کەسێکی باینجانی مەبە

کەسێکی باینجانی مەبە


(ونستون چەرچەڵ) نوسەرو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەڵێ"بڕوای تەواوم هەیە كەوا ڕاستی بەهێزترین چەكە".
گەربمانەوێ مرۆڤێكی بەهێز و ڕاستگۆ و خاوەن ڕەئی جێگیر و ڕاستی و دروست بكەین ئەوا دەبێ لە پەروەردەوە كاری پێویستی لە سەر بكەین. لە پەروەردەوە لە پڕۆگرامەكان لە قوتابخانە كە وێستگەی یەكەمی دروست كردنی مرۆڤی پاشەڕۆژە كاری ورد و پێویستی لە سەر بكرێ، كە بتوانین كەسێكی ڕاستگۆ و خاوەن ڕەئی خۆی و بوێر و متمانە بەخۆبوو و خاوەن ڕەوشتی بەرز و خۆڕاگر دروست بكەین دەبێ پەرە بە كارامەییەكانی بدەین. لە ناو پۆڵ ڕابهێنرێ گفتوگۆ و ڕاوێژ و پرسیار بكات و متمانەی لا دروست بكەین و قوتابخانە و پۆڵ بەهی خۆی بزانێ‌ و خاوەنداریەتی بكات و ڕووبەڕووی كێشەو گرفتەكان ببێتەوە، نەك بەرامبەریان ڕابكات. لە منداڵیەوە فێر بكرێ خاك و نیشتمانی خۆش بوێت و دەستبەرداری نەبێت و نەبێتە زمانحاڵ و وتەبێژی ناحەز و نەیاران، لەگەڵ ئێش و ژانی میللەتەكەی بژی و لە بەرخاتری ئەم و ئەو ڕای خۆی نەگۆڕێ و خاوەن دیسپلین و پڕەنسیپی جێگیر بێت و كەسایەتی بەهێز و جێگیری هەبێت. لەرزۆك و دەستەمۆ و ڕاڕا و زۆرڕا نەبێت، هەموو ئەوانە و زۆری تریش لە قوتابخانە لەلایەن دەستەی كارگێڕیی و مامۆستایان و پڕۆگرامەكانەوە دەتوانرێ بە ئاسانی كاری ووردو درێژ خایەنی لە سەر بكرێ، نەوەیەكی بەهێز و ڕاستگۆی وەك شاخی لێ دروست بكرێ. كە هەمیشە قورسایی و سەنگی تایبەتی خۆی دەبێت و خاوەن ڕای پێویست دەبێت لە هەر كاتێك پێویست بكات و بە ئاسانی ڕای خۆی نەگۆڕێ و بەوپەڕی متمانە و باوەڕِەوە بەرگری لە ڕایە ڕاستەكان بكات و پاڵپشتی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتییەكان بكات كە بەرژەوەندی گشتی تێدا ڕەچاو دەكرێ.
دەگێڕنەوە " كاتی خۆی پادشایەك هەبوو بە یەكێك لە دەربار و خزمەتكارەكانی خۆی گوت دەزانی حەزم لە باینجانە كابرا هەر نەیگوت بۆ هەر نەیهێشت پادشاكە زیاتر قسەكەی تەواو بكات، گوتی قوربان زۆر تەواوە جەنابت خواردنێكت هەڵبژاردووە شای خواردنەكانە باینجان هەر خۆی گۆشتە بەبێ چەوری ماسییە بەبێ ئێسك و هیچ ئازارت نادات بەرەكەتی خودایە، بەڵام پادشاكە گوتی بەوە نییە حەزم لێیەتی ڕۆژێك خواردم سكم پێ ئاوسا و ژانم گرت. كابرای دەربار و ماستاوچی گوتی نەفرەتی خودا لە باینجان بێت قوربان ئەوە كەی خواردنە ئەڵێ قوڕە لە سكی مرۆڤدا دەمێنێتەوە و ئازارت دەدات. پادشاكە پێكەنی و گوتی باشە تۆ ئێستا دەتگوت باینجان گۆشتی بێ چەوری و ماسی بێ ئێسكە و شای خواردنەكانە كەچی هەر لە دوای قسەكەی من نەفرەتت لێكرد!! كابرا گوتی قوربان من خزمەتكاری جەنابتم من خزمەتكاری باینجان نیم تۆچی بڵێی و چیت پێباش بێت من ئەوە دەڵێم، ئەو جۆرە كەسانە كارەساتن بۆ هەموو لایەك و دونیایان ناشرین و وێران كردیە نابیستێ‌ و چاوەڕێ ناكات بابەتەكە چیە دەڵێ تۆ چی بڵێی ئەوە ڕاستە.
لێڕەدا ڕاستی و ناڕاستی باش و خراپ ئەو كەسانە بزری دەكەن و دەیشێوێنن كە بەرژوەندییان لە شێواندنی ڕاستییەكاندا هەیە لەگەڵ ڕاستی خاڵی هاوبەشیان نییە، چونكە هەر لە منداڵییەوە فرچكیان بەوە گرتووە ڕاستی نەڵێن و هاوسەنگ و جێگیر و خاوەن ڕای پێویست نەبن.
لێرەدا دەبێ پەروەردە و فێركردن ڕۆڵی خۆی ببینێ لە قۆناغی بنەڕەتیەوە لە قوتابخانەوە كاری ورد لە سەر گەشەپێدان و پەرەپێدانی كارامەییەكان بە گشتی بكاتەوە. تاوەكو بتوانرێ لە داهاتوودا ئەو قوتابیە كەسێكی بەهێز و نیشتمان پەروەردە و ڕاستگۆ بەرهەم هێن و پێشەنگ و ئەمانەت پارێزی لێ بێتە بەرهەم.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top