ئه‌زموونى گه‌لى كورد له دیدى تیۆرى رۆتێر
ژولیان رۆتێر (Julian Rotter, 1916-2014)، زاناى ئه‌مریكى له بوارى ده‌روونناسیدا، له تیۆرییه‌كه‌یدا ئاماژه به بنه‌ماكانى ره‌فتارى مرۆڤ ده‌دات له هه‌ڵوێستى جیاوازدا، و له‌م تیۆره‌ى دا هه‌ندێ چه‌مك و زاراوه به‌كار دێنێ كه ده‌ربڕین له هۆكاره‌كانى هه‌ندێ ره‌فتارى مرۆڤ ده‌كه‌ن، و كه‌م و زیاد له تیۆره‌كانیترى ده‌روونناسیدا به‌دیده‌كرێن. یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ى رۆتێر به‌كارى هێناوه چه‌مكى سه‌نته‌ر یان شوێنى كۆنترۆڵكردنه (locus of control). به پێى بۆچوونه‌كانى رۆتێر مرۆڤه‌كان به گشتى دوو جۆرى سه‌نته‌ر و شوێنى كۆنترۆڵكردنى ره‌فتاریان هه‌یه: جۆرى یه‌كه‌م: كه به سه‌نته‌رى كۆنترۆڵى نێوخۆیى(locus of control internal) ده‌ناسرێت. و جۆرى دووهه‌م سه‌نته‌رى كۆنترۆڵكردنى ده‌ره‌كى (locus of control external) یه. رۆتێر پێى وایه ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ده‌كه‌ونه نێو جۆرى یه‌كه‌مى سه‌نته‌رى كۆنترۆڵكردن، زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وت و ره‌فتاره‌كانى خۆى بۆ فاكته‌ره‌كانى نێوخۆیى و هه‌وڵ و كۆشش و ماندیبوون و كارى خۆى ده‌گه‌ڕێننه‌وه. واته فاكته‌رى خۆدى به بزوێنه‌رى ره‌فتاره‌كانى خۆى و ده‌ستكه‌وته‌كانى ده‌زانن.
به‌ڵام له جۆرى دووهه‌مدا، تاكه‌كان ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتن و یان سه‌رنه‌كه‌وتن و له‌ده‌ستچوون و شكسته‌كانیان به به‌رهه‌مى فاكته‌رى نا-خۆدى، واته ده‌ره‌كى ده‌زانن، و ئه‌و فاكته‌رانه‌ى كه شانس و به‌خت، و یان كه‌سانیتر و فاكته‌رى ناپه‌یوه‌ندیدارى جیاواز، به‌شێكن له‌و هۆكارانه‌ى كه به بۆچوونى كه‌سانى جۆرى دووهه‌م، سه‌رچاوه‌ى سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنى ئه‌وانه له ژیانى رۆژانه‌یاندا. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رسۆڕوانه ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له‌و فاكته‌رانه یان بوونیان نیه و یان هیچ په‌یوه‌ندیان به مرۆڤه‌كه‌یه‌وه نیه، تا چ جاى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنیه‌وه هه‌بێ و ته‌نها له مێشكى ئه‌و كه‌سانه‌دا هه‌یه، و ئه‌و جۆره كه‌سانه بۆ شاردنه‌وه‌ى راستییه‌كان یان لاوازیى خۆیان ئه‌وان به هۆكارى شكستى خۆیان داده‌نێن و یان باشتره بڵێن به مل ئه‌واندا ده‌نێن.
رۆتێر واى بۆ ده‌چێ كه‌سانى جۆرى یه‌كه‌م زیاتر پشت به خۆیان ده‌به‌ستن و زیاتر له جۆره‌كه‌ى دیكه سه‌رده‌كه‌ون، چونكه پشت ئه‌ستوورن به هێز و توانایى ناوخۆیى و خۆدى، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌كه‌ونه خانه‌ى جۆرى سه‌نته‌رى ده‌ره‌كى ده‌ستكه‌وته‌كانیان زۆر كه‌متره و زیاتر تووشى شكست و سه‌رنه‌كه‌وتن دێن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ جۆرى یه‌كه‌مدا.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و تیۆره له‌سه‌ر دۆزى ره‌واى گه‌لى كورد جێبه‌جێ بكه‌ین، ده‌بینین كورد ده‌كه‌وێته نێو دوو به‌رداش، و له نێوانیان دا هاتووچۆ ده‌كات.
كاتى وا هه‌یه تاكى كورد واى بۆ ده‌چێ كه دۆزه ره‌وایه‌كه‌ى په‌یوه‌سته به فاكته‌ره‌كانى ده‌ره‌كى و هه‌ڵوێستى خه‌ڵك و وڵاتانی‌تر، و له‌و جۆره تێڕوانینه‌دا ده‌ست له خۆى ده‌شوات و سست و خاو ده‌بێ و ده‌ست له كار و چالاكى و خه‌بات هه‌ڵده‌گرێ و بێ هیوا ده‌بێ و نائۆمێدى دایده‌گرێ. به‌ڵام جارى وا هه‌یه كه تاكى كورد، چ له ئاستى تاك و چ له ئاستى به‌كۆمه‌ڵ، و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستى سه‌ركردایه‌تیدا، به جۆرى یه‌كه‌م، واته جۆرى نێوخۆیى، ده‌ناسرێت، كه ده‌ستكه‌وته‌كانى خۆى به به‌رهه‌مى جووڵه و خه‌بات و قۆربانیدانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌زانێ، و ئا له‌و كاته‌دا جارێكی‌تر هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ده‌ست به خه‌بات ده‌كات و له قۆربانیدان سڵ ناكاته‌وه، و له‌و كاتانه‌یه كه ده‌ستكه‌وتى مه‌زن به‌ده‌ستخۆى ده‌خات.
و ئه‌گه‌ر ته‌ماشه‌ى پانۆراماى ده‌ستكه‌وت و شۆڕشه‌كانى گه‌لى كورد بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه زیاترینى ده‌كه‌ونه نێو خانه‌ى جۆرى یه‌كه‌مدا و جۆرى نیۆخۆیى. به‌واتایه‌كیتر تاكى كورد ئه‌و كاته‌ى پشتى به خۆى و گه‌له‌كه‌ى و قۆربانیدان و خه‌باتى خۆى به‌ستبێ، هه‌میشه ده‌ستكه‌وته‌كانى ئاستێكى باشیان بڕیوه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كاته‌ى ده‌ستى له خه‌بات هه‌ڵگرتبێ و خۆى به فاكته‌رى ده‌ره‌كى و نا-خۆدى به‌ستبێ تووشى زیان و شكست و نه‌هامه‌تى و له كیس دانى زۆر ده‌ستكه‌وت هاتووه.
نموونه‌یه‌كى زیندووى ئه‌و جۆره هه‌ڵسوكه‌وته، له رفراندۆمى ساڵى 2017 بوو كه نیشانه‌ى ئه‌و په‌ڕى زینددوویه‌تى تاكى كورد و نه‌ته‌وه‌یه‌كى هۆشیار و پشت به‌ستن بووه به خۆیه‌وه، و به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ى كه جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى پێداگرى له ئه‌نجامدانى كرد و ده‌نگى "به‌لێ" سه‌ركه‌وت. ئه‌و ره‌فتاره ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كاتێك تاكى كوردى توانیبێت یه‌كگرتوو و یه‌ك هه‌ڵوێست بێ، ده‌توانێ ده‌ستكه‌وتى زۆر گه‌وره‌ى هه‌بێ، و ئه‌و رفراندۆمه به قۆناغێكى زیندووى مێژووى پڕ سه‌روه‌رى گه‌لى كورد ئه‌ژمار ده‌كرێ، كه كه‌متر كه‌سێك هه‌یه به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى ئه‌و رۆژه، شانازى به خۆیه‌وه و گه‌له‌كه‌ى نه‌كات، كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ئه‌و په‌ڕى ئازایه‌تى و بۆێرانه، له پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌كانى نه‌ته‌وه‌یى خۆى، ببێته كه‌سێكى جۆرى یه‌كه‌م، و ئه‌و راستییه‌ى بۆ روون و ئاشكرا بێ كه هه‌میشه یه‌كریزى هه‌وێنى سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتنه به ئامانجه‌كان، و ئه‌گه‌ر كورد هه‌میشه به‌و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌یه هه‌نگاو بنێت، رۆژێك دادێت، كه ئیتر دوژمنانیشى تێده‌گه‌ن كه ئیتر كاتى ئه‌وه هاتووه بڕوا بكه‌ن كه تاكى كورد بۆ گه‌یشتن به ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى له هیچ ره‌فتارێك و قۆربانیدانێك سل ناكاته‌وه و به تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ى كه ئه‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته به پێى بنه‌ماكانى دیمۆكراسى و سه‌رده‌میانه و ئاشتیخوازنه و مرۆڤدۆستانه بێ.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ/ كۆلیژى په‌روه‌رده

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*