میدیای ئارناشیزم و ڕۆڵی ئاژاوە گێڕی لە کوردستان

میدیای ئارناشیزم و ڕۆڵی ئاژاوە گێڕی لە کوردستان

لەم ساڵانی دواییدا، جۆرێکی تایبەت لە ڕاگەیاندن لە کوردستاندا سەری هەڵداوە، خۆی بە "ئازادی ڕۆژنامەگەری" دادەنێت و سود لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە لە ژێر ناوی داکۆکی لەمافی تاک و کۆمەڵگە برەو بە پەیام و مەرامەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام لە بنچینەدا، لە بیرۆکەی ئارناشیزمەوە سەرچاوە دەگرن.

دەتوانین بڵێین، ئارناشیزم، وەک بیرۆکەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی، لە سەدەی نۆزدەهەمدا سەری هەڵداوە، سەرەکیترین بنەماکانی بریتین لە سەربەخۆیی تاکەکەس، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی (وەک حکومەت)، و ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان. بەڵام ئەم بیرۆکەیە جیاوازە، لەو میدیا ئارناشیزمانەی کوردستان، وێرای ئەوەی کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە، لە شۆڕش و بەرگری، هەندێک لە بیرۆکە ئارناشیستییەکان وەک ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون سەیری کراوە. بەڵام، جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ئارناشیزمی ڕەسەنی خوازی بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد و ئەو شێوازە "ئاژاوە گێڕانە"ی ئێستا کە خۆی بەم ناوە دەناسێنێت.

ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە خۆیان بە دەنگە ناڕازییەکان دادەنێن و خۆیان وەک پێشەوای مافی تاکەکەسی و دیموکراسیی لیبراڵ دەناسێنن. بەڵام شێوازی کارکردنیان زۆر جار لە بنەماکانی ئارناشیزم لادەدەن،بە تێروانینێکی توندوتیژەوە بنەمای رق سەرچاوەی سەرەکی کارکردنیانە، کەلتوری ڕق و تۆڵە برەو پێدەدەن، هیچ بوارێک بۆ جیاوازی تاک ناهێڵنەوە، کەمترین گرنگی بە مافە نەتەوەیییەکان و پێویستییەکانی نەتەوەی کورد نادەن، کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییە. بەپێی بیر و ڕای ئەم جۆرە میدیاییە سەردەمی ناسیۆنالیستی و گرنگی بەتەوە، تێپەڕیوە، ئەوەی گرنگە مافی تاکە لە کۆمەڵگەیەکی لیبڕەڵ و دیموکرات، ئەمەش تەنیا دروشممە.

ئارناشیزمەکان بە شێوەیەکی سەرەکی سود لە ناڕەزایییە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن، بەڵام زۆرجار بە بەکارهێنانی زانیارییە نادروستەکان، پانتایی چەواشەکاریی، لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن، بۆیان گرنگ نییە لێکەوتەکانی لایەنی دەروونی تاک چی بەسەردێت، ئەوەی گرنگ بێت لایەن بەشەیتانیکردنی لایەنی بەرامبەر ناشیرین کردنی هەموو جوانییەکان، بڵاوبوونەوەی ڕەشبینی، زەقکردنەوەی "کەلتوری ڕق، ڕەخنەکانیان رووخينەرن نەک بنیاتنەر و لە پێناو چارەسەر و چاکەی گشتی، دروست بوونی قەیران و دۆخی دارایی خراپ لە کوردستان زۆر برەوەی بە ئارناشیزمەکان داوە کە پەیام و ئامانجەکانیان یەکبەخەن بۆ دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بيگومان ئەم دژایەتییە زۆرجار نای شارنەوە بەئاشکرا دەیڵێن، لە کاتێکدا کە کێشە دارایییەکان بەرفراوانن، گومان هەیە لە پشتگیریی داراییی نەزانراو بۆ هەندێک لەم دەزگایانە لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی کوردستانەوە.

ئەنفالی سپی"ی بەغدا: لە دوای بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە (ئەنفالی سپی)، زۆرێک لەم دەزگایانە تەنیا سەرنجیان خستە سەر دەسەڵاتی هەرێم، بەڵام لە ڕاستییدا هیچ ڕەخنە و فشارێکیان بۆ حکومەتی بەغدا نییە، کە بەرپرسە لەبڕینی موچە و ئەو قەیرانە. تەنانەت هەندێکیان بە ئاشکرا داوای لە بەغدا کرد مووچە نەنێرێت یان قەوارەی سیاسیی هەرێم هەڵوەشێنرێتەوە، ئەمەش مەترسیدارترین، دەنگە کە ئيستا لەشەقامی سیاسی کوردستان لەڕێگای ئەو میدیانەوە دەبیسترێت، لەلایەکی دیکەوە بەشێواندنی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بەسوک سەیرکردنی ئەم مێژووە، هەوڵی بەلاڕێدابردنی دراوە، کە تەنیا لایەنی سود دوژمنانی خاکی کوردستانن،

بەهۆی بڵاوبوونەوەی سۆشیال میدیاو بێباکیی هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان، ئەم جۆرە دەزگایانە لە پەرەسەندن و کاریگەرییدان.

لە کاتێکدا ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕەخنەگرتن ستوونی سەرەکیی دیموکراسییە، پێویستە جیاوازیی نێوان ڕاگەیاندنێکی بەرپرسانە و ڕاستگۆ و "ئاژاوە گێڕ" دابنرێت. ئاژاوە گێڕ، لە ژێر ناوی ئارناشیزم و ئازادیی ڕاگەیاندن، لە ڕاستیدا هەوڵدەدات بە درۆ و چەواشەکاری و ڕەخنەی بێ بنەما، بناغە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان توندوتیژ بکات. لە کاتی ئەزمونی قەیران و نائارامی، بارودۆخی کوردستان پێویستی بە ڕاگەیاندنێکی بەرپرسانە و نیشتمانیپەروەر هەیە، نەک ئاژاوە گێڕێک کە لە ژێر ناوی ئازادیدا، لە ڕاستیدا خزمەتی دوژمنانی نیشتمان دەکات، بۆیە ڕاگەیسندنێکی بەرپرس لە پێناو چالەی گشتی پێشەواییی فکری و ڕاگەیاندنی بەرپرس لەم ڕێگایەدا گرنگە.

Top