هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیرانی میسر

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیرانی میسر

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیرانی میسری لە یەکی مانگی ئاب دەستی پێکرد بۆ ماوەی دوو رۆژ بۆ هاووڵاتیانی میسری لە تاراوگە، و دواتر لە رۆژانی ٤و٥ ی ئەم مانگە بۆ دەنگدرانی ناوخۆ.

دوای هەموارکردنی دەستووری میسری ساڵی ٢٠١٩، بریار درا بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی پیران، کە تا ساڵانێک بەناوی ئەنجوومەنی شورا دەناسرا، ئەم ئەنجومەنە بەرپرسیارە لە دیراسەکردن و پێشنیارکردنی ئەو بابەتانەی کە بە گرنگ و پێویست دەزانێت بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و پاڵپشتیکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئەمە جگە لە دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەسەر هەموارکردنی دەستوور و ڕەشنووسی ئەو یاسایانەی کە ئاراستەی دەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاساکە، و زامنێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە گشتیەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی شەرعیەتی دامەزراوە سیاسییەکان لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکی هەمەچەشن و یەکگرتووەوە کە نوێنەری گروپەکان، سەندیکاکان، بازرگانان، و ئەکتەرە ئابوورییەکانی هەموو هێڵەکان لەخۆدەگرێت. ئەمەش بنکەی دیموکراسی دەوڵەت فراوانتر و پتەوتر دەکات.

ژمارەی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە 300 ئەندامە، لەوانە (100) کورسی بە سیستەمی تاکەکەسی هەڵدەبژێردرێن، و(100) کورسی بە سیستەمی لیستی داخراوی ڕەها هەڵدەبژێردرێن و (100) کورسی لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە دیاری دەکرێن. و دەبێ بەلایەنی کەمەوە 10%ی کۆی کورسییەکان بۆ ئافرەتان تەرخان بکرێت.

پسپۆرییەکانی بریتین لە: تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی هەموارکردنەوەی مادەیەک یان چەند ماددەیەکی دەستوور، تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پلانی گشتی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پەسەندکردنی پەیماننامەکانی ئاشتی و هاوپەیمانی و هەموو پەیماننامەکانی پەیوەست بە مافە سەروەرییەکان، تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسا و ڕەشنووسی یاساکانی تەواوکەری دەستوور کە لەلایەن سەرۆکی کۆمار یان ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئاراستەی کراوە، و تاوتوێکردنی هەر بابەتێک کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنەوە ئاراستەی پەیوەندیدارە بۆ سیاسەتی گشتی دەوڵەت یان سیاسەتەکەی لە کاروباری عەرەبی یان دەرەوە.

مەرجەکانی شایستەیی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران:

هاوڵاتی میسری بێت و پابەندی سەرجەم مافە مەدەنی و سیاسییەکانی بێت.

نابێت بە بڕیاری ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران بە هەر هۆێەک متمانەی  لەدەست دابێت یان بەهۆی پێشێلکردنی ئەرکەکانی ئەندامێتی  هەڵوەشاوەتەوە.

دەبێت ناوی لە بنکەکانی دەنگدانەکانی دەنگدەران لە هەریەکێک لە پارێزگاکانی وڵات تۆمار کرابێت.

نابێت لە ڕۆژی کردنەوەی ماوەی کاندیدکردندا تەمەنی لە سی و پێنج ساڵ کەمتر بێت.

دەبێ  بەلایەنی کەمەوە خاوەن بڕوانامەی زانکۆ یان هاوتاکەی هەبێت.

خزمەتی سەربازی ئەنجام دابێت، یان بە شێوەیەکی یاسایی لێی بەخشرابێت.

شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن:

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی کاندیدە براوەکان، ئەنجومەنی پیران لە یەکەم کۆبوونەوەی یەکەمین خولی ئاسایی خۆیدا، لە نێوان ئەندامەکانیدا سەرۆکێک و دوو جێگری سەرۆک بۆ ماوەی خولی یاسادانان، بە زۆرینەی دەنگی ڕەها هەڵدەبژێرێت. بەتەمەنترین ئەندامی ئامادەبوو سەرۆکایەتی ئەم دانیشتنە دەکات. کاندیدەکان لەماوەی دیاریکردنیدا پێشکەش بە سەرۆکی دانیشتن دەکرێت و هەڵبژاردنەکە بە نهێنی و لە دانیشتنێک یان چەند دانیشتنێکی گشتیدا بەڕێوەدەچێت، بە یەکەوە بۆ سەرۆک و پاشان هەردوو جێگرەکە. سەرۆکی دانیشتن هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن ڕادەگەیەنێت، کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی دەستبەجێ ئەرکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن دەگرێتە ئەستۆ.

بەگویرەی هەواڵەکان لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێی بەهێز لە نێوان چەندین پارت و هاوپەیمانی سیاسییە بەدی دەکرێت، دیارترینیان حزبی ئایندەی وڵات"، کە ئێستا زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە. و لیستی  هاوپەیمانییەک لەخۆدەگرێت کە نزیکەی ١٢ لایەنی سیاسی پێکهاتووە، لەوانە:

حزب پارێزەری وڵات، حزبی گەلی کۆماری، پارتی میسری دیموکراتی کۆمەڵایەتی، حزبی وەفد، حزبی کۆمەڵ، پارتی داد، پێکهاتەی لاوانی پارتە سیاسییەکان.

هەڵبژاردنەکان بە تەواوی لەلایەن دەسەڵاتی نیشتمانی هەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، کە دەزگایەکی سەربەخۆیە و بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە.

جیاوازی نێوان ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران چییە؟

جیاوازی بنەڕەتی لە دەسەڵاتەکانیاندایە. ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەڵاتی یاسادانانی سەرەتاییە، بەرپرسیارە لە دەرکردنی یاسا و پەسەندکردنی بودجەی گشتی و چاودێریکردنی ئەدای حکومەت. لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پیران تا ڕادەیەکی زۆر سروشتی ڕاوێژکارییە، تایبەتمەندە بە "لێکۆڵینەوە و دەربڕینی بۆچوونەکان" سەبارەت بەو بابەتانەی کە سەرۆکی کۆمار یان ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی پێدەکەن. بۆچوونەکەی ئامۆژگارییە.

Top