لایەنی ئەخلاقی لە سۆشیال میدیادا بە لاڕێدا دەبرێت. كۆمەڵێك وشە فێری منداڵەكانمان و فێری ئەو گەنجەی ئێستا دەكات، كە بەداخەوە دەتوانم بڵێم لایەنی ئەخلاقییەكەی تەواو نییە.
بۆیە پێویستە فیلتەرێك هەبێت بۆ جیاكردنەوەی هونەر و ناهونەر. هونەرە پاك و جوان و ڕەسەنەكە نیشانی دەرەوە بدەین و بڵێین ئێمە ئەوەین. بەڵام پێش ئەوە، من دەبێت یەكەمجار لەناو خۆماندا خزمەتی هونەر بكەین. ئێمە هێشتا لەناو خۆماندا كارێكی ئەوەندە گەورەمان نەكردووە، كە هەموومان هەست بكەین ئەو هونەرە هی كوردە. هێشتا هۆڵەكانی سینەمامان چۆڵن. هێشتا هۆڵەكانی شانۆمان خزمەت نەكراون. ڕۆژێك لە هۆڵی شانۆ دانیشتبووم و سەیری شانۆیەكم دەكرد، وەك بینەر، كارەبا كوژایەوە لە ناوەڕاستی شانۆكەدا. ئایا ئەوە ئابڕووچوون نییە؟ ئەوە بێڕێزی كردنە بەو هونەرە، بە بیست ئەكتەر كە لەسەر شانۆن، بە دەرهێنەرێك، بە سەدان بینەر كە دانیشتوون. چۆن دەبێت كارەبا لە هۆڵی شانۆدا بكوژێتەوە؟
كەواتە، دەبێت سەرەتا لەسەر خۆمان كار بكەین و هونەرەكەمان پەرە پێ بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین بیبەینە دەرەوە. ناكرێت بە دوو كارەوە بڕۆیتە دەرەوە. دەبێت كۆمەڵێك كار هەبن. پێویستە كۆمەڵێك فێستیڤاڵ دروست بكەین. فێستیڤاڵی فیلم و مۆسیقا، چونكە فێستیڤاڵەكان خۆیان ئاڵوگۆڕكردنی كەلتوورەكانن. تۆ لە ڕێگەی فێستیڤاڵەكانەوە دەتوانیت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكە دروست بكەیت و ئەوانیش تۆ بانگ بكەنەوە بۆ ئەوەی هونەری خۆت پیشان بدەیت.
پێشنیاری من ئەوەیە كە لە ناوخۆماندا، وەك نیشتمانێك، خزمەتێك بە هونەرەكەمان بكەین. فیلتەرێك دروست بكرێت. وەزارەتی ڕۆشنبیری، وەك پێش منیش ئاماژەیان پێكرد، بوون و نەبوونی وەك یەكە، دەبێت فیلتەرێك دروست بكات كە هونەر و ناهونەر لێك جیا بكاتەوە. خزمەتی ئەو هونەرمەندە ئەكادیمییانە بكات، كە توانیویانە كار بكەن. من زۆر جار دڵگران بووم. من لە ئاوارەییدا لەدایك بووم، كچە پێشمەرگەم. خێزانێكی دیاری كوردین. زۆر جار دڵگران بووم، كە بە بوونی دوو بڕوانامەی هونەری، تا ئێستا من لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەك هونەرمەندێك ناسنامەشم نییە. بەڵام كەسێك لە دەرەوە هاتووە، ئەكادیمیش نییە، ناسنامەی هەیە. دڵم بۆ ئەو شتانە دێتە ژان. ئەمە وام لێ دەكات، سارد یبمەوە. وام لێ دەكات، هەرگیز كار نەكەم. هەندێك جار تووڕەییەكەم دەگاتە ئاستێك كە پێم وایە ژیانم خراپ دەبێت بە هۆی ئەو كەسانەی لە دەوروبەرمانن و هیچ پەیوەندییەكیان بە هونەرەوە نییە. ئەسڵەن هاتوون هونەرەكەمان تێك دەدەن و بە لاڕێیدا دەبەن.
من پێم باشە وەزارەتی ڕۆشنبیری فیلتەرێك بۆ ئەم بوارە دروست بكات و ساڵانە بەرهەممان هەبێت، لانیكەم چوار شانۆ، پێنج فیلمی سینەمایی، دوو كۆنسێرت بۆ هونەرمەندانمان هەبێت، گۆرانی بڵێن. پێنج پێشانگای شێوەكاری، پێشانگای پەیكەرتاشی و شتی دیكەمان هەبێت. واتە خاوەنی ئەو شتانە بین. كاتێك خۆمان خاوەنیان بین، ئەو كاتە دەتوانین بچینە دەرەوە. كاتێك هیچت پێشكەش نەكردبێت و ئەوەی هەیە ون بێت، ئەوا هیچت نییە كە شانازی پێوە بكەیت. من وەك گەنجێكی ئێستا، لەسەر ئەو نەهامەتییانەی كە لە هونەردا دەیبینم، قسە دەكەم. داوا دەكەم لە حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان هونەر بكاتە دەرگایەكی ناساندنی كورد لە ڕێگەی پشتگیریكردنی هونەرمەندان، من داوا ناكەم پارە بە بێ بەرانبەر بداتە هونەرمەندان، بەڵكو داواكارم دەزگایەك دابمەزرێنێ بۆ هونەرمەندان و سەپۆرتی كارەكانیان بكات و لەو ڕێگەیەوە پارەش پەیدا بكاتەوە، وەك بزنسێك. كاتێك شانۆ و فیلم و كۆنسێرت و پێشانگا نمایش كران، بە بلیت نمایش بكرێن و بەشێك لەو پارەیەش بگەڕێتەوە بۆ داهاتی حكومەت، ئاوها بەرهەممان زیاتر دەبێت و بەردەوام كاری هونەریمان دەبێت. هەروەها لە هەوڵی تاكە كەسی دەبێتە هەوڵی گشتی و هونەرمەندانیش لەو نەهامەتی و بێ بەرهەمی و بێكارییە ڕزگاریان دەبێت. پێشم وایە لە ئاستی ئەزموونی ئێوە و ئەو قوربانییەی ئێوە بۆ هونەر داوتانە، ناتوانم هیچ بڵێم.
