شۆڕشی ئەیلول بڵێسەی ئازادی لە مێژووی کوردستاندا

شۆڕشی ئەیلول بڵێسەی ئازادی لە مێژووی کوردستاندا

 

۱۱ـی ئەیلولی ساڵی ۱۹٦۱ ئەو پڕیشکەی کە ڕەوتی مێژووی گەلی کوردی گۆڕی، کاتێک سەرکردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، شۆڕشی نەتەوەیی لە دژی نادادپەروەری و پەراوێزخستن ڕاگەیاند، ئاڵای ئازادی و کەڕامەتی بەرزکردەوە. ١١ـی ئەیلول تەنیا ڕووداوێکی سەربازی نەبوو؛ بەڵکو ئیڕادەیەکی جەماوەریی هەمەلایەنە بوو کە سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازییەکانەوە تێیدا بەشداربوون.

ئەم شۆڕشە ئەوەندەی شۆڕشێکی دیپلۆماسی بوو، ئەوەندەش شۆڕشێکی مەیدانی بوو. توانی دۆزی گەلی کورد بە جیهان بناسێنێت و بیخاتە سەر مێزی دیالۆگی نێودەوڵەتی، شۆڕش پڕەنسیپی هاوسەنگی نێوان خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی بەرجەستە کرد، دووپاتی کردەوە کە ناکرێ و قبولکراو نییە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان پشتگوێ بخرێن.

شۆڕشی ئەیلول بناغەی دانپێدانانی هەبوون و مافە نەتەوەییەکانی دانا و زەمینەی بۆ ئەو دەستکەوتە دەستووری و سیاسییانەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەهرەمەندە، خۆشکرد. ئەوەی بەدەست هات، دیاری نەبوو، بەڵکو بەرهەمی قوربانیدانی بێئەندازە و خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە ناوی خۆیان بە بەرزی شکۆمەندی لە مێژوودا چەسپاندووە.

بیرهێنانەوەی شۆڕشی ئەیلول تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو بەڵکوو نوێکردنەوەی بەڵێننامەی پاراستنی ئەزمونی دیموکراسی کورد و پاراستنی دامەزراوەکانی و پابەندبوون بە یەکێتی نەتەوەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دۆستە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش.

شۆڕشی ئەیلول وەک قوتابخانەی نیشتمانپەروەری و دیپلۆماسی و چرایەک دەمێنێتەوە کە نەوە دوای نەوە بەرەو ئازادی و دادپەروەری و خۆنەچەماندن ڕێنمایی دەکات و پەیامێکی ڕوونە کە ناتوانرێت ئیڕادەی گەل بشکێنرێت، هەرچەند کات بخایەنێت. شۆڕشی ئه‌یلول، جگە لە بەدەستهێنانى چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی رێككه‌وتننامه‌ى ۱۱ـی ئادارى ۱۹۷۰ بوو کە دوژمنى ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکان دا بنێت و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرتاسەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستانی دروستبکات.

ئەمڕۆ یادی شەست و چوارەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە کە بەسەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانی نەمر هەڵگیرسا، مێژوو شاهید و سەلمێنەری ئەوەیە وەک هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕابەرایەتی و سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە ڕێبەرایەتیکردنی گەلی کوردستان و پارێزگاریکردن لەدەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشێت و بەردەوامە، ئەمەشیان وایکردووە پارتیمان ببێتە چاوگەی هیوای گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و فاکتەرێکی بەهێزی دڵنیایی و ئارامی و ئاوەدانی، له‌م یاده‌ پڕشكۆیه‌دا یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە و تێکۆشەرانەی کوردستان دەکەینەوە كه‌ بەشداربوون لە چەسپاندنی ئیڕادەی نەتەوەیی.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، سڵاو بۆ ڕۆحی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی گەلەكەمان، سڵاو لەپێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
بژیت کورد، بەهێز و پارێزاو بمێنێت کوردستان.

حسیبە سعید گەردی
۱۱ـی ئەیلوولی ۲۰۲٥

Top