دارستانەكان دەسووتێن، یان دەسووتێندرێن؟
خەریكە ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی نێوخۆ و جیهان دەبێتە هەواڵی ڕۆژانەی سەرچاوەكانی هەواڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لەبەر زۆر هۆی وەك دەستی تێكدەر و گوێنەدان بە ڕێنماییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی و هۆكارە سرووشتییەكانی دیكە.
ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان یەكێكە لە مەترسیدارترین ئەو كارەساتانەی لە سرووشتدا ڕوو دەدەن، ئەوەش بەهۆی ئەو وێرانكارییەی لەدوای ئاگركەوتنەكەوە بەجێ دەمێنن، وەك زیان گەیاندن بە مرۆڤ و كێڵگە و ماڵ و خانووبەرە و ڕووەك و گیانلەبەران و درەختەكان و، دەرهاویشتە گازییەكانی وەك كاربۆن مۆنۆئۆكساید و پیسبوونی هەوا و لەدەستدانی ئەو ژینگە سرووشتییانەی كە تەمەنیان هەزاران ساڵە و لە چاوترووكانێكیشدا گشتیان لەناو دەچن.
ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان چییە؟
ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان ئەو ئاگركەوتنەوە گەورانەن كە كۆنڕۆڵكردنیان لەدەست دەردەچێت و، لە ڕێگەی خۆیان و دەوروبەریاندا ڕووبەرێكی یەكجار فراوان لەنێو دەبەن و، گیای وشك و بای توندیش هاوكار دەبن لە فراوانبوون و تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەیاندا.
هۆیەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان:
هۆیەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان دوو جۆرن:
یەكەم: هۆیە مرۆییەكان: مرۆڤ خۆی هۆكارێكی سەرەكییە لە هۆیەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان لەسەر ئاستی جیهاندا، بۆیە بووەتە بەڵگەنەویست لای شارەزایانی ئەم بوارە، كە 90%ی هۆیەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان بەهۆی كاری مرۆڤەوەیە، بەم شێوانەی لای خوارەوە:
1- سووتاندنی زبڵ و خاشاك:
زبڵ و خاشاك شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، كە شارەوانییەكان بەرپرسن لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیان چ بە جیاكردنەوە، یان بە لەژێرخاكنان، یانیش بە سووتاندنیان بێت، بەڵام فڕێدانی نایاسایی زبڵ و خاشاك لە هەندێك شوێنی نزیك لە دارستانەكان و سووتاندنیان لەلایەن هەندێك كەسی نابەرپرس و، بێ گوێدانە ئاسەوارە ترسناكەكانی، دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوەیەك كە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و، تەشەنە دەكات بۆ كێڵگە و دارستانەكان.
2- ئاگری چادر و كەمپەكان:
ڕاستە كەمپكردن و چادرهەڵدان خۆشییەكی تایبەتی هەیە بۆ ئەوانەی حەز بەو كارە دەكەن، بەڵام دەبێت ئەو كەسانە لەو ڕاستییەش بگەن، كە ئەو ئاگرە چاودێری نەكراو و نەكوژاوەیەی لەدوای خۆیان بەجێی دەهێڵن، ئەنجامی زۆر مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.
3- پریشكی بزوێنەرەكان:
لەوانەیە بزوێنەری ئامێر و ئۆتۆمۆبێلەكان پریشكیان لێ بكەوێتەوە و ببێتە هۆی ئاگركەوتنەوە، هەروەها ڕووداوەكانی هاتوچۆش هەندیك جار ئاگركەوتنەوەیان لێ دەكەوێتەوە و دەبنە هۆی سووتاندنی دارستەكان.
4- جگارەكێشان:
جگارەكێشان هۆیەكی دیكەی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانە، كاتێك زۆرێك لەوانەی جگەرە دەكێشن، دوابەشی جگەرەكانیان بێ كوژانەوە، فڕێ دەدەنە سەر زەوی، بەمەش ئاگرێكی گەورە لەدوای خۆیان بەجێدەهێڵن و، زیانێكی زۆریش بە مرۆڤ و ژینگەو زیندەوەران دەگەیەنن.
5- یارییە ئاگرینەكان:
یارییە ئاگرینەكان بەتایبەت ئەوانەی لەدەستی هەرزەكار و منداڵاندان، هۆیەكی دیكەی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانە، بەتایبەت ئەو كاتانەی لەنزیك، یان لەنێو دارستانەكاندا بەكار دەهێنرێن.
6- فڕێدانی شووشە و دەبەی پلاستیك:
ئەو شووشە و دەبەی پلاستیكانەی كە فڕێ دەدرێن لەنێو وشكەڵان و دارستانەكاندا زۆر جار دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوە، بەهۆی ئەوەی كاتێك تیشكی خۆر دەكەوێتە سەریان، تیشكەكان لە خاڵێك و گۆشەیەكی تیژدا چڕ دەبنەوە و ئاگر لە پوش و كاغەزی دەوروبەر بەر دەدەن و، دواتریش تەواوی دارستانەكان دەگرێتەوە.
7- ئاگركەوتنەوەی بەئەنقەست:
ئەمەش چەند جۆرێكیان هەیە وەك:
أ- ئاگرێك كە كەسێك، یان كەسانێك لە ماڵ و موڵك و كێڵگە و دارستان و هەر شتێكی دیكەدا دەیكەنەوە، بە مەبەستی زیان گەیاندن بە خاوەنەكانیان.
ب- جۆرێكی ئاگركەوتنەوەی بەئەنقەستیش هەیە كە بكەرەكانیان مەبەستیان دەستخستنی قەرەبووكردنەوەیە لە حكومەت.
ج- بەئەنقەست سووتاندنی بەشێكی دارستانەكان لەلایەن كەسانێكەوە بۆ دابینكردنی خەڵووز و ڕەژوو لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە درەختە سووتاوەكان.
د- بەئەنقەست سووتاندنی بەشێكی دارستانەكان لەلایەن كەسانێكەوە بە مەبەستی تەرخانكردنی شوێنی دارستانەكان بۆ پڕۆژەی بازرگانی.
دووەم: هۆیە سرووشتییەكان: سرووشت وەك خۆی بەرپرسە لە ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان بە ڕێژەیەكی كەمتر و بەم هۆیانەی لای خوارەوە:
1- هەورە برووسكە: بەتایبەت ئەو جۆرەی كە پێی دەڵێن «گەرمە برووسك» كە بۆ ماوەیەكی درێژتر خاڵی دەبێتەوە و پریشكی گەرم دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە، كاتێك بەر دارستانێك دەكەوێت.
2- گڕكان: ئەو تۆپەڵە گڕانەیە كە لەكاتی تەقینەوەی گڕكانەكاندا لە ناخی زەوییەوە دێنە دەرەوە و دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوەی بەشێك لە دارستانەكان.
3- وشكەساڵی: ئەمەش هۆكارێكی یاریدەدەرە بۆ ئاگركەوتنەوە لە بەشێك لە دارستانەكاندا، بەهۆی ئەوەی لە وشكەساڵیدا زۆرێك لە ڕووەك و درەختەكان وشك دەبن و ئاسانتر دەسووتێن و یارمەتی سووتاندنیش دەدەن.
4- ڕەفتاری هەندێك لە باڵندەكانی هەڵۆ ئاسا: كە لە پێناوی ڕاوكردنی گیانلەبەرەكانی نێو دارستانەكەدا، بە دەنووكیان پارچەی دارە سووتاوەكان دەگوازنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەری ئاگرەكە فراوانتر بێت، بەمەش نێچیرەكانیان ناچار بە دەرپەڕین بكەن بۆ ئاسان ڕاوكردنیان.
ئاسەوارە وێرانكارەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان
1- گیانلەدەستدانی مرۆڤ بەتایبەتی پیاوانی ئاگركوژێنەوە و بەرگریی شارستانی.
2- سووتانی خانووبەرە و موڵك و ماڵی هاونیشتمانیان.
3- لەناوچوونی ئاژەڵی كێوی و هەمەچەشنی زیندەوەران.
4- لەناوچوونی دارستان و ڕووبەر و ڕووپۆشی سەوزایی.
5- داخوڕان و ڕووتاندنەوەی خاك بە هۆی ئاوی توند وەشێنراوی ئاگركوژێنەكانەوە.
6- پیسبوونی هەوا و كێشەی تەنگەنەفەسی و هەڵمژینی دووكەڵ.
7- لەدەستدانی سەرچاوەی بژێویی كشتیار و خاوەن كێڵگەكان.
8- زیانی ئابووری بەهۆی داواكردنی قەرەبوو لە حكومەت.
9- داخستنی پارێزراوە سرووشتی و شوێنە گەشتییارییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر.
10- تێكچوونی باری دەروونی بەهۆی دیمەنی ڕەشـــهەڵگەڕاوی دارستــانەكانەوە.
رێگەچارەكان بۆ ڕێگرتن لە ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان
1- پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەكانی ژینگە و بەرگریی شارستانی تایبەت بە ڕێگری لە ئاگركەوتنەوە.
2- ئاگاداربوون لە بارودۆخی كەشوهەوا و دووركەوتنەوە لە ئاگركردنەوە لە كاتی هەڵكردنی (با)دا.
3- وازهێنان لە جگارەكێشان لە شوێنی قەدەغەكراودا.
4- ئاگاداربوون لە ڕەفتار و یاری و گەمەی منداڵان لەكاتی گەشتوگوزاردا.
5- هەڵسەنگاندنی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان و دۆزینەوەی تاوانبارانی سەرەكیی ئاگركەوتنەوەكە.
6- بەشداریپێكردنی كۆمەڵگەی نێوخۆیی لە پاراستنی دارستانی ناوچەكانیاندا.
7- هاوكاریی نێودەوڵەتی بە تەكنۆلۆژیای نوێ بۆ ڕێگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرە سنووربڕەكان.
8- بەردەوامبوون لەسەر هۆشیاركردنەوەی هاونیشتمانیان بە زیانەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان.

عهبدولرهحمان سدیق