كۆچی گەنجانی هەرێمی كوردستان هۆكار .. دەرەنجام .. چارەسەر  

كۆچی گەنجانی هەرێمی كوردستان  هۆكار .. دەرەنجام .. چارەسەر   

 

 

ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە دیاردەی كۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە خۆیەوە دەبینێت. هەرچەندە هەرێمی كوردستان خاوەنی دۆخێكی ئەمنیی سەقامگیر و ئازادییەكی بەرفراوانی ڕادەربڕینە و هیچ جۆرە گرتن و ڕاوەدوونانێكی ئەمنی لەئارادا نییە، هەروەها دۆخی ئابووری و كێشەی بێكاری و تاوان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراقدا هێشتا باشترە، بۆیە دیاردەی كۆچ هەمیشە جێگەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بووە، بەڵام پێویستی بە شرۆڤەی زیاتری ئەكادیمییە لەلایەن سەنتەرەكانی توێژینەوە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كرداری.

 جێی ئاماژەیە ڕێژەی كۆچ لە هەرێمی كوردستان زیاترە وەك لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، سەرەڕای خراپیی دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لەو ناوچانەدا، لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە: بۆچی گەنجی كورد كۆچ دەكات، لە كاتێكدا كێشە و مەینەتییەكانی گەنجان لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی عێراق خراپترە وەك لە هەرێم؟ هەروەها كۆچبەرە نوێیەكان توانای ماددیی باشیان هەیە، كە ئەمەش لەو بڕە پارە زۆرەوە دەردەكەوێت كە بە قاچاخچییەكانی دەدەن، لە كاتێكدا ئەو گەنجە كوردەی كە توانای ماددی نییە، بیری لێناكاتەوە.

لێرەدا پێویستە هەندێك لە هۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی كۆچی گەنجانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بخەینە ڕوو:

یەكەم: هۆكارە ئابوورییەكان، لەوانە:

1- بەرزیی ڕێژەی بێكاری، بەتایبەتی لەنێو هەڵگرانی بڕوانامەی بەشە مرۆیی كۆلێژەكان، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە كۆلێجەكان وەردەگیرێن، بەبێ ڕەچاوكردنی بازاڕی كار، هەروەها هانی دەرچووان نادرێت بۆ فێربوونی پیشە ئازادەكان، شایەنی باسە لە سوید 90%ی دەرچووانی ئامادەیی بەرنامە پیشەییەكان هەڵدەبژێرن، لە بەریتانیا 95% ڕاهێنانی پیشەیی هەڵدەبژێرن و لە ئەڵمانیاش 30%، لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان زۆربەی دەرچووان ڕوو لە زانكۆكان دەكەن، ئەمەش بەڵگەی خراپیی پلاندانانە لە سیستەمی زانكۆكان و وەرگرتنی هەڕەمەكیدا.

2- لاوازیی كەرتی تایبەت لە وەرگرتنی ئەو كەسانەی بە دوای كاردا دەگەڕێن، لەگەڵ كەمیی كرێ و نەبوونی بیمەی تەندروستی بۆ كرێكاران و لاوازیی بیمەی كۆمەڵایەتی.

3- ئابووریی هەرێم ئابوورییەكی ڕەیعییە و، پشت بە كەرتی گشتی دەبەستێت.

4- گەندەڵیی دارایی و ئیداری كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان و دابینكردنی هەلی كار هەیە.

دووەم: هۆكارە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان:

1- قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن پارتە سیاسییەكان و كۆمپانیاكانی سەر بەوان، كە دەرفەتی كار تەنیا بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان دەڕەخسێنن.

2- نائومێدی و بێزاری لە سیاسەتی پارتە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكان و هەستكردن بە پەراوێزخستن لەلایەن چینێكی بەرفراوانی گەنجانەوە.

3- گوشارە كۆمەڵایەتییەكان، وەك كەمبوونەوەی خواستی گەنجان بۆ هاوسەرگیری و پێكهێنانی خێزان.

4- ڕۆڵی نەرێنیی سۆشیال میدیا لە لاوازكردنی هەستی نیشتمانپەروەری و پیشاندانی وێنەیەكی خەیاڵی و سەرنجڕاكێش لەسەر ژیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، كە دەبێتە هۆی نائومێدی و نەبوونی هیوا بە داهاتوو لە هەرێمدا.

5- ناسەقامگیریی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم، كە ئەمەش دەبێتە هۆی هەستكردن بە ناسەقامگیری، سەرەڕای هەڕەشەكانی ڕۆژانە و فشارە ئابوورییەكان.

گرنگترین دەرەنجامە نەرێنییەكانی كۆچكردن بریتین لە:

1- لەدەستدانی توانای مرۆیی گەنج.

2- كەمبوونەوەی دەستی كار و لاوازبوونی گەشەی ئابووری و مرۆیی.

3- لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری و سووكایەتیكردن بە بەها و هێما نیشتمانییەكان.

4- لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوەكانی هەرێم و، گرنگینەدان بە دۆزی سەرەكیی گەلان و بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنەكاندا.

5- هەڵوەشانەوەی پەیوەندییە خێزانییەكان، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە و بەرزیی ڕێژەی قەیرەیی.

سەبارەت بە چارەسەرە پێشنیاركراوەكان، پێموایە پێویستە ئەم چاكسازییانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن:

یەكەم: چاكسازییە ئابوورییەكان:

1- پشتگیریكردنی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان بۆ لەخۆگرتنی گەنجان.

2- فراوانكردنی ژینگەیەكی وەبەرهێنانی شەفاف.

3- هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان.

4- پشتگیریكردن و هاندانی گەنجان بۆ ئەنجامدانی كاری پیشەیی ئازاد و، كەمكردنەوەی باجی سەریان و پێدانی قەرز.

دووەم: چاكسازییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان:

1- جێبەجێكردنی حوكمڕانیی باش و شەفافیەت لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمدا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و ئیداری و جێبەجێكردنی یاسا.

2- پێدانی دەرفەتی یەكسان بە گەنجان بۆ بەشداری لە ژیانی سیاسیدا.

3- دەستوەرنەدانی كەسانی خاوەن هەژموونی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كاروباری دادگا و دامەزراوە حكوومییەكان و، دڵسۆزیی ڕەها بۆ سەروەریی یاسا.

4- پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە لە هەموو قۆناغەكانیدا.

5- هاندانی بزاڤی وەرزشی و هونەری و گرنگیدان بە كەلەپوور و، دامەزراندنی ناوەندی ڕاهێنانی پیشەیی و هونەری و ڕۆشنبیری بۆ گەنجان.

ئەوەی كوردستان پێویستی پێیەتی، بریتییە لە گرتنەبەری ستراتیژیەتێكی گشتگیر و ڕوون، بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی كۆچكردن، كە هەموو لایەنەكان و ڕێكخراوەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و سەنتەرەكانی توێژینەوە بەشداری تێدا بكەن، پێش ئەوەی كات لەدەست بچێت.

 

Top