ئامانجی به‌غدا نەهێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌

ئامانجی به‌غدا نەهێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌


بەچەند قۆناغێکی بۆ داڕێژراو سیستماتیک هەرێمی توشی قەیرانی دارایی کردووە. ئامانج نەهێشتنی قەوارە و سیستەمی فیدراڵی و نەهێشتنی حکومەتی هەرێمە. هەموو جۆرە قەیرانەکان یەخەی عێراقی گرتووە بەڵام کێشەی کورد نەبونی دەوڵەتە بۆیە بەچەند قەیرانێک سەختیەکان زەق بونەتەوە. خۆڕاگری هەرێم و گەلی کورد بەم زروفە تاڵ و سوێرەوە یەکێکە لە نیشانەکانی شۆڕشی بەهێزبونی ئیرادەی گەل بۆ ئایندەیەکی گەشتر. ناکرێت ئەم ئیرادە سست و لاواز بکرێت. هەر شرۆڤەیەک مانای ئەوە نیە سەد دەر سەد سیاسەت و بارو دۆخەکە بەو ئاراستە بڕوات. چونکە گەمەی سیاسی وڵاتانی زلهێز ڕۆڵ دەگێڕن بۆ پێچەوانە کردنەوەی هەر هەوڵێک بەدڵیان نەبێت. مەبەست ئەوەیە بۆچونەکان ڕاستن هەن هەوڵیان بۆ دەدرێت. ئەگەر واش دەرنەچوو هەوڵێک دراوە بۆ وەستاندنی. گرنگ ڕوداوەکان بە تیژی تێدەپەڕن و بابەتی نوێ سەر هەڵدەدات. عێراق نەخشەیەکی کێشاوە بۆ ئەوەی هەرێم بخاتە تەڵەوە. ئەوەش بۆ بژاردەکانی هەرێم بە هەڵگیرسانی شەڕ یا دوبارە کردنەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠١٧ ئەوکات بەو هۆیە دیسان ئێران و تورکیا سنورو ئاسمان دائەخەن و دژایەتی دەست پێ دەکەنەوە. کوردیش هیچ تەجروبەی وەرنەگرت لەم ڕابردوە بتوانێت دوو مانگ ئیدارەی خۆی بدات. پشت بەستن بە ئەمەریکا زۆر کاریگەر نیە چونکە وەک ئێستا داوا دەکات ڕێک بکەون. ئەوەی ڕێڕەوی سیاسی و ناوچەکە دەگۆڕێت تەنها زلهێزەکانە پێیان دەکرێت. کەواتە کورد دەبێت دوای ڕوداوەکان بۆ خۆی سود ببینێت نەک خۆی بکاتە سوری بەر لەشکر و دەست پێش خەربێت. لە ئێستادا لە ژێرەوە ئێران بۆ مانەوە و سەقامگیری هەوڵدەدات. مانەوەی ئێران یانی بەهێزی پێگەی ئەمڕۆی عێراق دێت. بەڵام کەس ناتوانێت پێشبینی بکات بڵێت مانگێکی دیکە چی دەگوزەرێت. لەو ماوە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵات دەشەڵەقێ و تاو دەگرێ. یاخود دەبێتە بەستەڵەک و کەف و کوڵیی شەڕ دەنیشێتەوە. شرۆڤەکاران ئەوە دەڵێن جیهان دەزانێت ئێران مەترسیە بۆ ئێستاو ئایندە. بەڵام پتر لە سی ساڵە ئێران ژێرخانی چەک و هێزو پێگەی قایم دەکات لە جێگا سەختەکان لەم ڕۆژە ترساوە. عێراق تەنها بە برسیکردن ڕێگای نەگرتوە بەڵکو کاری بۆ گروپی سیخوڕی و کڕینی میدیا و بڵاو کردنەوەی ترس و تۆقاندن و شەڕی دەرونی و ئابوری دەست پێکردوە بەرانبەر هەرێم. ئەوەی ئیسرائیل و ئەمەریکا کردیان بەرانبەر ئێران و یەمەن و لوبنان و سوریا شەڕی تەکنەلۆژیا بوو. بەڵام شەڕی ئێستا عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان جۆرە شەڕێکی تازەیە شەڕ بەرنامە بۆ داڕێژراوە بەدەستی دەرەکی.
کۆیلەکان کاتێک دژایەتی نەمانی قەوارەی هەرێم دەکەن و کوێرانە هەموو پەلامارو موچە بڕین و دژایەتی ناوەند بەسەر هەرێم بە ڕەوا دەبینن. لە کۆتاییدا مایە پوچ دەبن هیچیان بەدەستەوە نامێنێ چونکە ناحەقیەکان بێبنەمان و لای کوردو کوردستانیش فیتنە و ئاژاوەچی و نۆکەری بێگانەن ڕۆژانێک دێت منداڵەکانیان شەرم دەکەن لە خۆ ناساندنیان.
کۆیلەکان لە هەڵبژاردنەکان دەرناچن لە هەرێم. دەچن کار بۆ تێکدان و ڕاپۆڕتی درۆ و ساخت دەبەن و ناکۆکی و فیتنە دروست ئەکەن لەنێوان بەغداو هەرێم . وادەزانن دەسەڵاتی هەرێم دەڕوخێ و جەنابیان ئەبنە شوێن گرەوە. دڵنیابن ئێستا قسەیان لێ وەردەگرن لەبەر ئەوەی هەرێم خاوەنی هێزو ئیرادەو بونە. کاتێک ئەم هێزە لاواز بێت ئەوانیش حسابی هیچیان بۆ ناکرێت و کلکیان ئەگرن و دوریان ئەخەنەوە. تەنها ڕیسواییان بۆ ئەمێنێتەوە.
ڕاستە چەند دژایەتی بۆ چونێک هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم. ئەوەش وای دەبینن لەم قۆناغەدا هەرێم ناتوانێت بڕیای قورس بدات. چونکە وڵاتانی چوار پارچە کلکیان قیت کردوەتەوە بۆ شاخ وەشاندن ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان سیناریۆی ٢٠١٧ دوبارە بکاتەو. وەک دەبینین لەئێستادا ئێران کە هێزو گوڕی تێدا ماوە نیوەی وزەی خۆی خستوەتە کار بۆ ئەوەی هەرێم هەنگاوێک پێش نەکەوێت لە ئێستادا. تاکو ئێران نەڕوخێت کورد ناتوانێت گەشە بکات. ئەگەر ئێران هەرس بێنێت و ببێتە چەند هەرێمێک ئەبێت تورکیاش چاوەڕوانی مەرگی خۆی بکات. پاش پاکتاو کردنی ئەم دەسەڵات و ڕژێمانە ئەوکات کورد دەتوانێت ئەسپی خۆی تاو بدات بەڵام تا ئێستا ئاسۆ ڕون نیە. بارو دۆخی ڕۆژ هەڵاتی ناوین بەم شێوە بمێنێتەوە ئەمەریکا تەنها دەتوانێت ناوبژیوان بێت و کەسیش بەقسەی ناکات. هەربۆیە مانەوە گرنگترە لەم قۆناغەدا. زۆر جار گوتراوە لە ئەگەری دۆڕانی قومار بە مایەی خۆتەوە هەڵسیتەوە هەر براوەی. چونکە کێ دەزانێ ئایندە دەرفەتی باشترت بۆ ناڕەخسێنێ. ئەوکات کورد دەتوانێت حساباتی خۆی بخاتەوە سەر تاوڵەی گفتوگۆکان بۆ ئەوانەی لەدەستی داوە بیهێنێتەوە..

Top