ئەندازیار بارزان تەیار : پڕۆژە ستراتیژییەكانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كەرتەكانی بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵییان بووژاندووەتەوە

ئەندازیار بارزان تەیار :  پڕۆژە ستراتیژییەكانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كەرتەكانی بازرگانی و گەشتیاری و كشتوكاڵییان بووژاندووەتەوە

 

 

 ڕێگاوبانەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، گۆڕانكارییەكی باشی بە خۆیەوە بینیوە، ئەمە وێڕای هەموو ئەو قەیران و ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی كابینەكە بووەتەوە، بەتایبەتی كە باشكردنی ڕێگاوبانەكان و دروستكردنی ڕێگای ستراتیژی و پێشكەوتوو لە ئاست ستانداردی جیهانی، بوودجە و پارەیەكی زۆری دەوێت. من ئەگەر باسی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكەم، وەكو یەكێك لە شارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان كە كەرتی ڕێگاوبان لەم شارەدا بووژانەوەیەكی باشی بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە هاتووە كە كەرتی ڕێگاوبان ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی لە لای خودی هاووڵاتی و ژیان و بژێوی و ئابووری هەیە. لە شارێكی وەكو زاخۆ بە ڕێگاوبانە جوانەكانیەوە كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵی و بازرگانی بەرەو پێشەوە چووە، بەتایبەتی كە ئەم شارە و سنووری ئیدارە نوێیەكە كەوتووەتە سەر شادەماری ڕێگای ستراتیژیی هەرێمی كوردستان بەرەو دەرەوە، بۆیە بە هۆی پێشكەوتنەكانی ڕێگاوبانەوە لە زاخۆ، كەرتەكانی دیكەش بووژانەوەیەكی نوێیان بە خۆیانەوە بینیوە و بەرەو پێش چوون.

لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ڕاستەوخۆ پاش دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی زاخۆ، كاری باش كراوە و هەر شەقامێك كێشەی هەبووبێت كە ببێتە هۆكاری ئەوەی ڕووداوی تێدا ڕوو بدات، بەڕێوەبەرایەتییەكەمان وەك ستافێك سەردانی ئەو شوێنەی كردووە و چارەسەری كردووە. ئەوەی پێویست بووبێت لە زاخۆ كراوە، هەر لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و هاتوچۆ تاوەكو دانانی هێما و تابلۆی ڕێنیشاندەر و چارەسەركردنی ئەو چەند حاڵەتانەی پێشتر هەبووە، ئەمەش هەمووی لە پێناو ئەوەی ژمارە و ڕێژەی ڕووداو و كارەساتەكانی هاتوچۆ كەم بكەینەوە و خزمەتگوزارییەكی باشتریش بۆ هاووڵاتیان پێشكەش بكەین. بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگییەكی تەواو و باشمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ هەیە، كە هێماكانی هاتوچۆ بۆ ئەو شەقامە تەرخان بكرێن، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەك پڕۆژەی ڕێگاوبانی بەرچاویش هەیە، هێمای باشی هاتوچۆش بۆ ڕێگاوبانەكان دانراون بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوانە كەم ببنەوە و شێوازێكی جوان و شارستانی ببەخشێتە ئەم شەقام و ڕێگایانە.

 

 

Top