گەردوون عوسمان چالاكی بواری هاتوچۆ: تاسەكان بە شێوازێكی هەڕەمەكی دانراون و لەگەڵ پانی و درێژی و خێرایی ڕێگاوبانەكاندا ناگونجێن

گەردوون عوسمان  چالاكی بواری هاتوچۆ:  تاسەكان بە شێوازێكی هەڕەمەكی دانراون و لەگەڵ پانی و درێژی و خێرایی ڕێگاوبانەكاندا ناگونجێن

 

 

لە هەرێمی كوردستان لێرە و لەوێ چەند ڕێگاوبانێكی باش دروست كراون، بەڵام هێشتا ڕێگاوبانەكانمان بەپێی پێویست نین و ساڵانە چەندین قوربانی لێدەكەوێتەوە. هەرچەندە هەموو ڕووداوەكانی هاتوچۆ هۆكارەكەی ڕێگاوبانەكان نییە و كۆمەڵێك سێكتەری دیكەمان هەیە لە هاتوچۆدا كە پێویستە چارەسەر بكرێن، بەڵام هێشتا ڕێگاوبانەكان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ڕووداوەكان. ئێمە بۆ كەمكردنەوەی قوربانیی هاتوچۆ پێویستمان بەوە هەیە، شوفێرێكی باش بەرهەم بهێنین، لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا ئێمە بە دوو سیستەمی مۆڵەتی شوفێریی دەدەین بە هاووڵاتییان، كە هیچی لەگەڵ تاكی كوردی و كەشوهەوای كوردستان و جۆری ئۆتۆمبێل و كوالێتیی ئەم مۆڵەتانە ناگونجێت. كەواتە:

 یەكەم خاڵ: دەبێت ئێمە مۆڵەتی سیستەمی شوفێری بە كوردی بكەین.

دووەم خاڵ: ڕێگاوبانەكانمانە؛ دەبێت ڕێگاوبانەكانمان بەو شێوازە دیزاین بكرێت، كەوا نەرمی نواندنێكی تێدا بێت، لە كاتی هەڵەی شوفێرێكدا كە دەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی قوربانیی هاتوچۆ كەم بكاتەوە. هەڵبەت هۆشیاریی هاتوچۆمان هەیە، هێما و هێڵكارییەكانمان هەیە، كۆمەڵێ بابەتی دیكەش هەن، دەبێت كار لەسەر ئەو پاكێجانە بكرێت، بۆ ئەوەی قوربانیی هاتوچۆ كەم بكرێتەوە. بە تەنیا سێكتەری ڕێگاوبان ناتوانێت قوربانیی هاتوچۆ كەم بكاتەوە. هەڵبەت ئێمە لە سەرەتای دروستبوونی هەر شوفێرێك، یان هەر فێرخوازێك كە دەبێت بە شوفێر، بۆ جووڵاندنی ئۆتۆمبێلەكەی چەند خولەكێكی بەسە فێری هونەری شوفێریكردن بێت، هەمیشە وەڵامەكانی پرسیاری شوفێر لە هێما و هێڵكارییەكانی سەر شەقامەكان وەردەگیرێتەوە. هەموو ئەم هێما و هێڵكارییانەی سەر شەقامەكان بەڵگەیەكن بۆ ئەوەی شوفێر بتوانێت بە ڕێگەیەكی تەندروست و بەپێی یاسا و ڕێساكانی هاتوچۆ شوفێری بكات، كەچی بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان هێماكان بەپێی پێویست نین. ئەگەر سەرنج بدەین لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە هیچ كۆڵانێكماندا هێمامان نییە. تەنیا لەسەر ڕێگاوبانەكان و شەقامە سەرەكییەكان هەمانە، تەنانەت هێمامان هەیە لە شوێنی هەڵە دانراوە، لە كاتێكدا ئەو هێمایە نەبێت باشترە لەوەی هەبێت، زۆرجاریش هێماكان ڕەنگەكەی بە پێچەوانەوە دانراوە. هەڵبەت ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باكگراوندێكی كەم ئەزموونیی بەشەكانی ئەندازە و ئەوانەی لە بەشی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆن، كەوا ئەو هێمایانە وەك خۆی دایاننەناوە، یان بە شێوەی هەڵە دایانناوە، یان كەموكووڕیی تێدایە. تەنانەت دانانی تابلۆكانیش لەگەڵ خێرایی شەقامەكە و بەرز و نزمیی هێماكە ناگونجێت، خۆ ئەگەر باسی تاسەكان بكەین، ئەوا بە شێوەیەكی وا هەڕەمەكی دانراون، كە لەگەڵ شێوەی زانستی خۆی و لەگەڵ پانی و درێژیی ڕێگاوبانەكە و لەگەڵ خێراییەكەیدا ناگونجێت.

ئێمە ئەگەر باسی شاری سلێمانی بكەین، كە خەریكە نیوەی ڕێگای خێرا تەواو بێت، ئەمە كارێكی باشە. ئەگەر باسی شاری هەولێریش بكەین، ئەویش كۆمەڵێ ڕێگای چاكی تێدا كراوە، بەڵام لێرە و لەوێ كەموكووڕیی تێدایە. بۆ نموونە بۆچی لە ڕێگای سلێمانی- هەولێر ئۆتۆبانێكمان نەبێت؟ ئێمە لە هەرێمی كوردستان هاتوچۆی گشتیمان سفرە، یان زۆر زۆر لاوازە. بۆ نموونە ئێمە لە نێوان شارەكاندا هاتوچۆی ئاسمانی و ئاوی و شەمەندەفەرمان نییە، بۆیە هاووڵاتییان زیاتر تەركیزیان لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیانە كە بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێگایانەی هەرێمی كوردستان بە پێ و شێوەی پێویست نین. بە هیوای ئەوەی ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان لە شار و شارۆچكەكان و گوندەكان و شەقامە سەرەكی و لاوەكییەكانی ناو سەنتەری شارەكانیش باشتر بكرێن.

 

Top