هێژا محەمەد تۆفیق جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ كاروباری تەكنیكی:   لە ناو زاخۆ و ڕێگای سەرەكییەكانی نێوان زاخۆ و قەزاو ناحیە و گوندەكانی بڕی 470 كم ڕێگای سەرەكی و شەقامی ناوخۆییمان دروست كردووە

هێژا محەمەد تۆفیق  جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ كاروباری تەكنیكی:     لە ناو زاخۆ و ڕێگای سەرەكییەكانی نێوان زاخۆ و قەزاو ناحیە و گوندەكانی بڕی 470 كم ڕێگای سەرەكی و شەقامی ناوخۆییمان دروست كردووە

 

 

هێژا محەمەد تۆفیق، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە بۆ كاروباری تەكنیكی و لە ساڵی 2005 كۆلێژی ئەندازیاری بەشی شارستانی لە زانكۆی دهۆك تەواو كردووە و لە ساڵی 2007یشەوە كاری ئەندازیاری لە قایمقامیەتی قەزای زاخۆی كردووە و لە ساڵی 2022یشەوە كە بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زاخۆ كرایە ئیدارەی سەربەخۆ، بووەتە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. لە گفتوگۆی ئەمجاری «بازنەی گفتوگۆ»دا (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ)، بە زمانی داتا و ژمارە باسی پڕۆژەكانی ڕێگاوبانی لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و بەمجۆرە پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستەڕوو.

 

سەرەتا سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە ئەم گفتوگۆ گرنگەی لەسەر پڕۆژەكانی ڕێگاوبان لە هەرێمی كوردستان ڕێك خستووە، بۆیە ئەم گفتوگۆیە وەك دەرفەتێك وەردەگرەم، كە بتوانم باس لەو پڕۆژانە بكەم كە لەدوای بڕیاری بوونی زاخۆ بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ لەم دەڤەرە جێبەجێ كراون.

لەدوای بوونی زاخۆ بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ زیاتر لە 362 پڕۆژە لە هەموو سێكتەرەكانی «تەندروستی، خوێندن و خوێندنی باڵا، شارەوانی و ڕێگاوبان جێبەجێ كراون، هەروەها 19 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە و لە ئێستا هاوكات لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی كە حكومەت جێبەجێیان دەكات، 51 پڕۆژە لە كەرتی وەبەرهێنانیش لە جێبەجێكردان.

سەبارەت بە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئێمە دوو جۆر پڕۆژەی ڕێگاوبانمان هەیە، یەكەمیان «پڕۆژەی ڕێگاوبانی دەرەكی» و دووەمیان «پڕۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامە ناوخۆییەكان»ـە و لەم دوو بوارەدا پێكەوە 163 پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە، زۆرێك لەو پڕۆژانە تەواو كراون و ئێستا خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیان، ئەو بەشەی كە ماوە، كاری تێدا دەكرێت.

پلان و بەرنامەی ئێمە وەك ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەو جۆرەیە كە هەوڵمان داوە، پڕۆژەكان بە ئاستی ستاندارد و هەمەلایەن و موتەكامیل بن، ئەگەر پڕۆژەی شەقامە ناوخۆییەكانی ناو شار بن هەوڵمان داوە، شێوازی دروستكردنی شەقامەكان و شێوازی قیڕكردنەكەی بە ئاستی ستانداردی ئەندازەیی بێت، شۆستە و دوورگەی ناوەندی، سەوزایی و ڕووناكی بۆ دابین بكرێت، بە هەمان شێوە لە پڕۆژەی ڕێگاوبانە دەرەكییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشدا، هەمان ئاستی ستانداردی ئەندازەیی ڕەچاو كراوە و ڕێگەكان زۆر بە باشی و سەردەمیانە دروست كراون و گاڕدڕێڵ و هێماكانی هاتوچۆیان بۆ دانراوە و هەتا ئێستا توانیومانە:

1. بە دریژایی 185 كم شەقامە ناوخۆییەكانی ناو زاخۆ قیڕتاو بكەین.

2. پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بە ڕێژەی 65% شەقامە ناخۆییەكانی ناوشار قیڕتاو نەكرابوون، ئێستا ئەم ڕێژەیە دابەزیوە و بەتەنیا 15%ی شەقامەكان ماون كە قیڕتاویان بكەین.

3. توانیومانە بە درێژایی 285 كم ڕێگای سەرەكیی نێوان شاری زاخۆ و قەزا و ناحیە و گوندەكان دروست بكەین، یان نۆژەنمان كردوونەتەوە، كە كۆی دروستكردنی شەقامە ناوخۆییەكان لە ناو زاخۆ و ڕێگای سەرەكیەكانی نێوان زاخۆ و قەزاو ناحیە و گوندەكانی بڕی 470 كم ڕێگای سەرەكی و شەقامی ناوخۆییمان دروست كردووە.

4. بە بڕی 15 هەزار مەتر دووجا بۆیاخكردنی هێڵكاری بۆ پەڕینەوەی پیادە لە شەقامەكان و 494 هەزار مەتر بویاخكردنی هێڵكاری بۆ شەقامەكان كراون.

5. 12100 كەلوپەلی هاتوچۆی ئەندازەییمان دابین كردووە.

6. لەسەر ڕێگا سەرەكییەكان بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان 9045 هێمای هاتوچۆمان داناوە.

بۆ زیاتر پێشخستنی شێوازی كاركردنی كەرتی ڕێگاوبان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەندازیاران، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەم هەنگاوانە گیراونەتەبەر:

• هەتا ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگا و پردەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەشت خولی ڕاهێنانی ئەندازەیی لە بواری ڕێگاوبان لە بوارەكانی تایبەتمەندی و دیزاین بۆ ئەندازیاران كراونەتەوە.

• كۆمپانیا بەڵێندەرەكانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بەپێی پڕۆگرامی كۆمپانیای «باش و خراپ» هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، ئەمەش یەكەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پڕۆگرامی پۆلینكردنی كۆمپانیاكان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەكرێت.

• پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان كاتێك لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەخەمڵێنرێن و دیزاین دەكرێن، دواتر لەلایەن كۆمپانیای ڕاوێژكاری ئەندازیارییەوە وردبینییان تێدا دەكرێت، ئەوجا لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە پەسەند دەكرێت.

• بە مەبەستی وردبینیكردن لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆی زاخۆ و كۆمپانیا ڕاوێژكارییە ئەندازیارییەكان گرێ داوە.

• بەڕێوەبەرایەتیی هاتۆچۆی زاخۆ هێماكانی هاتوچۆ و ڕێنماییەكان تایبەت بە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بە شێوەیەكی سەردەمیانە دیزان دەكات و دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتۆچۆ بۆ سەلامەتیی هاوڵاتیان لەسەر ڕێگەكە دادەنرێن.

• لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لێژنەیەك بۆ ڕێكخستنی هاتوچۆ هەیە كە پێكدێت لە «بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، سەرۆكایەتیی شارەوانی، بەرێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و...هتد».

• ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە بەردەوامی هەوڵی داوە، هێماكانی هاتوچۆ چاك بكاتەوە و پاكیان بكاتەوە و هەروەها نەخشەكاریی شەقامەكانیش بەردەوام بۆیاخ بكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە بۆ ڕێگرتن لە قەرەباڵغی و جەنجاڵیی شەقامەكان و ڕێگا سەرەكییەكانی دەرەوە، هەوڵمان داوە، ترافیك لایت نەهێڵین و لەبری ئەمە چەندین ئۆڤەر پاس و ئەندەر پاس دروست كراون، هەندێك شوێنمان كردووە بە «یو تێرن» بۆ ئەوەی خزمەتی ئەو ئامانجە بكات و جەنجاڵیی شەقام و ڕێگاكان كەم ببێتەوە، شەقامەكانی ناو زاخۆ پێشتر تەسك بوون، ئێمە هەوڵمان دا شەقامەكان فراوان بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ترافیك لایت هەڵبگرین و فولكەی بازنەیی لێ دروست بكەین.

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چەند ڕێگایەكی سەرەكی هەن كە دەتوانین بڵێین ئەو ڕێگایانە خزمەتی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات، یەكێك لەوانە ڕێگەی سەرەكیی ئیبراهیم خەلیلە، هەروەها ڕێگەیەكی دیكەی سەرەكی دەستی پێكراوە، بەڵام بەداخەوە ماوەیەك ڕاوەستا، بەڵام هەر لەم گفتوگۆیە بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دهۆك ئاماژی پێكرد، دووبارە كاركردن لەو پڕۆژە گرنگەش دەستی پێدەكرێتەوە، ئەم ڕێگەیە لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەچێت بۆ فیشخاپۆر و لەویشەوە دەچێتە سەر ڕێگەیەكی نێودەوڵەتی و دەچێتەوە بۆ دهۆك. هەروەها تونێلی زاخۆ كە یەكێكە لە تونێلە جوانەكانی كوردستان، بە شێوازێكی زۆر مودێڕن و ستانداردی نێودەوڵەتی دروست كراوە، بۆ ڕێگەیەكی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، لەبەردەم ئەم تونێلە شەقامێكی دوو سایدیی زۆر جوان دروست كراوە و بە ستانداردی ڕێگاوبانی نێودەوڵەتییە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەكەوێتە ناو شارەوانیی زاخۆ وەك شەقامی ناوخۆیی دروگەی ناوەندی كراوە بە سەوزایی و داری تێدا چێنراوە و هۆیەكانی ڕووناكی بۆ دابین كراوە.

دەڤەری زاخۆ جیا لەوەی دەڤەرێكی سنوورییە، لە هەمان كاتدا ناوچەیەكی گەشتیاریی زۆر جوان و گرنگیشە، بۆیە چەند ڕێگاوبانەكانمان باش و ستاندارد بن، ئەوەندەش زیاتر كەرتی گەشتوگوزاری پێش دەكەوێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دابینكردنی سەدان و هەزاران هەلی كار بۆ هاووڵاتیان، بۆیە لەم لایەنەوە ڕێگاوبانەكان گرنگیی زۆریان هەیە.

بێگومان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئێمە پلان و بەرنامەمان بۆ پڕۆژەی زیاتر لە هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم گفتوگۆیە تایبەتە بە پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان، بۆیە تەنیا ئاماژە بەو پڕۆژانە دەكەم كە بۆ داهاتوو لە بەرنامەی و پلانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدایە:

• پلانمان داناوە كە چەندین فلای یوتێرن «Fly –U-Turn» و ئەندەرپاس لەسەر ڕێگەی سەرەكیی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دروست بكەین.

• رێگایەكی دووساید لە نێوان قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای باتیفە دروست دەكەین، كە درێژیی ئەم ڕێگایە 17 كیلومەترە، كە جیا لەوەی قەزای باتیفە بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گرێ دەداتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێتە ڕێگەیەكی گرنگ بۆ بازرگانی، كشتوكاڵ و گەشتیاری.

• شەقامی 60 مەتری بازنەیی زاخۆ كە درێژییەكەی 58 كیلۆمەترە، لە قۆناغی یەكەمی كە 11 كیلۆمەترە دیزاینەكەی تەواو بووە، ئەم شەقامە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەكان و بە تەواوبوونی دەبێتە هۆكاری ئەوەی چوار دەوری ئەو شەقامە بازنەییە ستراتیژییە بكرێتە پڕۆژەی وەبەرهێنان، ئەمە دەبێتە هۆیەك بۆ بووژانەوەی بازرگانیی ئەو دەڤەرە.

• ڕەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆی ڕێگەی سەرەكیی نێوان دهۆك – زاخۆ دراوە و بڕیارە بە زووترین كات بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

• بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە، ڕاپرسییەكیان ئەنجام داوە، سەبارەت بە دانانی سیستمی گواستنەوەی گشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئێستا لەسەر ئاكامی ڕاپرسییەكە لێكۆڵینەوە دەكرێت.

Top