هەمیشە خۆڕاگرى وئیرادەى بەهێزى کوردستان شکستى بەخەونى دوژمنان هێناوە

هەمیشە خۆڕاگرى وئیرادەى بەهێزى کوردستان شکستى بەخەونى دوژمنان هێناوە


کوردوکوردستان هەم جوگرافیا و هەمیشە وەک نەتەوە کەوتۆتە هەڵکەوتەکى پڕ ئاڵۆز و کێشەدا ، بەدرێژایی مێژوو لە ژێر فشارى وهێرشى داگیرکەران و دوژمنانى کوردستان بووە تا ڕاپەڕینە شکۆدارەکەى ساڵى 1991 و ئینجا دواتر بوون بە خاوەن قەوارە،پەرلەمان ، حکوومەت و فیدڕاڵى و خۆبەڕێوەبردن ، لەماوەى داگیرکاریش ڕژێمەیەک لەدواى یەکەکانى بە ڕژێمى بەعسیشەوە وێراى ئەوەى سەروەت و سامانى کوردستان بە تاڵان دەبرد و بۆ شەڕ و لەدژى گەلى کورد بەکاریان دەهێنایەوە ، بچووکترین گرنگیان بە پێشکەوتن وئاوەدانى کوردستان نەدەدا ، لەگەڵ ئازادى کوردستان و بوون بە خاوەن حکوومڕانى هەرێمى کوردستان هەنگاوەکانى ئاوەدانى و پێشکەوتن و گەشەسەندن دەستیان پێکرد ،هەڵبەتە ئەو هەنگاوانانە بە کۆسپ و ئاستەنگ نەبوو چونکە هەمیشە داگیرکەران هەوڵى تێکدان ناوماڵى کورد لەلایەک و لەلایەکى دیکەش ڕێگریکردن لە گەشەسەندنى کوردستانیان داوە
بەتایبەتى لە پاش رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و پیلانگێرى دژى قەوارەى هەرێمى کوردستان و هەوڵى داگیرکردنى کە ئەوەش چەند ساڵێک بوو پلان و نەخشەى بۆ دارێژرا بوو ، هەر لە بڕینى بەشە بودجە و مووچەى کوردستان تا گەیشتە هێرشى میلیشیایی و سەربازى و شەڕى ئابوورى .
لەدواى ساڵى 2019 و دەستبەکاربوونى ، کابینەى نۆیەم ، سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسروور بارزانى ، بە ئاراستەى هێنانەدى سەقامگیرى ئابوورى و سیاسى و گەشەپێکردنى زیاتر کوردستان چووەتە قۆناغێکى نوێیەوە و ئەویش بەڕێگەى پلان و نەخشەى ستراتیژى و بەکردەیی ، هەرچوەند ڕێگرى نەیارانى دەرەکى و بەکرێگیراوى ناوخۆی زۆریش بۆ ڕێگریکردن لە هەنگاوەکانى کراوە و بەڵام بە ئیرادەیەکى بەهێز و بیر دەوڵەتدارى و رژدبوون و سووربوون لە بەجێگەیاندنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکى کوردستان بە شێوەیەکى گشتى دابوو سەرکەوتووانە توانى قەیرانەکان تێپەڕێنێ وگەلى کورد لە قۆناغى چەقبەستوویی و گەلەکۆمەی دوژمنکارانەى نەیارانى دەرەکى و ناوخۆیی بگەێنێتە کەنارى ئارامى و دڵنییایی.
راستە دوژمنانى کورد بەڕێگەى دروستکردنى قەیرانى مووچە و دارایی هەوڵى تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و ئارامى کوردستان دەدرێت ، بەڵام سەرۆکوەزیرانى کوردستان چەندین جار دووپاتى ئەوەی کردۆتەوە ئەگەر ئیرادە و خۆڕاگرى بەهێزى خەڵکى کوردستان نەبووایە ئەو قۆناغە سەخت و دژوارە ئەستەم بوو بە ئاستەم بوو تێپەڕێت ،
بەدڵنییاییەو بونیاتنانى ژینگەیەکى ئارامى کۆمەڵایەتى و بوونى ئابوورییەکى بەهێز لە ژێر قەوارەى هەرێمى کوردستان خۆبەرێوەبەرى بەبێ باج و قوربانیدان نابێت ، چونکە ستراتیژى و سیاسەتى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان دوورمەودایە بۆ ئێستا و داهاتووى نەوەکانى ئەم گەل ونیشتیمانەیە ، بەشێوەیەک پلان و بەرنامەى بۆ دارێژراوە ئابوورى و بەرهەمى ناخۆى جوتیاران و پیشەوەران سنوورەکانیان دەرباز کردووە و گەیشتوتە بازارەکانى وڵاتانى کەندا و ئەورووپا و ئەوەش وادەکات پایەکانى ئابوورى و پیشەسازى ناوخوۆیی بەهێزتر بکات و کوردستان زیاتر بەرەو بوژانەوە و پەرەپێدان لەگشت بوارەکانى وەبەرهێنان هەنگاو بنێت و لەگەڵ ڕەخساندنى دەیان هەڵى کار بۆ چینى کڕێکار و پێشەوەرى ناوخۆیی ، بەدڵنییاییەوە هەموو ئەمانە بە ئاسانى بەدەست نەهاتوونە و بەڵکو ڕووبەڕووى دژایەتیکردن و ڕێگریکردنى گەورە بووەتەوە، بەڵام بە ئیرادەى بەهێز سەرۆکوەزیرانى کوردستان لە کۆتاییدا ئەنجامى هەبووە .
ئەوەتا رۆژ بەرۆژ پرۆژەى رووناکى و هەژمارى من و ئاو و گەشتیارى و وەبەرهێنان دەگاتە قۆناغێکى زۆر باش و پێشکەوتوو و رۆژ بە رۆژ کێشەى نەبوون ئاو بەرەو چارەسەرى دەروات ، دەیان بەنداو و پۆند بۆ چارەسەرى ئەم پرسە ستراتیژیی و نەتەوەیی دروستکراوە و یان لە جێبەجێکردن دایە ، هەموو ئەمانە ناکرێت هەروا بە ئاسانى بەسەریدا پاز بدەین و لە بەرچاوى نەگرین ، ئەگەر هەر حکوومەتێکى دیکەى جیهان بووایە بەو هەموو فشارى و قەیرانە دەستکرد و هێرش و پەڵاماردانانە لەمێژ بوو ئاسەوارەکەشى نەدەمان ، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگرى مەسروور بارزانى و بەپشتیوانى گەلى کوردستان خەونى دوژمنانى کوردستانى بۆ لە باربردن و پەکخستى بوژانەوەى کوردستان شکستى هێنا .
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت ، نەیاران و دژبەرانى بەرژوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان هەمیشە ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى کوردستان وەک هەرەشەیەک بۆ سەر ئابووریی وڵاتەکانیان دەبینن ، ئەوەتا هەموو رۆژێک پاساو و بیانوو و بەجۆرێک هێرش دەکەن سەر بەرژوەندیی و ژێر خانى ئابوورى کوردستان ، بەڵام وێراى ئەو ڕێگریانە هیچیان نەبوونە ڕێگر لە بەکەنار گەیشتنى پلان و بەرنامە سەرکەوتووانەکانى سەرۆکى حکوومەت ، بە ئیرادەى بەهێز و تێروانینان هەنگاوى کردەی وپلانى سەرکەوتووترى لە ئایندەیەکى نزیکدا موژدەى داهاتوویەکى گەش بۆ خەڵکى کوردستان فەراهەم دەکرێت و هەموو ئەو قەیرانە دەستکردە سیاسی و ئابوورییانە بەسەر هەرێمى کوردستان سەپاوە بە شکستى دوژمنانى کوردستان کۆتایی دێت .

Top