فەرەیدون سامان، سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی، زمان و زار: لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، خوێندنی زمانی كوردی بەتەواوەی پەراوێزخراوە
چەندین هەڕەشە و مەترسی لەسەر زمانی كوردی هەیە و، دەكرێت ئاماژە بە هۆكاری دەرەكی بكەین، كە بەداخەوە تا ئێستا لەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، زمانی كوردی هەر لە ڕەهەندی دەستووری ئەو وڵاتانە قەدەغەیە و بوونی نییە و نكۆڵی لە زمانی كوردی دەكرێت، لە عێراقیشدا بەتایبەتی لەدوای ٢٠٠٣ لە بڕیاری ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراقی كە زمانی كوردی ددانی پێدا نراوە، كە هاوتا وەك زمانی عەرەبی زمانێكی فەرمییە، بەڵام لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یان ناوچە جێناكۆكان، لە بواری پراكتیكدا زمانی كوردی لە پەراوێزدایە. بۆ نموونە لە كەركووك و خانەقین زمانی كوردی ناخوێندرێت. تەنانەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق كە كەمینەیەكی زۆری كوردی تێدایە، بە هەمان شێوە زمانی كوردی ناخوێندرێت و لەپەراوێزدایە، هۆكارێكی دیكەی بۆ پەراوێزخستنی زمانی كوردی، دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی ئایدیۆلۆژی و لایەنی ئایینی، خەڵكانێك هەن بە هەڵە لە ئایین تێگەیشتوون و پێیان وایە كە زمانەكەی ئایینەكەیان زمانی بەهەشتە و زمانێكی پیرۆزە، بەڵام زمانی كوردی زمانی ئەجندە و دوژمن و ئەم شتانەیە، بەمەش خەڵكانێك هەیە هاوسۆزی و ئینتمایان بۆ زمانی دایك، یان بۆ زمانی كوردی نییە.
لە دامەزراوە گەشتیاری و بازرگانییەكاندا تا ئێستا زۆربەی زۆری تابلۆكان بە زمانی ئینگلیزی، یان بە عەرەبین. هەتا ئەوانەی كە بە زمانی كوردین، بە كوردییەكی هەڵە نووسراون، ڕێنووس و خاڵبەندی ڕەچاو نەكراوە. ئەو دیاردەیە بەڕاستی دیاردەیەكە كە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە و لەسەر ئاسایشی زمانی كوردی. هۆكارێكی دیكەش بوونی ئەو هەموو خوێندنگە و قوتابخانە ئەهلی و تایبەتانەیە كە بە زمانی بیانی بەتایبەتی بە زمانی ئینگلیزی پڕۆگرامەكانی خوێندنیان هەیە، ئەو ڕەوتەی دروست بووە، زۆر نامۆیە بە زمانی كوردی. بەداخەوە كە نەدەبوایە ئەوە بووایە، دەبووایە لە سیستمی پەروەردەدا شتێك بكرایە كە زمانی كوردی زمانێك بووایە، لە قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی هاوشان وەك زمانی ئینگلیزی ڕۆژانە بخوێندرایە، دواتریش ئەو مامۆستایانە مامۆستای شارەزا بن، نەك مامۆستایەك كەم ئەزموون و ڕاهێنراو نەبێت. بۆیە پێویستە لە قوتابخانە ئەهلی و تایبەتەكان بایەخێكی زۆر بە زمانی كوردی بدرێت. مەرجی وەرگیران لەو قوتابخانانە كە ئەگەر مامۆستای شارەزای نەبێت، یان دەرسی وانەكانی زمانی كوردی پێشكەوتوو نەبێت، ئەو قوتابییانە نەتوانن بخوێنن و بگرە سزای ئەو قوتابخانە ئەهلییانەش بدرێت كە گرنگی بە زمانی دایك نادەن.
خاڵێكی دیكەی گرنگ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كرێكار و خەڵكانی بیانی نیشتەجێی كوردستانە، ئەو كرێكار و كارمەندانەی كە دێن بۆ كارێك، گرێبەست دەكەن لە كۆمپانیاكان، یان لە شوێنەكانی كەرتی تایبەت، مەرجی سەرەكی ئەوەیە كە فێری زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە بن. دیسان بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا كار بەوە ناكرێت، بە ڕای من پێویستە ئەوانە خولی ڕاهێنانی زمانی كوردییان بۆ بكرێتەوە و مەرجی گرێبەست و ئیشكردنەكەشیان بێت.
